کەبەدەهە: ساڵی ٢٠٢٤ لە سیستەمی پیاوسالاری دەکەینە زیندان

کۆنسەی گشتی کەبەدەهە بە ناونیشانی "لەسەر ڕێگەی نەمران، ژن ژیان ئازادی" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ساڵی ٢٠٢٤ لە سیستەمی پیاوسالاری دەکەینە زیندان".

 

کۆنسەی گشتی تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی ژنان (کەبەدەهە) پەیوەست بە تێکۆشانی ساڵی ٢٠٢٣ و پێداگرییان بۆ سالی ٢٠٢٤ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "پاش ئەو کارەساتە سرووشتیانەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی کرێخۆریی دەوڵەتەوە گرانتر بوون، ساڵێکی دیکەمان لە هێرشی داگیرکاری و توندوتیژی دژی ژنان و کۆمەڵکوژییەکان بە جێهێشت و برینەکانی خۆمان پێچا. ساڵی نوێش بە پێداگرییەوە پێشوازی لەو ئاڵایە دەکەین کە نەمرانمانەوە وەرمانگرتووە".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هاوشێوەی تێکۆشانی ناسنامەی ڕەگەزی بندەست و ژنانی فەڵەستین کە دژی هێرشی قڕکەری زایۆنیزم بەرخۆدان دەکەن، ئەوانیش دژی پیاوسالاری و داگیرکاری لە هەموو گۆڕەپانێکدا درێژە بە تێکۆشانی ڕزگاری دەدەن.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات ساڵی ڕابردوو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژنان و ناسنامە بندەستەکان بەردەوام بوون و دەڵێت: "سەرەڕای هەموو فشار و سەرکوت و سیاسەتی فریودانی ژنان و ناسنامە ڕەگەزییە بندەستەکان، دژی هەموو جۆرە هێرشەکان بەرخۆدان دەکەن".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەتایبەت لە کوردستان و تورکیا، لە چیا و زیندان و شەقامەکان، ئەم ئیرادەیە دژی فاشیزم و پیاوسالاری بەرزکرایەوە. وەک تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی ژنان سڵاو لەم ئیرادەیە دەکەین و بەپێداگرییەوە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ سیستەمی پیاوسالاری دەکەینە ساڵی زیندان.

لە ڕۆژانی دەسپێکی ساڵی ٢٠٢٤، ئەو ئاڵایەی لە ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ و مەراڵ یاکار و لالە چۆلاک و ساکینە جانسیز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەز و سێڤێ دەمیر و پاکیزە نایر و فاتمە ئویار و هەزاران هاوڕێی نەمرەوە گەیشتۆتە دەستمان، بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ـەوە بەرزی دەکەینەوە. لە فەڵەستینەوە تا کوردستان هاواردەکەین: هەبووین و هەین و دەبین".