گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ژنە چالاکوانەکان لە هەڵکشاندایە
تادێت گوشارەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ژنانی چالاکوان زیاتر دەبێت و چڕبوونەوەی ئەو فشارانەش لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان ئازادی'دایە.
تادێت گوشارەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ژنانی چالاکوان زیاتر دەبێت و چڕبوونەوەی ئەو فشارانەش لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان ئازادی'دایە.
بە گوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، خەدیجە مەهدیپوور، ژنە چالاکوانی خەڵکی ئیلام، کە پێشتریش بۆ ماوەیەک لە لە زیندان بوو، جارێکی تر بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندە و وتەی ناڕاست"، دەستگیر و راپێچی زیندان کراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە، ژنە چالاکوان زیبا قلیچ خانی، دوای ئەوەی سەردانی دادگای کردووە، دەستگیر و رەوانە زیندانی چاکسازی شاری سنە کراوە.
ئەو ژنە چالاکوانە تۆمەتەکانی "بانگەشە دژی سیستم لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و نووسینی کۆمێنتی ڕەخنەگرانە"ی ئاراستە کرابوو، پێشتریش لە کاتی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'ش دەستگیر و بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار تمەنی ئازاد کرابوو.
هاوکات لە باکووری ئێرانیش کە هاوشێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان، لە ماوەکانی رابردوودا هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ژنە چالاکوانانی تیایدا بەڕێوەچوو و لە ئەنجامدا، لانیکەم ١٢ ژنە چالاکوان راپێچی ناوەندە ئەمنییەکان کران.
لە درێژەی ئەو هەڵمەتەدا، مەهسا بەسیرتەوانا، خەڵکی فومن کە خوشکی مێهران بەسیر توانا، یەک لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەو ژنە چالاکوانە، لە کاتی دەرچوونی لەو نەخۆشخانەیەی کە دایکی تیایدا لە ژێر چاودێری پزیشکیدابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بێ خستنەڕووی هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن، دەستبەر کراوە.
ژ.ن