'کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە خەباتێک بۆ یەکگرتنی ژنان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە'

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی دیپلۆماسی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان (کەژار)، سەبارەت بە کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی وتی: "کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە خەباتێک بۆ یەکگرتنی ژنان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە."

لە دوای ئەوەی لە ٢٠ و ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کۆنفرانسی ژن، ژیان ئازادی لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بە پێشەنگایەتی کەژار بەڕێوەچوو، ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی دیپلۆماسی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان لەبارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ڕێبازەکانی پاراستنی شۆڕشەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی:"وێڕای ئەوەی کە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی لەماوەی ئەم ساڵەی ڕابردوودا زۆرجار نرخاندنی بۆ کرا، هەر لە هۆکارەکانی شۆڕشەکەوە و ڕێبازەکانی پاراستنی شۆڕشەکە تا ئەوەی چۆن بەرەو سەرکەوتن بڕوات، بەڵام تا ئەمڕۆش پێویستە ئێمە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بۆ بکەین، بۆئەوەی کە بتوانین ڕێگا چارەی باشی بۆ ببینینەوە. بە درێژایی مێژووی تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە دەبینین کە لە بەرخۆدان و تێکۆشان و سەرهەڵدان دوور نەبووە، بەڵام چی بوو بە هۆکار کە ئەم سەرهەڵدانە ناوی شۆڕشی وەرگرت؟ ئەو سێ وشە ئەفسوناوییە (ژن، ژیان، ئازادی) چی بوون کە تا ئەمڕۆ ئەو شۆڕشەی هێشتەوە و توانی ببێتە سێ وشەی گرنگ کە لە هەموو مەراسیمەکاندا بوترێتەوە؟"

' دەسەڵاتداری ئێران خەبات و تێکۆشانی ژن وەک کۆسپێک لەبەردەم خۆی دەبینێت'

لە بارەی ئەوەی  بۆچی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە چاو سەرهەڵدانەکانی تر توانی تا ئەو ئاستە بەربڵاوبێت رۆزەرین کەمانگەر پێیوائە ئەم شۆڕشە بە هۆشمەندی و پێشەنگایەتی ژنەوە بەڕێوەدەچێت و سنوورە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان تێدەپەڕێنێت، وتیشی:" شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەستی برد بۆ ڕیشەییترین پرسی نێو کۆمەڵگا کە پرسی ژنە و تا ئەمڕۆ ئێمە باسی دەکەین، لەبەرئەوەی کە چیتر ژن تەنها وەک رەگەزێک سەیری نەکرێت، ئازادی ژن وەک کێشەیەکی کۆمەڵگا ناوی لێنرا و بووە پرسی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. ئەوەی کە ئێمە بینیمان بە درێژایی ئەم شۆڕشە ئەوەبوو کە ژنان لە هەموو نەتەوەکان لەپاڵ یەکبوون، واتە ئێشی ژنی کورد لەگەڵ ژنی فارس، عەرەب، ئازەری، گیلەک، بەلووچ، نەک تەنیا لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا، بەڵکو لە ئاستی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بەگشتی جیهاندا بووە بابەتێکی هاوبەش، ئیدی هەر دەوڵەت نەتەوەیەک بەشێوەیەکی جیاواز خەریکە هێرشەکانی دەباتە سەر ژنان، ژنان دەبن بە ئامانجی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالار و دژە ژنەی کە ئێمە زۆرجار باسی دەکەین، ژنان لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتنە ئەم دەرئەنجامەی کە هێرشەکە لەلایەن ئەقڵیەت و زیهنییەتی پیاوسالاریی دەسەڵاتداری ئێرانە، ژنان لەژێر سایە و سێبەری ئەم زیهنییەتە دەمێننەوە و ڕۆژانە سەرکوت دەکرێن، بەناوی جیاواز جیاوازەوە دەکوژرێن، هەر لەناو ساڵی 2023 چەندین ژن کوژراون، چەند ژن لەسێدارە دراون، چەند ژن خۆیان ژیانی خۆیان کۆتایی پێهێنا، لە زیندانەکانی ئێراندا چی دەگوزەرێت، ئەمانە هەموو پشاندەدات کە حاکمیەتی دەسەڵاتداری ئێران نەک تەنها ژنان دەخاتە پەراوێزەوە، بەڵکو وەک لەمپەڕێک دەیانبینێت لەبەرامبەر خۆی، چونکە لەبەرامبەر دەسڵاتەکەیان خەریکن خۆڕاگری و خەبات و تێکۆشان دەکەن. بۆیە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە بنەڕەتدا بە پێشەنگایەتی ژنان دەستی پێکرد، بەڵام ئایا تەنها بە ژنانەوە سنووردارە؟ نەخێر، ئەم شۆڕشە توانی سنوری تەمەنی تێپەڕێنێ، واتە لە مناڵێکی تەمەن حەوت ساڵانەوە دەیوت ژن، ژیان، ئازادی، لە قوتابخانەکان بەهەمان شێوە، لە زانکۆکان و لە چینی کرێکار و لەناو زیندانەکان، لەلای دایکی شەهیدان و هەموو  شوێنەکان دووبارە دەوترا ژن، ژیان، ئازادی. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، کەوتە سەر زاری هەموو ئەوانەی کە دەردی ئازادییان هەیە و هەموو بەشێوازێک خۆیان لەناو شۆڕشەکەدا دەبیننەوە و ئەتوانن بەشێوەیەک لەم شۆڕشە جێبگرن و بتوانن پێشەنگایەتی بکەن، بۆیە ژنان و گەنجان بوونە فاکتۆری سەرەکی و بنەڕەتی پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە."

