تەژەئا تیرۆرکردنی فریال خالیدی شەرمەزار کرد: خاکەکەمان بەڕووی هێزە فاشیستەکاندا دادەخەین

تەژەئا ناڕازیبوونی پیشاندا بەرامبەر تیرۆرکردنی فریال خالد سلێمان و گوتی: "با خاکی کوردستان بەڕووی هێزە فاشیستەکاندا دابخەین. زیهنیەتی هاوکار کە ڕێگە بۆ کۆمەڵکوژی لە خاکی کوردستان دەکاتەوە، شەرمەزار دەکەین".

چالاکوانی ژنی خەڵکی حەسەکە فریال سلێمان خالد لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان تیرۆرکرا. پەیوەست بە ڕووداوەکە تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بە ناونیشانی "پێویستە دەرگای خاکی کوردستان دەمودەست دابخرێت بەرامبەر ئەو زیهنیەتەی دوژمنایەتی ژنان دەکات".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات ئەوانەی ژنانی وەک ڕۆسا و ساکینە و سێڤێ و ناگیهان و ئەڤین گۆیی و دەنیز پۆیرازیان تیرۆرکرد جارێکی تر لە کەرکوک ڕووی خۆیان پیشاندا.

دووپاتکراوەتەوە ئەو هێزانەی پێشتر لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکور و ئەوروپا ژنانیان تیرۆر دەکرد، بەهەمانشێوە فریالیان تیرۆرکرد، ڕاگەیاندراوەکە ئەرکی ئاشکراکردنی تاوانەکە و بەسزاگەیاندنی بکوژان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و دەڵێت: "پێویستە دەمودەست دەرگای خاکی کوردستان لە زیهنیەتی فاشیست و نامرۆڤانە و نەیاری ژیانی ئازاد دابخرێت. لە کەسێتی فریال سلێمان خالد تەواوی کۆمەڵکوژییە سیاسییەکان شەرمەزار دەکەین.

ئێمە ئەو زیهنیەتەی دەرگای کوردستان بۆ کۆمەڵکوژییەکان دەکاتەوە شەرمەزار دەکەین. هیچ هێزێک ناتوانێت بە کۆمەڵکوژی و تیرۆرکردن تێکۆشانی ئازادی ژنان لەناوببات. دژ بە دەسەڵاتی زیهنیەتی پیاوسالاری تێکۆشانمان بەردەوامە. لەڕێگەی تێکۆشانی ئازادی ژنەوە، خاکی کوردستانیش ئازاد دەکەین. کۆتایی بە تیرۆرکردنی ژنان دەهێنین".