کۆنگرەی ستار لە شارۆچکەی هۆل یادی شەهید زیلان دەکاتەوە

کۆنگرەی ستار لە شارۆچکەی هۆل لە کانتۆنی حەسەکە سیمینارێکی ڕێکخست بۆ یادکردنەوەی شەهید زەینەب کیناجی "زیلان".

کۆنگرەی ستار لە شارۆچکەی هۆل لە کانتۆنی حەسەکە سیمینارێکی ڕێکخست، تێیدا دەیان ئەندامی کۆنگرەی ستار و ئەندامانی پەیەدە و دامەزراوە مەدەنییەکان بەشداربوون.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە شارۆچکەی هۆل، هیبە عەبدوڵا ئەحمەد، باسی لە کاروانی شەهید زیلان  کرد.

ڕوونی کردەوە، لە قۆناغی ناوەندییەوە، شەهید زیلان ئاشنای ڕێبازی تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو، لە ساڵی ١٩٩٤ لە ئەدەنە چالاکی ڕێکخستنی دەستپێکرد، لە ساڵی ١٩٩٥ لە دێرسیم چووە ڕیزەکانی پەکەکەوە.

هیبە عەبدوڵا ئاماژەی کرد بە ڕەوشی گەلی کورد لەوکاتەدا و گوتی: "گەلی کورد لەگەڵ ڕاگەیاندنی پەکەکە لە ساڵی ١٩٧٨ وەرچەرخانی بەخۆوە دیت، پاش ئەوەی دوژمنی تورک ویستی کوردستان بکاتە وڵاتێکی بێ گەل لەڕێگەی ئەو کۆمەڵکوژیانەی سەدان هەزار قوربانی لێ کەوتەوە، بووە هۆی ترساندنی ئەوانەشی کە مابوونەوە، ئەوانیش بەهۆی ئەشکەنجە و ڕاگواستنەوە لە هەموو خولەکێکدا بۆنی مردنیان دەکرد".

هیبە دووپاتی کردەوە، چالاکییە فیداکارییەکەی شەهید زیلان، لە ٣٠ ی حوزەیرانی ١٩٩٦، گەلی کوردی ڕزگار کرد، وەڵامێک بوو بۆ هەوڵی کوشتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.