 'دەسەڵاتداری ئێران نەیتوانی شۆڕشەکە سەرکوت بکا، چونکە هیوا دروست بوو'

ڕۆزەرین کەمانگەر- بەرپرسی کۆمیتەی دیبلۆماسی کەژار ئاماژەی بەوەکرد، خاڵێکی زۆر گرنگی شۆڕشەکە ئەوەیە کە بەشداری پیاوان تێیدا زۆر بەرچاو بوو وتیشی؛" ژنان پیاوانیشیان بانگهێشتی ئەم خەبات و شۆڕشە کرد، لە ناو ئەم شۆڕشەدا پیاوانیش گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری ئێران یان ڕژێمی سێدارەی ئێران خەریکە بەڕێوەی دەبات و پێشتریش لە دەسەڵاتی شاهەنشاهی بەشێوازێکی جیاواز هەمان کار دەکرا، ئەم سیستمە تەنیا ژن ناکاتە قوربانی، بەڵکو پیاوانیش دەکاتە قوربانی، بۆیە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە بنچینەدا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، زیهنیەتی، کلتووری بوو. لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و لە هەموو بەشەکانی ئێراندا جێی خۆی گرت و ڕژێمی ئێران نەیتوانی سەرکوتیبکات، چونکە هیوا دروست بوو، ڕێبەر ئاپۆ ڕستەیەکی زۆر زێڕینی هەیە دەڵێت:"هیوا لە سەرکەوتن بەنرخترە"، کاتێک کە کۆمەڵگەیەک هیوای هەبوو تێکۆشانەکەی بەردەوامە، بۆیە بە گشتی دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت ئەو هیوایە بشکێنن بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا نەتوانێت تێکۆشان بکات، لەدوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ئەو هیوایە بەرزتر بووەتەوە، لە هەر شوێنێک بە شێوازێک خەبات دەکرێت، ئیتر لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەمە لە باکووری ئێرانە، لە باشووری ئێرانە، لە بەلوچستانە، لە ئەفغانستان دەبینین و بەردەوامە، ئەم شۆڕشە زۆر کاریگەری هەبوو، چونکە شۆڕشێکی هۆشمەندی و ئەقڵیەت بوو، هیوای سازکرد و کولتووری هاوبەشی و پێکەوە کارکردنی زۆر بەهێز کرد، سنووری تەمەن و جیاوازی نەتەوەیی و هیچ شتێکی تر نەبوو بە کۆسپ بۆ ئەوەی ژنان لەیەکتر تێنەگەن، بە پێچەوانەوە جیاوازی ئاینی و هزری و نەتەوەیی بوو بە هۆکاری ئەوەی هەموو لەیەکتر تێبگەن و بێنە پاڵ یەکتر شۆڕشەکە بەهێزتر بێت.

' شۆرش دەرفەت بۆ خەبات و ناسینی خەباتکاران دەڕەخسێنێت'

