کۆنگرەی ستار کۆبونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا

کۆنگرەی ستار لە ساڵیادی دامەزراندنیدا لە قامشلۆ کۆبونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا باسی ئەوەکرا کە ژنان کۆمەڵگایەکی ئازاد بنیات دەنێن.

کۆنگرەی ستار رۆژئاوا لە ١٧مین ساڵیادی دامەزراندنیدا ئەمڕۆ لە ناوەندی کەلتوری و هونەری ئارامی تیگران لە شاروچکەی ڕمێلانی کانتۆنی قامشلۆ کۆبونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا ڕەمزیە محەمەد وتەبێژی کۆنگرەی ستار رۆژئاوا رایگەیاند، کۆنگرەی ستار نوێنەرایەتی هەموو ژنانی رۆژئاوا دەکات، هەروەها کۆنگرەی ستار لە بەرانبەر عەقڵیەتی سەردەستی پیاو و کۆنەپەرستی کۆمەڵگا وەستایەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئامانجەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، کۆمەڵگایەکی دیموکرات بنیات بنێت.

رەمزیە محەمەد باسی ئەوەی کرد کە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا تێکۆشانی گەیاندە هەموو جیهان.

' ئێمە لەسەر بناغەی فەلسەفەی عەبدوڵلا ئۆجالان تێدەکۆشین'

مونا یوسف کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاریش باسی ئەوەی کرد کە کۆنگرەی ستار وەک ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنان نییە، فەلسەفەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بە بناغە وەردەگرێت و بەپێی دۆزی ژنان و میراسی مێژوویی دۆزی ژنان تێدەکۆشێت. هەروەها پشتراستیکردەوە کە ژنانی هەموو پێکهاتەکان بە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد لەدژی زایەندەپەرستی و هەموو جۆرە توندوتیژیەک تێدەکۆشن.

کۆمیتەی ئامادەکاری کۆبونەوەکەش رایگەیاند، کۆبونەوەی کۆنگرەی ستار دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژی یەکەم راپۆرتی ساڵانە و هێڵ و فەلسەفەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد نیقاشی لەسەر دەکرێت و لە رۆژی دووەمیشدا باسی دۆخی ڕێکخستن دەکرێت و پلانی ساڵی داهاتوو ئامادە دەکرێت.

ف.ق