کۆنگرەی ستار: ئێمە بەردەوام لە بەرامبەر هێرشەکان لە گۆڕەپانەکان دەبین

کۆنگرەی ستار داوای لە هەموو لایەک کرد دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ببنەوە و وتی: " شوێن پێی شەهیدەکانمان دەکەوین هەتا سەرکەوتن".

کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەیەکی نووسراودا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری قامیشلۆ شەرمەزار کرد کە لە ئەنجامدا 4 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان شەهید بوون و یەکێکیان بریندار بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ماوەی سێ ساڵە بۆ شکستپێهێنانی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکان. ئاماژە بەوەشکراوە دەوڵەتی تورک هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژێرخانی هەرێمەکە و ناوەندەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەمان کاتدا ئەنجام دەدرێن کە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی کەمپی هۆڵ لە شانەکانی داعش دەستی پێکردوو و ڕاگەیەندرا کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دژی چەتەکانە کە لەلایەن دەوڵەتەوە دامەزراون و بەڕێوەدەبرێن.

لە بەیاننامەکەدا هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی شەرمەزار کرا و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و گەلانی ئازادیخواز کرا کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە هەڵوێست و کاردانەوەی پێویست نیشان بدەن. هەروەها وتراوە: "ئێمەی ژنان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەمیشە لە مەیدانەکاندا دەبین و بە چالاکییەکان شوێنپێی شەهیدەکانمان هەتا سەرکەوتن هەڵدەگرینەوە".