 سەبارەت بە ئەو دەرفەتەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ کار و چالاکییکانی خەباتکاران دەیڕەخسێنێت، ئەو شۆڕشی وەک هەلێکی زێڕین بۆ خەباتکاران دەبینی و وتی:" ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی کوردستان ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکەین، خەباتەکەشمان لە چوارچێوەی پارادایمی ئیکۆلۆژی دیموکراتیکی و ئازادی خوازی ژنە، پارادایمێک کە شەهیدی زۆری داوە، زۆر لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ئەم پارادایمە بوون، تا ئێستاش خەبات دەکەن و خەباتەکە لە ئاستی شاخ و شار و هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و لەشکری سیاسی و بە هەموو جۆرێک بەردەوامە، بە درێژایی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئێمە وەک کەژار زۆر هەوڵماندا کە بتوانین لەگەڵ گەلێک لەو ژنانەی کە دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات و خەبات و تێکۆشان دەکەن پەیوەندی بگرین، شۆڕش هەمیشە دەرفەتێک بۆ خەباتکردن دەڕەخسێنێت، ئێمە ئەو دەرفەتەمان وەک هەلێکی زۆر زێڕین بۆ خۆمان بینی، لەگەڵ کەسانێک ڕاستەوحۆ لەناوخۆوە پەیوەندیمان هەبوو، لە باشووری کوردستان و شاخەکانی کوردستان خەباتەکە بەدەوامی پێدەدرێت، لە ئەوروپاش بەهەمانشێوە، یەکێک لەو خەباتانەش کە لەم چەند ڕۆژەی کۆتایی کرا، خەباتێک زوو بە ناوی کۆنفرانسی ژن، ژیان ئازادی، بە دروشمی بە ژن، ژیان ئازادییەوە بەرەو شۆڕش دەڕۆین. یەک ساڵ زیاترە کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەردەوامە، لەم مەودایەدا لە گەلێک لە شوێنەکانی جیهان شۆڕشەکە و ناوەڕۆکەکەی هەڵسەنگێندرا، و باس لە کەمووکوڕییەکانیش کرا، دەبوایە چی نەبووایە و دەبێ لە داهاتوو چی بکرێت، بەڵام پێویست بوو کە پلاتفۆڕمێک دروست ببێت کە هەرکەس و بەتایبەت ژن بتوانن لە بەشە جیاوازەکاندا بێن و باسی خۆیان و کێشە و گرفتەکان و نەتەوەکانیان بناسێنن، لە هەمانکاتدا ئێمە بتوانین پردێک ساز بکەین لە خەباتی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران، بەتایبەتی بە پێشەنگایەتی ژنەوە."

' کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی بوار و زەمینەیەک بوو بۆ ئەوەی ژنان بە هەموو جیاوازییەکانەوە ییکبگرن'

