ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە بەسێ ئەرزینجان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'خۆبوون' لە ژن تی ڤی وەڵامی پرسیارەکانی ئارژین بایسەلی دایەوە.
بەسێ ئەرزینجان بە بیری هێنایەوە کە هەموو بزوتنەوەکانی ئازادی، ئیکۆلۆژی، دیموکراسی و ژنان زۆرینەیان لە گەنجان پێکدێن و وتی، "لە چالاکیەکان لە دژی سیستمی سەرمایەداریدا گەنجان لە ریزی پێشی پێشەوەن. لەبەر ئەوەی گەنجان لە داهاتووی خۆیان دڵنیا نین. لەناو کۆمەڵگەی کوردیشدا دۆخەکە بەهەمان جۆرە. کاتێک نەورۆز دێت، ئەوان زیاتر دەچنە پێشەوە گەنجانن. لەناو گەریلادا ئەوانەی لە ئەستەمترین شوێنەکانن و گیانبازی دەکەن، گەنجەکانن. لە پرسی کورددا گەنجانن کە یەکەم کەس سەرهەڵدەدەن. هەرم بە ئازایەتی و هەمیش بە ئەندێشەی خۆیان پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگا دەکەن".
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە ئەوەشی خستەڕوو کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری نایەوێت گەنجان ئازاد ببن و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "گەنجان بەرەو لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەر ئاراستە دەکرێن. ئامانجی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەوەیە کە گەنجان لە ئیرادە دابماڵدرێن، وابکرێت کە نەتوانن بیر لە ئازادی، دیموکراسی، سیاسەت و وڵات بکەنەوە. دەیانەوێت گەنجان تەنیا رۆژەکانیان بەڕێ بکەن، هەموو شتێک لەناو ببات، هیچ بەهایەکی کۆمەڵگە نەهێڵێتەوە. ئەو گەنجانەش بە پێی نەتەوەی دەوڵەت و بەگوێرەی بەرژەوەندی کەسی دەژین. ئەو گەنجانەی بەم جۆرە گەورە دەبن توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن، سوکایەتی بەرامبەر بە گەورەکانیان دەکەن، ژیانی کۆمۆناڵ و پێکەوەیی قەبوڵ ناکەن. سیستم نایەوێت کە گەنجان خۆیان بناسن، خۆیان رێکبخەن، بڕیار لە سەر خۆیان بدەن، نایەوێت کە لە پێناو وڵاتەکەیاندا کاربکەن".
بەسێ ئەرزینجان سەرنجی راکێشا بۆ سەر بێهیوایی لە ناو گەنجان، بەڵام لە هەمان کاتدا چارەسەریشی خستەڕوو و وتی، "راستە، لە ناو گەنجاندان بێ هیوایی زۆر هەیە. بەڵام گەورەترین وەڵام بۆ ئەو بێ چارەیی و دەستەوەستانیە لای رێبەر ئاپۆیە. بە تایبەتی ژنان، ئەندێشە و تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ لە زۆر رەهەندەوە گەورەترین وەڵامە. گەنجان لەناو ژیاندا خۆیان وەک بێ بەها هەست پێدەکەن. مرۆڤ ئەو کاتەی هەست بە هەبوونی خۆی دەکات بە جۆش و خرۆش و بەشداری لە ژیاندا دەکات.
بەسێ ئەرزینجان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کوردستانیش دژوارترین هێرش دەکرێتە سەر گەنجان و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "بزوتنەوەی ژنانی کورد گەیشتووەتە ئاستێک. لە تەواوی کوردستان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێشەنگایەتی بۆ بەرخودانی ژنان دەکەن. لەناو کۆمەڵگادا، ئەو کاتەی ژنان هەڵسنە سەر پێ و خۆیان بەرەوپێش ببەن، ئەستەمە ئەو بەرخودانە تێکبسکێندرێت. سیستم ئێستا چی دەکات؟ ئەگەر گەنجان، ژنانی گەنج بشکێن، لە ئایندەدا ناتوانن هەڵسنەوە سەر پێ. بەو جۆرە بیردەکەنەوە. هەر لە گەنجیدا ئیرادەیان دەشکێنێت، لە گەنجیدا هاوسەرگیرییان پێدەکات. لە ئێران هاوسەرگیری منداڵانی ١٣-١٤ ساڵ یاساییە. ئەو منداڵانەی کە هێشتا خۆی، ژیان و هەبوونی خۆی نەناسیوە، لەگەڵ پیاوێک هاوسەرگیری پێدەکرێت. ئەوەش تووشی شکانی دەکات. دوای ئەوەی دەبێتە خاوەنی منداڵ، تەنیا بیر لە خۆی و بنەماڵەکەی دەکاتەوە. ناتوانێت بیر لە هیچ شتێکی دیکە بکاتەوە.
ئەوە سیاسەتێکە بە مەبەست پەیڕەو دەکرێت. مرۆڤەکان هەر لە منداڵیەوە فێری لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەر دەکرێن، کە ئەوەش سیاسەتی دەوڵەتە. بەو هۆیەوە دوژمن لە دژی کوردستان شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەبات، بەڵام لەم ساڵانەی رابردوودا دژوارتری کردووە".
بەسێ ئەرزینجان بەبیری هێنایەوە کە بۆ دەستدرێژی سەر کچان، تیمی تایبەت رەوانە دەکرێن و وتی، "نمونە بۆ هەموو ئەوانە بەردەستە. ئێمە بە ژنای گەنج دەڵێین کە خۆیان رێکبخەن، ئاگاداری سیاسەتەکانی دەوڵەت بن. ئەگەر بەشێوەیەکی رێکخراو بجوڵێنەوە دەتوانن خۆیان بپارێزن. بەڵام ئەگەر بە تەنیا بمێننەوە دەخەڵەتێندرێن. خۆیان لە سەر ئەندێشەی دیموکراسی و ئازادی بە رێکخستن بکەن و بەم جۆرە بەشداری لە ناو کایەی ژیاندا بکەن و ببنە پێشەنگی کۆمەڵگا. لە کوردستان سیستم چەندە بیەوێت هێرش بکاتە سەر گەنجانیش، چەندەش هەوڵ بدات کە ئیرادەیان بشکێنێت، گەنجان بە خێرایی دەستبەردار نبن، هەڵدەستنە سەرپێ، پێداگری دەکەن، بوێرن. لەبەر ئەوەی هەندێک بە سیاسی بوون، ئەندێشەی ئازادی، رامانی رێبەر ئاپۆیان ناسیوە، بزوتنەوەی ژنان و شەهیدانی ناسیوە، هەنگاوی زۆر گەورە دەنێن. دوژمن هەرچییەک بکات ناتوانێت پاشکەشێ بە گەنجان بکات".
هـ . ب