'ڕێکخراوەکانی ژنانن دەتوانن ژن بە ڕێکخستن بکەن'

لە نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار لەسلێمانی ژنانی چالاکوان باسیان لە گرنگی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان کرد و وتیان:"ئەوانن کە ژنان ڕێکدەخەن و پەروەردەیان دەکەن و لە مافەکانی خۆیان بەئاگایان دەهێنن."

لە هۆڵی میلانۆی شاری سلێمانی  لە ١٥-١-٢٠٢٣ یادی نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار بە بەشداری ژنان و چالاکوانان پیرۆزکرا و تێیدا چەندین چالاکی کلتووری ئەنجام درا.

لیلاڤ حسێن ئەندامی کۆنگرەی ستاری حەسەکە لە ڕۆژئاوا، کە لەمەراسیمەکەدا بەشداربوو لەبارەی گرنگی و ڕۆڵی ڕێخراوەکانی تایبەت بە ژنان و کار و چالاکییەکانیان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت:"گرنگی ڕێکخراو و چالاکییەکانی تایبەت بە ژن ئەوەیە کە پەروەردەی ژن دەکەن، هێزی پێدەبەخشن و فێری دەکەن کە چۆن خۆی بپارێزێت و خۆی بەڕێخستن بکا لەگەڵ ژنانی تری هاودەنگی ئەو، جیهانبینی ئەوان فراوان دەکات لەهەمبەر فکر و سیاسەت."

بانو هەڵەبجەیی چالاکوانی ژنان و بەشداربووی مەراسیمی یادکردنەوەی نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار بوو، بەهەمانشێوە ئەویش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گرنگی هەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان لەوەدایە کە دەتوانن ژنانی ئازاد بەڕێکخستن بکەن و وتیشی:" ڕێکخراوەکانی ژنان بێجگە لەوەی کە ژنانی ئازاد ڕێکدەخەن و پەروەردەیان دەکەن، جارێکی تر دەبنەوە هۆی پەروەردەکردنی ژنانی ماڵەوە و بەئاگایان دەهێننەوە سەبارەت بەوەی مافی ئەوان لە دەوڵەت و یاسا و کۆمەڵگەدا چییە و چۆن بتوانن خۆیان بپارێزن، ژنان پێویستە لە خوێندن و هەموو کایەکانی حکومیدا ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکییان هەبێ، سەبارەت بەمانە من پێموایە ڕێکخراوەکان تا ئاستێکی باش توانیویانە ژنان هۆشیار بکەنەوە، ئەمڕۆ ئێمە ژنمان هەیە کە وەزیرە، سەرۆک پەرلەمانە و ئەمەش جێی خۆشحاڵییە."

بەڵام سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ ژنیان کردووە بەسە، یاخود دەبێ چی تر بکەن، ئەم خاتوونە چالاکوانە وتی:"ئێمە وەک ژنانی باشور هێشتا نەگەشتوینەتە ئەو ئاستەی کە لە ئاست چاوەڕوانی خۆماندابێت، هەربۆیە پێموایە پێویستە ڕێکخراوەکان کار و چالاکییەکانیان زیاتر بکەن، تاکو مافی ژنان چیتر لە دەستوورا بنوسرێتەوە و چیتر ئەو زوڵم و ستەمەی بەرامبەر ژنان دەکرێ نەمێنێت، ئێمە ئەبینین بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە باشووری کوردستان بووە بە دوورگەیەکی کوشتنی ژنان، بۆ ئەوە ئەگەر مافەکانمان لەدەستووردا چەسپا چیتر ئەوەندە ناتوانرێت دەستدرێژی بکرێتە سەرمان و مافمان پێشێل بکرێت."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە ڕێکخراوەکان بە ناسنامەی ژنانەوە کار بکەن وەک چۆن لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان دوور لە حیزبایەتی و جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزی، توانیان خۆیان بەڕێکخستن بکەن و جوانترین ئاوێنەی پێکەوە ژیانی گەلان پیشانی جیهان بدەن.

هـ . ب