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی دیپلۆماسی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان (کەژار) هەر لەباری کۆنفرانسی ژن ژیان ئازادی وتی:" زۆر ژن هاتبوون، ئەم کۆنفرانسە زەمینەیەکی زۆرباشبوو بۆ ئەوەی ژنان لە هەموو نەتەوەکان و لە جوگرافیای سیاسی ئێران بەشداربوون، تەنات لە ئەفغانستان بەشدار بوون، هەروەها لە خودی وڵاتی سویدەوە ژنان هاتن و شیعرێکیان پێشکەش بە تێکۆشەری کوردستان هەڤاڵ ساکینە جانسز و هاوڕێیانی کرد، چوار پانێڵ لەم کۆنفرانسە بەڕێوەچوو، لەم مەودایەدا باسی زۆر بابەت کرا، واتە ئەو مێژووەی کە دەسەڵاتدار دەیەوێت هەر نەبێت و بیشارێتەوە، ئەوخەباتە شاراوەیەی کە لە ناوچەکانی بەلووچ و ئەەواز و کوردستانی ڕۆژهەڵات هەبوو دەبوو لەو کۆنفرانسە ڕوون بکرێتەوە، کۆنفرانسەکە لە پانێڵی یەکەمدا ئەوەی باسکرد، و ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، کە تێکۆشانی ڕابردووی ئەم نەتەوانە چین، بۆچی زیهنییەتی پیاوسالاریی نایەوێت ئەم تێکۆشانە دەربکەوێت و دەیشارێتەوە، دیارە لە هێزی ژنانە، ژنان لە پانێڵی یەکەم باسی مێژووی خەبات و تێکۆشانی خۆیان کرد، لە بەشەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم بە ڕێکخستن هاتنە پێشەوە، فاکتەرە دەرەکی و ناوەکییەکان بۆ ئەوەی شۆڕش بەردەوامبێت چییە، لە هەمانکاتدا لە بواری سۆسیۆلۆژی و کۆمەڵناسی کۆمەڵگاکەمان نرخاندنی بۆ کرا، وەک کۆکردنەوەیەک بۆ ئامانجی کۆنفرانسەکە ئەوەبوو کە لە بنەڕەتدا پێویستە ئێمە چی بکەین بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە بپارێزرێت؟ زەمینێک ڕەخسا کە ژنانی لاو ژنانی خاوەن ئەزموون پەیوەندییەکی زۆر لە نێوانیان دروست ببێت. ئەمە زۆر گرنگە کە تۆ بتوانی ئەزموونی دوێنێ و ئەمڕۆت لە یەکتر گرێ بدەی، بتوانی بەمە داهاتوویەکی ئازاد بخوڵقێنی، لەم کۆنفرانسەدا ئەمە دروستکرا، ئەم کۆنفرانسە بووە هۆکاری ئەوەی کە ژنان لە هەموو نەتەوەکان بێن، بە هەموو ئاینەکانەوە بێن و بەشداربن، ئەم کۆنفرانسە نەک تەنیا لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بەڵکو میوانی زۆر لە دەرەوەش هاتبوون، لە پارچەکانی تری کوردستان کە بینیان بە  شێوازێکە، بە گشتی ئەو یەکساڵ و چەند مانگەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نرخاندنی بۆ کرایەوە، وێڕای ئەوەی باس لە خاڵە بەهێزەکانی شۆڕشەکە کرا، باس لەوەشکرا کە چی دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێوست بێت شۆڕش ماوەیەک هێمن بێتەوە و بۆ گەورەترکردن و گەشاوەکردنی ئەو شۆڕشە چی بکەین، ژینگەیەکی زۆر باش ڕەخسا کە بێ هیچ دوودڵییەک هەرکەس باسی خۆی بکات، هەرکەس باسی نەتەوەکەی بکات، بۆ نمونە لە بەلوچستان هۆکارەکانی سەرکوتی ژنان چین و سەرهەڵدانەکان لە چ ئاستێکدان باسی لێوەکرا، لە مانتیقەی ئەلئەهواز و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمان شێوە، فارس بە هەمان شێواز و میلەتەکانی تریش، ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگ بوو کە ئاماژەی پێکرا، لە بنەڕەتتدا ئەم کۆنفرانسە زۆر لە سەدەکانی تێپەڕاند و پیشانیدا کە چی پێویستە بکرێت بۆ بەردەوامبوونی شۆڕش، بابەتی دووەم کە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدووڵا ئۆجەلان ئێستە ئاستێکی جیهانی گرتۆتە خۆ، دروشمێک کە ئێمە باسمانکرد کە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێرانا درا، تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و هەروەها جیهانی گرتەوە، لەم کۆنفرانسەدا جارێکی تر سەری هەڵداوە، هەموو ئەو پێویستیانەی کە باس ئەکرا کە پێویستمان بە ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوە هەیە، دەقیقەن لەم کۆنفرانسەدا بینیمان، وە ئەمە بۆ ئێمە جێگای شانازی و سەرفرازییە کە دنیایەک ژنی بەهێزمان لەم کۆنفرانسەدا ناسی، ئەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەگەر شوێنێک هەبێت کە پێشوازی لە هەموو جیاوازییەکان بکات و بیانگرێتە خۆ بێگومان پێشوازییەکە چەند بەرامبەر دەبێتەوە. کۆنفرانسەکەی دوێنێ و پێرێ لە ستۆکهۆڵم ئەوەی پشاندا کە ژنان زۆر کراوەن بۆ ئەوەی بێنە پاڵ یەکتر و یەکبگرن، یەکگرتنەوەی ژنان دەبێتە هۆکاری سەرخستنی شۆڕش، لە کۆتایی کۆنفرانسەکە و بەگشتی باس لە ئەڵتەرنایتڤەکان و شێوازەکانی سەرخستنی شۆڕش کرا، ئێمە لە داهاتوو چی بکەین، دەبێ باس لە کۆمەڵگایە بکەین کە کراوەیە واتە باس لە نەتەوەی دیموکراتیک بکەین کە ژن تێیدا ئازادە، ئەگەر باسی قەیرانی ئیکۆلۆژیک لەم کۆنفرانسە کرا بۆ داهاتوو ئێمە چۆن کۆمەڵگایەک دروست بکەین کە کێشە ئیکۆلۆژی و دیموکراتییەکان بخاتە بەرچاو، باسی ئازادی ژن بکات، لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەم کۆنفرانسە کۆتا کار نییە کە ئەکرێ وەک هەموو پانێڵیستەکانش ئاماژەیان پێدا، بەڵکو لەمەودوا پێویستە کارەکان بەردەوام بن، ئەم بەرەی ئازادیخوازە دەبێتە دەنگ و ئەتوانێ تێکۆشانی بەردەوام بکات دەبێت. زۆر خەباتەکان بەرفراوان بکات و بتوانین زۆر کەسایەتی جیاوازیش بێنینە ناو ئەم گروپە کە بتوانن کار و خەبات بکەن و بەدەوام بن."

هـ . ب