کەژار: شۆڕشی ژنان، پێکەوەژیانی گەلانە

دەستەی بەڕێوەبەری کەژار سڵاوی لە هەوڵوێستی خەڵکی سەقز کرد و رایگەیاند: "وەک چۆن چەخماخەی ئازادی لە سەقزەوە لێدرا و هەموو کوردستان و ئێرانی تەنیەوە، ئیتر ئەو چەخماخەیە بووەتە بڵێسەیەکی ئازادی کە دەسەڵات ناتوانێت بیکوژێنێتەوە".

دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی کوردستان (کەژار) راگەیەندراوێکی لەبارەی شۆڕشی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردوەتەوە. کەژار سڵاوی لە هەڵوێستی خەڵکی سەقز کردووە و رایگەیاندووە: "وەک چۆن چەخماخەی ئازادی لە سەقزەوە دەستی پێکرد و هەموو کوردستان و ئێرانی تەنیەوە، ئیتر ئەو چەخماخەیە بووەتە بڵێسەیەکی ئازادی کە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیکوژێنێتەوە و دایبمرکێنێتەوە".

راگەیەندراوەکەی کەژار بەم جۆرەیە:

"تێکۆشان و بەرخودانی ژنان و گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ٤٠ رۆژی تێپەڕاند. تێکۆشانی بەربڵاوی ژنان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر کۆڵەکەکانی رژێمی دیکتاتاتۆری دەهەژێنێت و دەنگی شۆڕش بە تێپەڕبونی کات بەهێزتر و بەرزتر دەبێت. بە بۆنەی چلەمین رۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، خەڵکی شۆڕشگێر جارێکیتر هەڵوێستی خۆیان نیشان دایەوە. سەرباری تەواوی فشارەکانی رژێمی دیکتاتۆر و داخستنی رێگەکانی هاتووچۆ، ژنان و پیاوان رژانە شەقامەکان و لە رێگەی دەشت و ناوچەکانی دەوروبەرەوە بە ڕێپێوانی سەرکەوتن بەرەو گڵکۆی ژینا کەوتنەڕێ. ئەم هەنگاوە، وەڵامی ژنانە بۆ توندوتیژی حکومەت، بەوەی پێداگرە لەسەر شۆڕشی ئازادی.

چەخماخەی ئازادی

سڵاو لە خۆڕاگری و هەڵوێستی وشیارانە و بوێرانەی خەڵکی سەقز دەکەین کە هەموو بەربەستەکانیان تێپەڕاند و بە ورەیەکی شۆڕشگێڕییەوە پێداگرییان لەسەر ئازادی و سەرکەوتن کردن. هەروەک چەخماخەی ئازادی لە سەقز لێدرا و تەواوی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، بووە بڵێسەیەکی ئازادی کە دەوڵەت چیتر توانای کوژاندنەوە و دامرکاندنەوەی نییە. سەقزجارێکیتر بە خاوەنداری لە شەهیدانی خۆی، سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەی سەلماند و هەر ئەو رۆژەی کە لەسەر گڵکۆی ژینا دروشمی 'تۆ هێمای ئێمەی' و ' شەهید نامرن"یان وتەوە، پەیمانیان لە گەڵ تێکۆشاندا بەست. ئەو پەیمان و بەڵێنە مێژووییە بووەهۆی رابوونی توڕەیی گەل، کە وەک شەپۆلێکێک سەرجەم کۆڵان و شەقامەکانیی تەنیەوە.

هێمای ئەم شۆڕشە "ژن، ژیان، ئازادی"یە. دروشمێکی زۆر بەواتا کە سەرجەم داواکرییەکان بۆ ئازادی لەخۆی دەگرێت و جارێکیتر کە چلەی ژینادا وترایەوە. "ژن، ژیان، ئازادی" سەرچاوەی هیوا، ورە، ئیرادە و ویستی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە و ئەو ورەیە، بە تێپەڕبوونی کات بەهێزتر بووە و بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجانی قارەمان، کوردستان دەکرێتە گۆڕستانی فاشیستان. دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان"، "هەتا کوردێک مابێت کوردستان ئازاد دەبێت" و " دیکتاتۆر دەڕوخێنین تۆڵەی ژینا دەستێنین" هەر هەموویان دەرخەری هەڵوێستی رادیکاڵی گەلی ئازادیخوازە.

تۆڵەی ژینا ئەمینی، تۆڵەی هەزاران ژنە کە لەلایەن هزری پیاوسالارەوە کوژراون

 کولتوری بەرخودان هەموو ساتێک هاواری ئازادی روونتر و بەرزتر دەکاتەوە. گەلەکەمان چیتر نەک بە گریان و ماتەمگێڕان بەڵکوو بە هەلهەلەی ئازادی و وردەی بەرخودان کە سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، پێشوازی لە شەهیدانی دەکات.  ئەم ورەیە مزگێنی سەرکەوتن دەداتە مرۆڤایەتی. بێ شک تۆڵەی ژینا ئەمینی، تۆڵەی هەزاران ژنە کە لەلایەن هزری پیاوسالارەوە کوژراون و دەبێتە هۆی ئازادی ژنان و گەلان. ژنان، گەنجان و منداڵان بە ئامادەبوونی بەشکۆ لە مەراسیمی چلەی ژینا، پەیمانی سەرکەوتنیان بەست.

شۆڕشی ژنان

لەگەڵ دەوڵەتێكدا بەرەوڕووین کە بەردەوام مافی ژیانی بە پیاوان داوە، لەکاتێکدا پیاوانیش کۆیلەی بیرکردنەوەی دەوڵەتن. ژنان بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتانەی خۆیان رەخساندوویانە، بەرگرییان لە خۆیان کرد، لە کاتێکدا کە پەیڕەوکردنی هەر چەشنە توندوتیژییەکی پیاوانە رەوابوونی پیدراوە. "ژن، ژیان، ئازادی"ئەو بیرکردنەوەی روخاند؛ شۆڕشی ئازادی ژنان دەبێتە شۆڕشێکی دیموکراتیک، سۆسیالیستی و جەماوەری. ئەم دروشمە بووەتە مانیفیستۆی ئازادی ژن، ئازادییەک کە دەبێتە مایەی ئازادی کۆمەڵگا. ژنان بەم فەلسەفەیەوە بیرکردنەوەی پیاوسالار، ئایینپارێز و نەتەوەپارێزیان رووبەڕووی ئاڵنگاری کردووەتەوە. ژنان بە تێکۆشانی خۆیان هزری پیاوسالارانە کە مافەکان، دەوڵەت، سیاسەت و سەرجەم یاساکانی ئێستای لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی داڕشتنووە و دژایەتی ژنان دەکات، خستووەتەبەر لێپرسینەوە. ئەم راپەڕینە لە راستیدا ڵیپرسینەوە و حیسابخواستنە لە بیرکردنەوەیەک کە چەندین ساڵ بە دەستدرێژی، هێرش، کوشتن، سوکایەتی و توندوتیژی شکۆی مرۆڤ پێشێل دەکات. رەگ و ریشەی شۆڕشی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر پتەو و بەهێزە بەجۆرێک هیچ هێزێک توانای لەناوبردنی نییە. سەرجەم چین و توێژەکان، ئایین و نەتەوەکان هەبوونی خۆیان لەم شۆڕشەدا دەبینن و رەهەندی گرنگیشی ئەوەیە کەسەرجەم رەوتە کۆمەڵایەتیەکان بە یەک دەنگ و بە یەک هەڵوێست لە گۆڕەپانەکاندا خۆڕاگری دەکەن و پارێزگاری لە یەکتر دەکەن. یەکگرتوویی گەلان لەبەرامبەر ستەم و زۆرداری واتایەکی تایبەتی بەم بزوتنەوەیە بەخشیوە و جۆش و خرۆشی ئازادی زیاد دەکات و ئەمەش هێمای شۆڕشێکی هزری، هەستیار و مێژووییبوونی قۆناغی ئێستا و گۆڕانکارییە.

ئاگری تێکۆشانی ئازادی بەرزتر دەبێتەوە

بەدەستپێکردنی ئەم بزوتنەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، گەنجان و منداڵان شەهید بوون. بێگومان بە رژانی خوێنی هەر شەهیدێک بڵێسەی تێکۆشان بەرزتر دەبێتەوە. بە بەخشینی هەر بەها و تێچوویەک لە شۆڕشدا، پیاوانیش ئازادی خۆیان لە ئازادی ژنان و رزگاری ئەوان دەبیننەوە. ئەمە بەرەوپێشچوونێکی بەنرخ و گرنگە و لەراستیدا بە واتای تێگەیشتنە لە ژیانی ئازاد، کە بە زانستی ژن گەشە دەکات. پیاوانیش لە یەکەم رۆژەکانەوە هاوشانی ژنان سروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لە شەقام و زانکۆکان دەوتەوە و بەم دروشمەوە راپەڕینیان کرد.

