گەریلاکانی یەژاستار: سارا ڕووناکی ئێمەیە

گەریلاکانی یەژاستار: ئێمە تۆڵەی کۆمەڵکوژی پاریس لە دوژمن دەکەینەوە. لە جاران مەزنتر بووین. بزووتنەوەی ژنانمان مەزنتر دەبێت، لەبەرامبەر پاشڤەڕۆیی ڕق ئەستوورتر ڕەفتار دەکەین.

لە ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس سێ ژنی تێکۆشەر، سێ ژنی ئازاد و پێشەنگی گەلی کورد تیرۆرکران. لەم کۆمەڵکوژییەدا، دامەزرێنەرێکی پەکەکە ساکینە جانسیز (سارا) و پێشەنگی تەڤگەری گەنجان لەیلا شایلەمەز (ڕوناهی) و فیدان دۆگان کە بۆ ناسانی گەلی کورد لە هەموو جیهان ڕوویکردە ئەوروپا، کرانە ئامانج. بەم بۆنەیەوە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

گەریلای یەژاستار، دەلیلە بۆتان لە کەسێتی شەهید سارا هەموو شەهیدانی شۆڕشی بیرهێنایەوە و گوتی: "سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدان نەوی دەکەین. کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو بوو. دەیانویست لە ئەنجامی ئەم کۆمەڵکوژییەدا بەرخۆدانی هەڤاڵ سارا لە دژی خۆیان بشکێنن. چونکە بەرخۆدانی هەڤاڵ سارا بەرخۆدانێکی ئاسایی نەبوو، بەربەستێکی گەورە بوو لەبەردەم دوژمندا. دوژمن پێی وابوو ئەگەر پێشەنگانی ئێمە، ژنانی پێشەنگ بکاتە ئامانج، ئەوا بە ئامانجەکەی دەگات. بەڵام ئەوان لەوە تێنەگەیشتوون کە هەرچەند باج بدەین، تۆڵەی شەهیدەکانمان زیاتر دەکەینەوە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئێمە وەک تەڤگەری ژنان ناچارین تێکۆشانی خۆمان لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک زیاتر بکەین. هەموومان دەبینین کە هەڤاڵەکانمان بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک چالاکی ئەنجام دەدەن. لە هەموو جیهانیش دەبینین بەرخۆدانی ژنان تا چ ئاستێک بەرەوپێش چووە. ئێمەش وەک شوێنکەوتووانی هەڤاڵ سارا، وەک ژنێکی پەکەکەیی و وەک هاوڕێی ئەو هەڤاڵانە، تۆڵەی هەڤاڵەکانمان لە دوژمن دەکەینەوە و ئەوەش بە شەڕەکانمان پیشان دەدەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بەرخۆدانی سارا کە ساڵانێکە لەناو پەکەکەدا ئەنجامی داوە، پێویستە وەک هێڵێک، وەک مانیفێستێک وەربگرین، لە ژیانماندا ڕەنگ بداتەوە. وەک شەڕڤانانی یەژاستار تۆڵەی هەڤاڵ سارا و هەڤاڵ لەیلا و هەڤاڵ فیدان دەکەینەوە. لە هێڵی سێ هەڤاڵەکەدا خۆمان بەهێزتر دەکەین و ئەنجامێکی مەزنتر بەدەست دەهێنین. با دوژمن زۆر باش بزانێت، چەندە پێشەنگانی تەڤگەرەکەمان بکەنە ئامانج، ڕق ئەستوورتر دەبین. ئەمەش وا دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ بەشداریکردنمان بەهێزتر بکەین. بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژییەوە، هەڤاڵان سارا و لەیلا و فیدان یاد دەکەینەوە و بە شەڕەکەمان تۆڵەی هەڤاڵەکانمان دەکەینەوە".

