گەریلاکانی یەژاستار: هەڤاڵ سارا هێڵی سەرکەوتنە

بێریڤان جودی، ژنێکی عەرەبی خەڵکی شەدادە و رایگەیاند، وتەی "ئەگەر هەموو کەس لە چیا بڕواتە خوارەوە، ئەوە نابێت هەرگیز ژن لە چیا بڕواتە خوارەوە"ی عەبدوڵا ئۆجالان و وتەی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بووە" ساکینە جانسز دەستی بە گەڕان بە دوای ئازادیدا کردووە.

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە بڕیار و چالاکیی سەرکەوتووانە لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەستیان بە ساڵی نوێ کرد. گەریلاکانی یەژا ستار بێریڤان جودی و ڕۆسیدا بۆتان لە ٩هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

وتەی 'ژیانم هەمیشە جەنگ بووە' بووە هۆی بەشداربوونی

گەریلای عەرەب بێریڤان جودی ڕایگەیاند، زۆر سەرسام بووە بە بۆچوون و ژیانی شەهید ساکین جانسز (سارا) و زیاتر خواستویەتی بڕواتە سەر چیاکانی کوردستان. گەریلای بێریڤان جودی ڕاشیگەیاند، وتەی "ژیانم هەمیشە شەڕ بووە" بووە هۆی ئەوە دەست بە گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی گەورە بکات و لە بەردەوامی وتەکانیدا وتی، "من خەڵکی شەدادم و عەرەبم. کاتێک هەڤانم ناسی دەستم بە گەڕان و لێکۆڵینەوە کرد. لەو کاتەدا زۆرترین کاریگەریم بە دوو وتە هەبوو، یەکێکیان وتەیەکی رێبەرایەتی بوو، کە وتبوی "ئەگەر هەموو کەس لە چیا بڕواتە خوارەوە، ئەوە نابێت هەرگیز ژن لە چیا بڕواتە خوارەوە" ئەوی تریشیان وتەیەکی هەڤاڵ سارا بوو، کە وتبوی، "ژیانم هەمیشە شەڕ بووە"، ئەوانە زۆر سەرنجی منیان ڕاکێشا. منیش ڕووم لە چیاکان کرد. من زۆر بە پەرۆش بووم، کە چۆن ژیانی کەسێک هەمیشە دەبێتە شەڕ. یان ئەوە تەنها وتەیەک بوو، بۆیە هەمیشە لە هەڤاڵەکانم دەپرسی و بەتێپەربوونی کات هێزی وردبوونەوە و قوڵبوونەوەم بەهێز بوو و پەرەی سەند. کاتێک من کتێبەکەى هەڤاڵ سارام دەخوێندەوە، زانیم ئەو هەر بۆ خۆی کەسایەتییەکی خۆڕاگرە و شەڕێکی مەزنی دروست کردووە. لەبەر ئەوە 'ژیانم هەمیشە شەڕ بووە' زۆر شتی بە من بەخشی. من شەڕێکی گەورەم لەگەڵ خۆم کرد. مرۆڤ هەرچەند لەگەڵ خۆی شەڕ بکات دەتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە دروست بکات و هێزی خۆی بناسێت، بەم شێوەیە دەبێتە هێزێک بۆ دەوروبەری. بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی ئازادانەی ژنان دەبێت ژیانی هەڤاڵی سارا بە نموونە وەربگرین و باوەڕمان بە فەلسەفەی ژیانی ئازاد هەبێت. ئەگەر مرۆڤ هەوڵ و کۆششی هەبێت، دەتوانێت وەک هەڤاڵ سارا بژی، هەروەها دەکرێت ببێتە هێزێکی چارەسەری بۆ کۆمەڵگا. لە هێڵی هەڤاڵ سارادا بە پێداگرییەکی زۆرەوە ئازادی ژنان بەدەست دەهێنین لەوانەیە بە فیزیکی لە نێوانماندا نەبێت، بەڵام ڕۆح و بیرکردنەوەکەی هەمیشە لەگەڵمان دەژی".

"دوژمن نەیتوانی ڕێگری لە خۆڕاگری گەورەکەی بکات"

ڕۆسیدا بۆتان لە ناو ڕیزی گەریلاکانی یەژاستاردا بەشداری هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی گەریلاکان بووە و ئێستاش لە سەنگەرەکانی شەڕی خابووردایە و رایگەیاند، ژیانی شەهید سارا هەمیشە لە تێکۆشانیاندا ڕێگای ڕاستیان پیشان دەدات و راشیگەیاند: "هەڵوێستی هەڤاڵ  سارا لە دژی دوژمن و لە هەمان کات دا لە ناو کۆمەڵگەدا بۆ ئێمە نمونەییە. ئەوە لە ڕاستیدا هەڵوێستی ژیانی ئازادە.ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین، کە لە کەسایەتیی خۆماندا هەڵوێست و بەرخۆدان بونیات بنێین. پەیوەستبوونی بە رێبەرایەتی و ژیانییەوە کاریگەری زۆری لەسەر مرۆڤ دروست دەکات. تەنانەت وەک ژنێکی خۆڕاگریش بە هەڵوێستی خۆی کاریگەریی لەسەر دوژمن هەبووە. دوژمن نەیتوانی ڕێگری لە بەرخۆدان و هەڵوێستی بەهێزی بکات، بۆیە دوژمن لە دوایدا ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجامدا.

ئێمە وەک گەریلاکانی یەژا ستار هەوڵدەدەین کەسایەتیی هەڤاڵی سارا لە خۆمان دروست بکەین. ئەو کار و تێکۆشانە، کە هەڤاڵ سارا لە ناو ڕێکخستن دا بنیاتی ناوە زۆر گەورەن. بە تایبەتی ئەو بۆ بەرەوپێشبردنی هەڤاڵەکانی خۆی کارێکی زۆر و رەنجێکی گەورەی دا. ئەو کتێبانە، کە ئەو لە دوای خۆی بەجێی هێشتوون دەبنە بنەمای گۆڕانی ئێمەیە. هەر کە ئێمە ژیانی هەڤاڵ سارا دەخوێنینەوە، ئێمە یەک هەنگاوی تر لە ئازادی نزیکتر دەبینەوە، چونکە ئەوان فێری شەڕێکی ڕاستەقینە و تێکۆشانێکی گەورە و بە هەیبەت دەبین.

شەڕی ئێمە لەم پرۆسەیەدا شەڕی بوون و نەبوونە. دوژمنیش ئاگاداری هێزی گەریلایە و بە باشی هەستی پێکردووە. لەبەر ئەوەش لەم دواییانە بێچارە بوو و ڕێگەی نائەخلاقییان بەکارهێنا، چەکی کیمیاییان بە بەرچاوی هەموو جیهاندا بەکارهێنا، بۆیە جارێکی تر بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ ساراوە بەڵێن دەدەین تۆڵەی هەموو ئەو هەڤاڵانە بکەینەوە، کە لە بەرخۆدانی گەورە و شکۆمەند دا شەهید بوون. تێکۆشانی ئێمە لە هەموو کاتێک جیاوازتر و بەهێزتر دەبێت و سەرکەوتوو دەبین".

ژ.ت