دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوبات دژی خۆر بوو

دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوبات بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دژی خۆر بوو.

دایکانی ئاشتی لە سەرەتای پەیامەکەیان گوتیان: "وایان دەزانی دەتوانن خۆر لەژێر هەورە ڕەشەکان بشارنەوە، وایان دەزانی دەتوانن ڕێگە لە ڕووناکی بگرن، وایان دەزانی دەتوانن نەهێڵن مانگ هەڵبێت و ئەستێرە لە ئاسمانی وڵاتمان بدرەوشێتەوە. وایان دەزانی دەتوانن ڕێگە لە فڕینی باڵندەکان بگرن، بەڵام ئەی ئەو کەسەی کە لە دوورگەی ئیمراڵی شەپۆلەکانی دەریای ڕەش بۆتە تاکە هاوڕێی چرکە بە چرکەی ژیانت، ئێستە دەنگت بۆتە ئومێدی ئاشتی و ئازادی و هاوژیانی بۆ هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان".

لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە: "١٥ ی شوبات، ڕۆژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژ بە پەیامبەری ئاشتی و عەشق و ئازادی، سەرۆک ئاپۆ، شەرمەزار دەکەین".

لەکۆتاییدا دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە گشت مرۆڤە ئازادیخوازەکان دەکەن هەوڵەکانیان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر بکەن و جەختیان کردەوە لە مەزنکردنی تێکۆشان.