گەریلا مەدیا کۆچەر بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە، ڕوانین و ڕامانی خۆی وەها دەربڕی: "سەرەتا لە ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ سارا و هەڤاڵ لەیلا و هەڤاڵ فیدان، بەڕێزەوە یادیان دەکەینەوە و سەری رێز دادەنەوێنین. لە کەسێتی ئەم سێ هەڤاڵەدا، هەموو شەهیدانی شۆڕش یاد دەکەینەوە. شەهیدانی دووەم کۆمەڵکوژی پاریسیش یاد دەکەینەوە. ئامانجی داگیرکەران ئەوەیە لە کەسێتی پێشەنگانی ژندا، تەڤگەری ژنانمان و تەواوی ژنان لەناوببەن و ئیرادەمان لاواز بکەن. ئەم ئامانجەی دوژمن هەرگیز ناچێتەسەر. شەهیدبوونیان دەبێتە مایەی مۆراڵێکی بەرزتر بۆمان، لەڕێگەی بەشداری و هەڵوێستمانەوە ئەم هێرشانەی دووژمن پووچەڵ دەکەینەوە. هەڤاڵ سارا بۆ ئێمە ڕووناکییە. بەردەمی هەموو ژنان ڕووناک دەکاتەوە و بەشوێن ئەم ڕووناکییەدا دەڕۆن. ڕووناکی هەڤاڵ سارا دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی بەرەو ئازادی هەنگاو بنێین. دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکارەکانی دەیانویست ئیرادەی ژن لە کەسێتی هەڤاڵ سارادا لەناوببەن. ئێمە وەک ژن و وەک شوێنکەوتووی هەڤاڵ سارا، تێدەکۆشین بۆ شکستهێنان بە هەوڵی دوژمن و ڕۆژ بە ڕۆژ تێکۆشان مەزنتر دەکەین. لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنانی پێشەنگ دەکرێنە ئامانج. هەر جارێک ژنێکی پێشەنگ دەکرێتە ئامانج و شەهید دەکرێت، لە کەسێتی ئەواندا هەزاران ژن لەناو ئێمەدا دێنە دەرەوە و لە هێڵی هەڤاڵ سارادا هەنگاو دەنێن، پێشەنگایەتی دەکەن و بە ئامانجی ئەوان دەگەنە لوتکە.

هەڤاڵ سارا بە ڕۆح و فیکری خۆی لە نێو ئێمەدا دەژی. چونکە ئەو ئامانجەی کە هەڤاڵ سارا خستییە پێش خۆی و دەیویست بۆ ژنان بیکات، ئێمە وەک شوێنکەوتووی هەڤاڵ سارا ئەو ئامانجە بەدی دێنین. تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لە هێڵی هەڤاڵ سارادا قووڵتر ببینەوە. پێشەنگەکانمان زۆر بەهێز بوون، هەرچەندە پێشەنگەکانمان شەهید بکەن، ئەو هێڵەی کە بۆمان دیاری کراوە، لەسەری دەڕۆین. ئێمە وەک ژن بانگەشەی ئەوە دەکەین کە میراتی هەڤاڵ سارا و هەڤاڵ لەیلا و هەڤاڵ فیدانمان تا کۆتایی جێبەجێ دەکەین. پڕۆژەکانی هەڤاڵ سارا هەمووی بۆ ژنانی بندەست بوو. ئێمە شەڕڤانی هەڤاڵ ساراین و خەونەکانی هەڤاڵ سارا بەدی دەهێنین. هێڵی هەڤاڵ سارا هێڵی ئێمەیە، بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان تۆڵەی هەڤاڵەکانمان لە دوژمن دەکەینەوە. هەڤاڵ سارا لە هەموو ساتەکانی ژیاندا لەگەڵمان دەژی. ئەمڕۆ بە ڕۆحی هەڤاڵ سارا شەڕ و ڕەفتار و خەبات دەکەین. تۆڵەی کۆمەڵکوژی پاریس لە دوژمن دەکەینەوە. ئێمە لە جاران بەهێزترین، لە جاران مەزنترین. بزووتنەوەی ژنانمان مەزنتر دەبێت، ڕق ئەستورتر بەرامبەر پاشڤەڕۆیی ڕەفتاردەکەین. ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر بە ڕۆحی هەڤاڵ ڕوناهی شەڕ دەکەین و ئەم دەگەیەنینە لوتکە. بناغەکەمان بەهێزە. ئەو بناغەیە بە هێزی ڕێبەرێتی، بە شەڕ و تێکۆشانی هەڤاڵ سارا دژ بە دوژمن دامەزراوە، ئێمە ڕاوەستاوین و بەم ڕۆحە بەهێزتر دەبین. بانگەشەمان بەهێزە. مەزنتر دەبین، بەهێزتر دەبین. بەم بانگەشەیە دوژمن تێکدەشکێنین. دوژمن هەرگیز ناتوانێت لەڕێگەی بەئامانجگرتنی پێشەنگەکانمان لەناومان ببات. هەموو فەرماندە ژنەکانمان، هەموو شەڕڤانە ژنەکان ئەندامی پێشەنگن. هەڤاڵ سارا فیکر و ڕۆح و ڕێبازی ژیانی کردە میراتێک بۆ هەمووان. ئێمەش بەم ڕۆحەوە ئێستە ڕاوەستاوین و ڕۆحی ئەوان ئێمە بڵندتر دەکات. ئێمە بە ڕۆحی هەڤاڵ سارا و هەڤاڵ لەیلا و هەڤاڵ فیدان، سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین".