'کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان خاوەنی یەک دووژمنی هاوبەشە'

شۆڕش خدر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە وتی: "کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان خاوەنی یەک دوژمنی هاوبەشە، بۆیە دەبێت خاوەنی ستراتیژییەکی هاوبەشیش بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن".

شۆڕش خدر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەویی کوردستان لەبارەی مێژووی داگیرکاری بۆسەر گەلی کورد، لە دیدارێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و وتی: "بەدرێژایی مێژوو، هەموو ئەو شۆڕش و جوڵانەوانەی لە ناو گەلی کورددا لە هەرچوارپارچە دروستبوون بە هۆکاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، پلانگێڕییان بەرامبەر کراوە و کپ کراونەتەوە، وەک نمونەی شۆڕشی ئاگری داخ بە ڕێبەرایەتی شێخ سەعیدی پیران و جوڵانەوەی کۆماری مهاباد بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد، هەروەها شۆڕشی بارزانییەکان، وێڕای هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەریمان هەبوو، پرسی داگیرکاری و دژ بوونی نەتەوەی کورد بەردەوام هۆکاری شکستی ئەم شۆڕشانە بووە، بەڵام لە بەرامبەردا ئێستا ئێمە لە باشووری کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی دانپێدانراوین، لە ڕۆژئاوای کوردووستان هێزەکانی قەسەدە توانییان ڕووبەڕووی هێزێکی وەک داعش ببنەوە و ئەمەش جێی دەستخۆشییە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشی ژینا سەرپێ خراو لە باکوری کوردستانیش، کوردان و خوشکان و برایانمان خەباتی مەدەنی پێش دەخەن، هەموو ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی خوێنی شەهیدانن و کورد خاوەنی هێزێکی مرۆیی و خاکێکی بەپیتین، ئەوەشی گرنگە ئەوەیە کە ئێمە چۆن بتوانین ئەزموون وەربگرین لە ڕابردوو، چونکە یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە لەو شۆڕشە مێژوویانەدا شکست بێنین ئەوە بووە کە نەماتوانیوە خاوەنی ڕوئیایەکی سیاسی و ستراتیژییەکی هاوبەش بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکان، لە کاتێکدا کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان خاوەنی دووژمنێکی هاوبەشبووین."  

' ئەرکی ئێمەیە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری گەریلاکانی ئازادی بکەین'

 ئەو سەبارەت بە ڕووبەڕوونەوی داگیرکارییەکان بۆسەر گەریلاکانی ئازادی وتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هەموو ڕێگا تەکنیکییەکان هەوڵیداوە هێرش بۆسەر گەلی کورد بکا، بەڵام لە بەرامبەردا گەریلاکانی ئازادی، بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە بووەتەوە و گەریلای مۆدێرنی دروست کردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەکنیکە نوێیەکان، چەکە تازەکان، هەروەها هێزەکانی قەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبنەوە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری گەریلاکانی ئازادی بکەین و ڕووبەڕووی دووژمن ببینەوە ."

 هەر سەبارەت بە ڕێکخراوەکانی مافی نێودەوڵەتی و پشتگیریکردنی گەلی کورد، شۆڕش خدر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وتی: "ئەزموون پێمان دەڵێت کە ئێمە ناتوانین پشت بە هیچ کام لەو ڕێکخراوانە ببەستین کە دەرگیرن و تێکەڵبوون لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری، ئەرکی ئێمە، هەم وەک هاوڵاتی، هەم نووسەران و ڕوشنبیران ئەوەیە هاوشانی گەریلاکانی ئازادی ڕووبەڕووی دووژمن ببینەوە و خەباتی خۆمان بەردەوامی پێبدەین، هەروها ئەرکی لایەنە سیاسییەکانە، کە نەبن بە بەشێک لەو داگیرکارییەی کە دەوڵەتی تورکیا دژ بە گەلی کورد دەیکات و لەبەرامبەر ئەو قڕکردنەدا بێدەنگ نەبن."

' تا رێبەر ئۆجالان ئازاد نەکرێت ئاریشە و دایگرکارییاکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کۆتایی نایەت'

 ئەو ئاماژەشی بەوەدا کە لە مێژوودا دەستگیرکردن و پیلانگێڕان لەبەرامبەر سەرکردەکاندا شتێکی نامۆ نییە و لە هیندستان غاندی و لە ئەفریقا ماندێلامان هەیە و وتیشی: "لە ماوەی مێژووی کورددا هیچ سەرکردەیەک وەک ڕێبەر عەبدووڵا ئۆجالان خاوەن فکر و ئایدیایەک نەبووە، وێڕای ئەوەی کە هێزی سەربازی هەبێت، ئەو سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی وەک چارەسەر پێشکەش کرد و دەتوانم بڵێم تا ئەو ئازاد نەکرێت ئاریشە و دایگرکارییاکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کۆتایی نایەت."

هـ. ب