'فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ژنان دەکاتە پێشەنگ'

لەدوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ژنانی ئازادیخواز خاوەندارییەتی لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و دەڵێن:" فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ژنان دەکاتە پێشەنگ و بەڕێکخستنیان دەکات."

سارا ڕەزا ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادی لەبارەی پیلانگێڕی ١٥ی شوباتەوە هەڵوێستی خۆی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد کە تاکە چارەسەر بۆ تێکشکاندنی پیلانگێڕیی دژی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان تەنها یەکڕیزیی و خاوەنداریکردن و ئیدانە و شەرمەزارکردنی ئەو هەوڵانەیە و لەم بارەیەوە زیاتر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا و وتی:" خەریکە ٢٥ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی گەلی کورد و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان تێدەپەڕێت، بەشێکی زۆر لە دەوڵەتە زلهێزەکان و دەوڵەتە ئیقلیمییەکان و دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان لەم پیلانگێڕییەدا بەژداربوون، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەوان لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناویندا کە خەریکە دیزاین دەکرێتەوە خەباتی ٥٠ ساڵەی گەلی کورد کە لەسەر فکر و پاردایمی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت بە مەترسی  و کۆسپ بۆ سەر ئامانجەکانی خۆیان دەبینن و دەیکەنە ئامانج، ئەمڕۆ لەم شۆڕشەدا ژنان بوونەتە پێشەنگ و فکر و فەلسەفەی ڕێبەرمان هەموو جیهانی تەنیوەتەوە، ئەگەرچی ئازادی جەستەیی لێسەندراوەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان گۆشەگیری ئیمرالی بوویە بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و جیهانی سەرسامکرد، ڕێبەر ئاپۆ وتی تورکیا وەک دارستانێک بوو، منیش وەک تۆپەڵێک ئاگر بووم لەناویدا، بە گۆشەگیرکردنم ویستیان یان خۆم بکوژم، یان واز لە چارەنووسی گەلەکەم بهێنم، بەڵام من هیچیانم نەکرد، بێگومان ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی سەرکەوتن و فراوانبوونەکان دەبینین و بەردەوام دەبین، داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان دەکەین و هەموو هەوڵە پلانگێڕییەکان شەرمەزار دەکەین."

سارا ڕەزا لەبارەی جیاوازی مامەڵەی فکری ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ژناندا باسی لەوەکرد کەجیاوازی ئەو فکرەیە ئەوەیە کە ئامانجی سەرەکی هۆشیارکردنەوەی ژنانە و لەم بارەیەوە وتی:" ژنان لە ئێستادا لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا توانیوییانە پێشەنگایەتی کایەی سەربازی و سیاسی و خەباتی کۆمەڵایەتی بکەن و کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر خەبات بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و بێگومان ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکرێت."

چرۆ شوانی- هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەبارەی پلانی نێونەتەوەیی 15ی شوبات و بەدەستەوەدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورک هەڵوێستی خۆی دەربڕی و بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی  وت:" ئێمە هەموو ئەو هەوڵ و کەسانەی کە بەشداربوون لەو پلانگێڕییەدا ئیدانە و مەحکوم دەکەین، لە هەمانکاتدا ئەو کەسانەشی کە بێهەڵوێست و بێدەنگن لە ئاست ئەو پلانگێڕییەدا شەرمەزار دەکەین، سڵاولە ڕێبەری خۆمان دەکەین، ڕاستە بە جەستە ئەو لەناوماندا نییە، بەڵام فکرە و پارادایمەکەی بووە خەبات و تێکۆشان و چەندین شوێنکەوتەی هەیە، ئەمڕۆ تێڕوانینەکانی ئەو بوونەتە هۆی بەردەوامی شۆڕش و چەندین دەستکەوتی هەبووە، لەوانەش خۆبەڕێوەبەری شەنگال و ڕۆژئاوا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە لەهەناوی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هاتۆتە بوون. گەر دوژمنان بیانەوێ کاریگەری فکری ڕێبەرمان لەڕێی بەردەوامی زیندانیکردنییەوە بەدەست بهێنن ئەوە خەیاڵیان خاوە، چونکە ئەم شۆڕشە بەردەوامە و ژنان تیایدا بەرخۆدان دەکەن و توانییان خۆیان بەڕێکخستن بکەن و خۆیان و مێژوو سروشتی ژن بناسن، فکر و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ ناسنامەیەکی تری ژنی بەجیهان ناساند و ژنانی کردە پێشەنگ لە شۆڕش و خەباتی مەدەنی و خەباتی چەکداریدا."

چرۆ شوانی داواکاری لە هەموو وڵاتپارێزان و نیشتیمان پەروەران و ژنان کرد کە خاوەندارێتی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بکەن و ئەمەشی وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و نیشتیمانی پێناسەکرد و وتیشی:" ئەمڕۆ هێڵی تێکۆشان بووەتە جێی سەرنجی هەموو جیهان و ناتوانن نکوڵی لە ڕۆڵ و گرنگییەکەی بکەن، چونکە ئەم هێڵە ئەڵتەرنایتڤێکە بۆ ئەو سیستمەی کە جیهانی کردۆتە ئاشوبێک و خستوییەتیە ناو گێژاو، هەموومان پێوستە خاوەندارییەتی لە ڕێبەرمان بکەین و داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری جەستەیی و فیزیکی ڕێبەرمان دەکەین و هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئازادکردنی ئەوە."

هـ . ب