شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری داد: ئیدی دەبێت بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان بگۆڕدرێت

شاندی دەم پارتی کە لەگەڵ وەزارەتی دادی تورکیادا کۆبووەوە لە ڕاگەیاندراوی پەیوەست بە کۆبوونەوەکە گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەمان بەوەدا هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بابەتی سەرەکییە و ئیدی پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بهێندرێت."

ئەمڕۆ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا، یڵماز تونچ کۆبوونەوە. شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتبوون لە؛ هەردوو سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلچ کۆچیگەت و سزای تەمەلی و هاوکاری هاوسەرۆکانی گشتی و هاووتەبێژی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا ئۆزتورک تورکدۆغان.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە لە لایەن گوڵستان کلچ کۆچیگێتەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەسەر کۆبوونەوەکە ئەنجام درا.

'پێویستە ئیدی هەلومەجەکە بگۆڕدرێت'

گوڵستان کلچ کۆچیگیت لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو بابەتانەبووە کە وەزارەت دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ پرۆسەکە و ڕایگەیاند: "دەمەوێت ئەوەبڵێم کە سەرەکیترین بابەتی گفتوگۆکانمان دۆخی کارکردن و تەندروستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە لە ئیمرالی دایە و بە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات قۆناغێکی نوێی لە تورکیا کردەوە، دەرگای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کورد کردەوە، ئێمە بە بەڕێز وەزیرمان ڕاگەیاند کە لە ژێر دۆخی گۆشەگیریدا، بەڕێز ئۆجالان ناتوانێت بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات و دۆخی بەڕێز ئۆجالان گرنگترین بابەتە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە و ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاوی بۆ بنرێت. لەم بارەیەوە، لە داهاتوودا دەتوانین هەندێک پێشکەوتن ببینین."

دۆخی زیندانیانی سیاسی

گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی: "کێشەی زۆر جددی لە سیستەمی دادپەروەری تورکیادا هەیە و ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی بکەین، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بەندکراوە نەخۆشەکانە، دەزانین کە ئەمە نە مرۆییە و نە یاساییە، بیروڕای خۆمان دەربڕی دەربارەی پێویستی ئەنجامدانی ڕێکخستنێکی خێرا بۆ بەندکراوە نەخۆشەکان، بەخێرایی ئازاد بکرێن، ئێمە داواکارییەکانمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کرد."

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەستنیشانی کرد: "کە ئەوان ڕێکخستنی یاسایی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بۆ مەرجەکانی ئازادکردنی مەرجدار کە دەرکرابوو بەڵام "تاوانە ڕێکخستنییەکان" لەوە بەدەربوو، ئێمە لەوێ وتمان کە پێویستە ئەو بابەتەی تاوانە ڕێکخستنییەکان لە دەرەوەی یاسا دەهێڵێتەوە چارەسەر بکرێت و یاسایەکی یەکسان بێت، وەک ئێوەش دەزانن دادگای دەستووری تاوانی ‘هەرچەندە ئەندامی ڕێكخستن نەبێت بەڵام بە ناوی ڕێکخستنەکە تاوانی کردووە’ـی گەڕاندبووەوە، بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووری، بەداخەوە پەرلەمان بە هەمان شێوە ئامادەی کرد و پەسەندی کرد، هەندێک زانیاری گەیشتە دەستمان کە دیسان دەیخەنە پاکێجی نوێوە، پێویستە ئەم بابەتە بەبێ بیانوو هەڵبگیرێت، داوامان لێکرد کە ڕێکخستنێک بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری ئامادە بکرێت."

گوڵستان کلچ کۆچیگیت لە بەردەوامیدا گوتی: "یەکێک لە بابەتەکانی تری کۆبوونەوەکە لیژنەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری بوون کە ڕێگر دەبن لە ئازادکردنی بەندکراوان، داوامان کرد ئەم لیژنانە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێن و دیموکراتیزە بکرێن، لەگەڵ ئەمەشدا؛ وتمان کە پێویستە ئەم لیژنانە بڕیارەکانیان بەپێی پێوەری بابەتی بدەن، ئەم میکانیزمە، وەکو میکانیزمی سزادانی دووەم بەکاردەهێنرێن و داوامان کرد دیموکراتیزە بکرێن و بەم شێوەیە لە پاکێجەکەدا جێگیر بکرێن."

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد: "باس لە سزا دیسپلینەکان دژی بەندکراوان کران و وتی: ئەم سزا دیسپلینانە دەبێت بەڕاستی سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و ئەو چالاکییانەی بەندکراوان کە بۆ باشترکردنی دۆخی بەندیخانە ئەنجامیان دەدەن، وەک تاوانی دیسپلین هەژمار دەکرێن نابێت قبوڵ بکرێت."

گوڵستان کلچ کۆچیگیت پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیاری "وەڵامی وەزیر چی بوو دەربارەی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان و ئەو دەستکارییانەی داوا دەکەن لە یاسای لێبوردن؟"، گوڵستان کلچ کۆچیگیت لەوەڵامدا وتی: "دەرفەتمان هەبوو کە هەموو ئەمانە بە دووقۆڵی باس بکەین، بەڕێز وەزیر بە وردی تێبینی هەموو ئەمانەی کرد، بەڕاستی هەندێک بابەتی دەستکاری یاسایی هەیە کە لەلایەن هەموومانەوە هاوبەشن، هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندین دەستکاری یاسایی نادادپەروەرانە، ناهەق و دژی یەکسانی هەن، بۆ نموونە، کاتێک یاساکە دەرچوو، پەتای کۆرۆنا تەنها بەندکراوانی مەدەنی دەگرتەوە، مەترسی بۆ هەمووان هەبوو بەڵام تاوانی ڕێکخستن لەدەرەوەی ئەمە جێهێڵدرا، ئێمە ڕامانگەیاند کە ئەمە نادادپەروەرانەیە و قبوڵ ناکرێت، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. ئەوان بە وردی تێبینی هەر بابەتێک دەکەن کە ئێمە باسمان کرد و پشتڕاستیان کردەوە کە لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەن و لە داهاتوودا بە دووقۆڵی بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین. هەڵسەنگاندنمان دەرباری دۆسییەی کۆبانێ و چەند بابەتێکی دیکەش کرد."