لە سەروبەندی یەکەم ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران فشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی، سیاسی و بە تایبەتی ژنان، هەروەها پێکهاتەکان لەوانەش بەهاییەکان، خوێندکاران و توێژە جیاجیاکان چڕ کردووەتەوە، هەروەها هەڕەشە لە بنەماڵەکان کراوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێوڕەسمی یادکرنەوە بۆ ڕۆڵەکانیان بگێڕن.
ئێستا ژنان بۆ یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان واتە مافی پۆشینی ئازادانەی جلوبەرگ دژی ڕژێمی ئێران خەبات دەکەن، رەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ژنانەوە بۆتە هێمای خۆڕاگری لە بەرامبەر کردەوەکانی ڕژێم.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی و پاشان خۆپیشاندانە گشتییەکانەوە، هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ فشار و سەرکوتکردنی هاوڵاتیان چڕتر بوونەتەوە.
لە نامەیەکدا ، نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ کە لە زیندانی ئەڤین دەستگیرکراوە، ئاماژەی بە بارودۆخی ئەو ژنانە کردووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ژنان و وتی: لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ئێمە ژنانمان بینیوە کە ڕوخسار و جەستەیان بریندار بوون.
لە نامەکەیدا هاتووە: "دەستگیرکراوەکان ڕاپۆرت لەسەر ئەو زیانە جەستەیی و توندوتیژییانە نادەن کە ڕووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی ترسیان لە دادگاییکردن و لێپێچینەوە و هەڕەشەکانە، خێزانەکانیان خۆیان بەدوور دەگرن لە ڕاپۆرتکردنیان و ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
وەک شایەتحاڵێک بۆ توندوتیژیی جەستەیی ترسناک و کوشندەی حکومەت دژی ژنانی خۆپیشاندەر، من ڕایدەگەیەنم کە بەکارهێنانی ئەم ئاستەی توندوتیژی جەستەیی لە شوێنە نایاساییەکانی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن ئەشکەنجەیەکی سیستماتیکییە بۆ دروستکردنی دۆخێکی تۆقاندن و کە دەکرێت ببێتە هۆی کارەساتی چارەسەر نەکراو".
نێرگس محەمەدی لە نامەیەکیدا بۆ ڕژێمی ئێران وتی: "چڕبوونەوەی سەرکوتکردن ئیرادەی هاوڵاتیان بۆ جوڵە و ڕزگاربوون لە دەسەڵات لاواز ناکات و هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ ناهێڵێت".
جیا لەوەش بۆ رێگریی لە هەر جوڵەیەکی ناڕەزایەتی لە ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا هێزە ئەمنییەکان لە چەند شارێک بە تایبەتی لە باکووری ئەو وڵاتە دەستیان بە رەشبگیری ژنە چالاکوانان کردووە.
سەبارەت بەو بارودۆخە، نووسینگەی بەیروتی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاگەیەنراوێکدا، وێڕای شەرمەزارکردنی فشارەکانی ڕژێمی ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ئەو پرسە بخەنە بەرنامەی کاریانەوە و هەڵوێستیان هەبێت.
تارا سپێهری فەر لێکۆڵەری باڵای کاروباری ئێران لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، سەبارەت بە دەستگیرکردنی ١٢ ژنە چالاکوان لە پارێزگای گیلان، کە ڕۆژی 16ی ئاب، لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، وتی: ئامانجیان لەو ڕەشبگیریانە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی جەماوەریی بەرامبەر پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانیانە، کاربەدەستانی هەواڵگریی و دادوەریی ئێران بە گشتیی لە دادگاکان، کە تێیاندا پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاو ناکرێت، تۆمەتی ناڕوونی ئەمنیی ئاڕاستەی چالاکوانان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تاران جگە لە دەستبەسەرکردنی ئەو ژنە چالاکوانانە، چالاکوانانی دیکەشیان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بانگهێشت کردووە و سەرکوتی بەهاییەکانیان چڕتر کردووەتەوە، هاوکات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیان لەدەستدراوانی خۆپیشاندانەکان کردووە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک مەراسیمی یادکردنەوە ڕێکبخەن.
گوشارەکان بە هەمان شێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و نزیکەی ٣٠ چالاکوان لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی رابردوودا دەستبەسەر کراون، ئەمە جیا لە بانگهێشتکردن و هەرەشەکردن لە بەشێک لە چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە، بەوەی نابێت بەشداری لە هیچ چالاکییەکدا بکەن.
هـ . ب