'ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە فێڵ و ساختەکارییەکانی دەوڵەتی تورک تێگەشتوون'

نوسەر عادل عوسمان: "دەوڵەتی تورک لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا شکستی هێناوە، هەوڵی سیاسەتی ساختەکردن دەدات. بانگەوازی ئاشتی دەکات بەڵام ئەو پرسە ئاشتی نییە شێوازێکیتری شەڕی تایبەتە دەیەوێت، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ هێرشیتر."

دەوڵەتی تورکی قڕکەر و فاشیست لە  هێرش و داگیرکاری بۆسەر باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و دەوڵەتی عێراقیش بێدەنگن و تائاستێک هاوکاری ئەو هێرشەداگیرکارییانەن. سەرباری بەردەوامی ئەو هێرش و داگیرکارییانە، بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بانگەشەی پێویستی ئاشتی و چارەسەری دەکەن. لەم بارەیەوە نوسەر عادل عوسمان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە دەستپیکی قسەکانییدا عادل عوسمان باسی لەوەکرد شەڕێکی مێژووی لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە کوردستان بەڕێوە دەچێت و وتی: "دەوڵەتی تورکیا ئێستا هێرشەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ سەر باشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەیەوێت ئەنجامێک بەدەستبێنێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی قڕکردن. لە بەرانبەر هێرشەکاندا بەرخۆدان و تێکۆشانێکی مەزن هەیە، دەوڵەتی تورکی ناچاری وەستان کردووە لە باشووری کوردستاندا خنکاندوویەتی.

هەربۆیە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات لە هەموو گۆرەپانەکاندا دەستکەوت بەدەستبێنیت تاوەکو بتوانێت جارێکیتر خۆی زیندوو بکاتەوە و هێرش بکاتە سەر گەلی کورد. لە هێرشەکانیدا ئەنجامی بەدەست نەهێناوە، لەگۆڕەپانەکانی جەنگ و جیهانیش بە تاک ماوەتەوە توانای سەرکەوتنی نییە."

'دەوڵەتی تورک سیاسەتی فێڵ و سختەکاری پەیڕەو دەکات'

وتیشی: "دەوڵەتی تورک سیاسەتی فێڵ و ساختەکاری پەیڕەو دەکات، کە لەم ماوەیەدا لە ئەنجامی شەڕی گەرمدا شکستی هێناوە، بانگەوازی ئاشتی دەکات بەڵام ئەو پرسە ئاشتی نییە شێوازێکیتری شەڕی تایبەتە، دەیەوێت بە بەڕێز ئۆجالان بێتە پەرلەمان بڵێت پەکەکە هەڵدەوشێتەوە. لە پشتی ئەمانەوە ئامانجێکی هەیە دەوڵەتی تورک ئەویش ڕەوایەتیدانە بەهێرشەکانی و خۆئامادەکردنە بۆ هێرشیتر.

لە هەلومەرجی ئێستادا حکومەتی عێراقی بە دەزگا پاراستنی و سیخورییەکانیەوە دەیانەوێت بڕۆنە لای پەدەکە و دواتر بۆ تورکیا بۆ ئەوەی ڕێککەوتن ئەنجامبدەن. دەوڵەتانی ناوچەکەش ڕۆڵیان هەیە لەوەی کە جارێکی تر ستاتۆی ئەم هەرێمە هەڵوەشێتەوە، هێزە کوردییەکانی باشووری کوردستانیش کەوتوونەتە ناو ئەم خراپەکارییانەوە.

هەروەها جارێکتر بەچڕی هێرشی کردۆتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەیەوێت خەڵکەکەی ئاوارە بکات بۆیە ئەم شەڕە شەڕێکی کاریگەرە دەبێت گەلی کورد دژی ئەم شەڕانە بوەستێت و یەکێتی خۆی پێکبهێنێت دژی ئەم داگیرکارییانە بوەستێتەوە."

'ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە فێڵ و ساختەکاری دەوڵەتی تورک تێگەشتوون'

هەروەها عادل عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە کەسێتی ئاسایی نیین تاوەکو فریوبدرێن بەمجۆرە بەردەوامبوو: "لە ئەزمووندا ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە ساختەکاری دەوڵەتی تورک تێگەشتوون لە قۆناغێکدا گفتوگۆ هەبووە بە پڕۆژەی دۆڵمە باخچە گەشت، بەڵام سیستەمی فاشیستی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان ئەمەیان هەڵوەشاندەوە چونکە دەیانزانی ئاشتی لەگەڵ بەرژەوندییەکانی ئەواندا نایەتەوە.

لەبەر ئەوە پرسی چارەسەری دۆزی کورد دەبێت واقعی بێت بەساختەکاری دەوڵەتی تورک نابێت. بەڕێز ئۆجالان و موراد قەرەیلانیش ئەوەیان ڕاگەیاند کە پرسی ئاشتی ڕاستەقینە هەبێت دەتوانین ئەم پرسە لە توندتیژییەوە بگۆڕین بۆ یاسایی و سیاسی، چونکە کە بوو بە یاسایی ئەوکات دانبەبوونی کوردا دەنرێت.

دەوڵەتی تورک باسی پڕۆسەی ئاشتی دەکات کەچی ڕۆژئاوای کوردستانی وێرانکردووە، هەوڵی ئەوە دەدات لەگەڵ حکومەتی ئێراق ڕێکبکەوێت بۆ ئەوەی شەڕی گەریلاش بکات ئایا ئەمانە نیازی ئاشتییە؟ ئەمە سیاسەتی خەڵەتاندنە وەتێکۆشانی گەلی کورد بەم سیاسەتە ئاشنایە و ڕێگەی پێنادات جارێکی تر دووبارە ببێتەوە."

'نابێت گەلی کورد چاوی لە پروپاگەندەی دەوڵەتانی داگیرکەربێت'

لە کۆتایی قسەکانییدا عادل عوسمان تیشکی خستەسەر ئەوەی ئەگەر گەلێکی بە ویژدانمان هەبێت دەبێت بە ویژدانەوە لەگەڵ دۆزەکەی خۆی بێت و وتی: "نابێت گەلی کورد چاوی لە پڕوپاگەندەی دەوڵەتانی داگیرکەر بێت بە تایبەت لە باشووری کوردستان دوا لە خەڵک دەکەم باوەڕ بەو بانگەوازی ئاشتییەی دەوڵەتی تورک نەکەن و فریو نەخۆن بەوەی بڵین پرۆسەی ئاشتی هەیە و پەکەکە نایەتە پێشەوە چونکە لە ڕاستییدا ئەمە ئاشتی نییە و سیاسەتێکی فریودانە.

لە دەرەوەی گفتۆگۆکردن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئاشتی نییە، پێویستە مێزی گفتوگۆکردن کوردی تێدابێت نەک ئەوەی دەوڵەتی تورک خۆی بڕیارەکانبدات. پێویستە تێگەشتنی ڕۆشنبیران و خەڵکی باشووری کوردستان بە ویژدانەوە بێت، پێویستە تێگەشتنی هەبێت لە بەرانبەر هەوڵ و تێکۆشانەکانی باکووری کوردستان و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، بە پێوانەکانی ئەوان بجوڵێنەوە و هەمیشە لە دژی دەوڵەتی تورکبن."