'بابەتەکە تەنیا قژی ئێمە نەبوو'

سروە ئەحمەدی کە ساڵی رابردوو ناچاربوو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو سویسڕا کۆچ بکات، وتی، "بابەتەکە تەنیا قژی ئێمە نەبوو. بابەتەکە لە هەمان کاتدا ناسنامەی ئێمەبوو وەک کورد و وەک ژن".

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ساڵی ٢٠٢٢ لە گەشتەکەیدا بۆ تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە پاساوی ئەوەی 'قژی دانەپۆشیوە' دەستبەسەر و گواسترایەوە بۆ بنکەی پۆلیس. دوای چەند کاتژمێر مانەوەی لە ژێر چاودێری پۆلیسدا، لەهۆش خۆی چوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و پاش دێ رۆژ لە نەخۆشخانە ژیانی لەدەستدا. دوای کوژرانی ئەو کچە کوردە ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها لە چوار لای جیهان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیان بە بەرخودان کرد. ئەو دروشمە لە چیاکانی کوردستان پێشخرا؛ دروشمی کۆمەڵگای ئازادە بە گوێرەی پاڕادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن. دوو ژنی کورد بە ناوەکانی رەزایی و ئەحمەدی کە بە هۆی گوشارەکانی ئێرانەوە ناچاربوون بەرەو سویسڕا کۆچ بکەن و ئێستا لەوێ تێدەکۆشن، قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

ناسنامەی کورد و ژنبوون

سروە ئەحمەدی کە ساڵی رابردوو ناچاربوو بەرەو سویسڕا کۆچبەر بێت، لە ئەوروپا بەشداری لە سەرجەم چالاکیەکانی پەیوەست بە ژینا ئەمینی کردووە. سروە ئەحمەدی ئەوەی خستەڕوو کە هەموو جارێک فرمێسک هەڵدەڕێژێت و جارێکی دیکە تێگەیشتووە کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی چەندە بۆ ژنان گرنگە و بەم جۆرە دوا: "وەک پەنابەر هاتین، مەودایەکی زۆر لە خاکی خۆمان دوورکەوتینەوە. دوورنەبوو من لە بری ژینا بکوژرامایە. بابەتەکە قژی ئێمە نەبوو. کێشەکە ناسنامەی ئێمە بوو وەک کورد و وەک ژن. هەڵبەت لەو خۆپیشاندانانەدا ژنانی فارسیش کوژران و زیندانی کران. تێکۆشانی ئەوان لە هەمان کاتدا تێکۆشانی ئێمەیە، بەڵام دەبێت لە سەرووی کوژرانی ژنان لەو بابەتە بڕوانین".

چارەنووسی ملیۆنان کەس

ئەحمەدی ئەوەی خستەڕوو، بابەتێک لە ژێر ئەو سێ وشەیەدا کە تا دەتوانن هاواری بۆ دەکەن، چارەنووسی ملیۆنان ژنی کوردە و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "کاتێک لەوانەم دەڕوانی کەلەگەڵ مندا هاتبوون بۆ خۆپیشاندان، بینیم ئەو ژنانەی کە لە سویسڕا دەژین، هیج داواکارییەکیان لە داواکاریەکانی ئێمە جیاوازتر نییە. ئەو ژنانەی لە ژێر بەرگێکدا کە پێی دەوترێت دیموکراسی، لە باشترین وڵاتانی ئەوروپیش، هەر پلە دوون. لەبەر ئەوەی ئەو کێشەیە جیهانییە. خاڵی هاوبەشی ئێمە و ئەو ژنانەیە کە شان بە شانی یەک بە دەوری ئەو دروشمەوە کۆبووینەوە. من لەو بڕوایەدام کە ئەم جوڵانەوەیە گەورەتر دەبێت".

مانیفیستە بۆ هەموو نەتەوەکان

عەفرین رەزایی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەها ئەندامی بەرێوەبەری رێکخراوی تێکۆشانی ژنان و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنانە. وەک ئەحمەدی ئەویش بە ناچاری ساڵێک بەر لە ئێستا رووی کردووەتە سویسڕا. رەزایی وتی، "بە بڕوای من ئەوە تەنیا کۆنسێپتێک و دروشمێک نییە، مانیفیستی ئازادی ژنانە، مانیفیستی سەرجەم ئەو نەتەوانەیە کە لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و بەدەستهێنانی سەربەخۆییدا تێدەکۆشن. ئەوەش بەو واتایەیە کە مانیفیستی رزگاری ژنان بەو رادەیە پڕ و دەوڵەمەندە کە نەتەوەیەکی ئازادیخواز دەتوانێت مافەکانی خۆی تێدا ببینێتەوە".

'گورزێکی کوشندەیە لە سیستم'

رەزایی ئەوەی خستەڕوو کە سەرچاوەی ئازادی ژنان و ئازادی کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەکە کە ژنان لە بڕیارە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیەکاندا بەشداربن و وتی، "ژن، ژیان، ئازادی لە هەمان کاتدا مانیفیستە لە دژی کۆلۆنیالیزم و داگیرکەری و لە درێژەدا وتی، "ئەوە گورزێکی گورچکبڕ و کوشندەیە لە سیستمی دیکتاتۆری و باوکسالاری. لەبەر ئەو هۆکارەش دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە، تێکۆشانی ئازادی ژنان وەک شەپۆلێک هاتە ئاراوە. دواتر رژێمی فاشیستی ئێران شارەکانی گۆری بۆ گۆڕەپانی شەڕ. بە دڵنیاییەوە دوژمنانمان، واتە دەوڵەتانی فارس، تورک و عەرەب هەوڵ دەدەن ئەو چەمکە لەناو ببەن. بەڵام دەبینین کە پێچەوانەی ئەوەی تا دێت بەرینتر و فراوانتر دەبێت. ئێستا ئەو مانیفیستە جیهانیە بووەتە چەکێکی بەهێز.

لە کتێبەکانی رێبەر ئاپۆوە تا جیهان

هەرچەندە ئەو دروشمە ماوەیەک تەنیا لە کتێبەکانی رێبەر ئاپۆدا و لە ناوچەکانی سنە و سەقز و کوردستان لەسەر تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنان دەنگی دەدایەوە، بەڵام ئێستا لە هەموو جیهان دەنگ دەداتەوە. لەمڕۆدا بووەتە مایەی یەکگرتووییەکی گەورە. ئەوەش ئاستی وشیاری  داواکاری کۆمەڵگەی رۆشنبیرانی کوردستان دەردەخات. داواکاری ژنان لە کوردستان بە گشتی و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستهێنانی مانیفیستۆی ئازادی ژنانە. لەبەر ئەوەی دەزانن کە بە گوێرەی مانیفیستۆی داڕشتنی یاساکان، دەتوانرێت لە سیستمی تۆتالیتەر و کۆمەڵگای باوکسالار رزگاریان بێت".

هـ . ب