کۆنفرانسەکەی تەژەئا کۆتایی هات: ژنان زنجیرەکان دەشکێنن

کۆنفرانسی "زنجیری بێدەنگی: هەڵوەشاندنەوەی دیوارەکانی دەوری زیندانیانی سیاسی ژن" بە پێشەنگایەتی تەژەئا و بەشداری ژنانی چەندین وڵات لە ئامەد کۆتایی هات.

کۆنفرانسی "زنجیری بێدەنگی: هەڵوەشاندنەوەی دیوارەکانی دەوری زیندانیانی سیاسی ژن" بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و بەشداری ژنانی چەندین وڵات لە ئامەد کۆتایی هات.

لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "چۆن دەتوانین سەربکەوین"، ئەکادیمیسیان و چالاکوان د. شەهرزاد مۆژاد بە بابەتێک بە ناونیشانی "لە دیالۆگەوە بۆ چالاکی: پێشخستنی ستراتیژ و پلاندانان بۆ زیندانیانی سیاسی" لەڕێگەی زوومەوە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد.

شەهرزاد ئاماژەی بەوە کرد لە ئێران نایەکسانی بەربڵاوە و توندوتیژی ڕەگەزی وەک جۆرێک لە ئەشکەنجە بەکاردێت و پێویستە نەریتی سیاسی دژی ئەمە پێش بکەوێت، دووپاتی کردەوە، نەوەک هەر زیندانەکان بەڵکو دەبێت هەموو ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان لەناوبچن.

پاشان دانیشتنەکە بە پرسیار و وەڵام بەردەوام بوو. دواتر چالاکوانی تەژەئا گوڵبەهار ئالپسۆی قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد ئەم کۆنفرانسە دەسپێکی خەباتی نوێیە و بڕیاری گرنگ دراوە و ژنانی کورستان و تورکیا و جیهان وتوێژیان کردووە و گوتی: "ئەم وتوێژە واتە دەتوانین تێکۆشانی هاوبەش بکەین. ئێمە سنوورەکانمان نەکێشاوە، هێزە سەردەستەکان کێشاویانە. بەگوێرەی رەنگ و زمان و باوەڕ ئێمەیان لە یەکتر دابڕی. ئەمە هەرگیز نەبووە سیاسەتی ژنان. ژنان هەردەم یەکێتیان پاراستووە".

گۆشەگیری ئیمراڵی

ئالپسۆی ڕایگەیاند پێش هەموو شت پێویستە گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت، ئەم گۆشەگیرییە ڕۆژ دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و کاریگەری لە هەموو جڤاک کردووە، گوتی: "پێویستە جڤاک هەناسەیەک بدات، ئەم هەناسەیە بە شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵی دەبێت. وەک تەڤگەری ژنانی کورد هەرگیز لە ڕاستییەکان هەڵنایەین و تێدەکۆشین. ئەمڕۆ پیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تیرۆریست ناودەبرێن. بەڵام ئێمە بە تێگەیشتنەوە لەسەر ئەم ڕێگەیەین. چونکە جڤاک پێویستی بە ڕووناکییە. ئەوانەی زنجیرەکان دەشکێنن، خودی ژنانن. ژنان دەتوانن دەست بخەنە دەستی یەک و زنجیرەکان بشکێنن".