 ژنان و پیاوان لە هەموو چین وتوێژەکان، نەتەوە و ئایینەکان، ناسنامە و ئازادی خۆیان لەم فورموڵ و هاوکێشە ئەفسوناوییەدا بینییەوە، کە ئاماژەکانی دەتوانرێت لە جۆری ناڕەزایەتی دەربڕینی کاریگەردا ببینرێتەوە. ئەم دۆخە دەرخەری درزتێکەوتنی گەورەیە لە سیستمی پیاوسالاری. راستییەک کە رێبەر ئاپۆ وەک "کوشتنی پیاوەتی" ناودێری کرد و دەتوانرێت رەنگدانەوەی بە شێوەیەکی زەق و بەرجستە ببینرێت. لەسەر سوڕگەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە جیهانی و کۆمەڵایەتی بووە، رێگە بۆ بەکۆمەڵایەتیبوونی ئازاد دەکاتەوە و هەنگاو بە هەنگاو بە واتای مەرگ و نەمانی پیاوەتی کلاسیکە و سەنتزی ژن-پیاوی ئازاد لە چوارچێوەی پاڕادایمێکدایە.

 

ئەم شۆڕشە لە گەڵ خۆیدا جیهان ئازاد دەکات

 بە شۆڕشی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رووخانی بیرکردنەوەی تاک رەهەند لەسەرتاسەری جیهان دێتەبوونەوە. هەربۆیە هیچ هێزێکی باڵادەست توانای نییە بە بیرکردنەوەیەک کە وێنای بیرکردنەوەی پیاوسالاری دەکات، سێبەر بخاتە لەسەر هێڵی تێکۆشانی "ژن، ژیان، ئازادی". لەبەر ئەوەی ئەم دروشمە سەرجەم مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و خۆپاراستنەکان لە خۆی دەگرێت و بەواتای ژیانی ئازاد و دیموکراتیکە بۆ سەرجەم گەلان. ژنان و گەنجان دەبێت زۆر وریا بن و رێگە نەدەن دروشمەکانی وەک "پیاو، وڵات، ئاوەدانی" لە گۆڕەپانەکاندا بوترێنەوە و ببیسترێن. چونکە خرۆشی بەرخوداندا هەر دروشمێک هێما، پەیام، هەڵوێست و دەربڕینی ئەندێشەیەکە و دروشمی "پیاو وڵات ئاوەدانی" هەموو رەهەندەکانی بیرکردنەوەی پیاوسالارانەی لەخۆگرتووە. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دیواری کۆڵانەکان، شەقام و خوێندنگەکانی رازاندووەتەوە. دڵی رۆڵەکانی گەلانمان لە شەقامەکان بەم دروشمەوە لێدەدات و ورە و تامەزرۆیی ئازادی چەند هێندە دەکات. دایکانمان بەم دروشمە ئەفسوناوییەوە رۆڵەکانیان بەخاکدەسپێرن. دروشمی "ژن ژیان ئازادی" ئیرادە و هەستی هەر مرۆڤێکی زیندووکردووەتەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەهاکان و هەبوونی خۆی بکات. خەڵکەکەمان ئیتر توانای خۆبەڕێوەبەریان هەیە و مەراسیمی هەر شەهیدێک، شۆڕشی ئازادی ژنانە و لە کوردستان، بەلوچستان، ئەهواز، ئازەربایجان، گیلان و تاران هاواری ئازادیخوازان بەرزدەبتەوە و ئازادی و سەرکەوتن رادەگەیەنن.

کاتی رێکخستنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری ژنانە

ژنان و گەنجان بە شێوەیەکی رێکخراو دەجوڵێنەوە و لەسەرجەم شار و گوندەکاندا کۆمیتە و لیژنەکانی خۆیان پێکهێناوە. گروپەکانی ژنانی کورد، ئازەری، عەرەب و بەلوچ بەناوی جیاجیاوە کۆمیتەی خۆیان پێکهێناوە کە ئەمەش دەرخەری ئاستی وشیاری و بەرێکخستن کردنی ژنان و پێشەنگبوونیانە. یەکێتی و یەکگرتوویی ژنان لە هەر نەتەوەیەک گەورەترین دەستکەوت و واتای شۆڕشی ژنان و پێکەوەژیانی گەلانە. کاتی پێکهێنانی کۆمیتەکانی ژنان، پاراستنی جەوهەری لە هەموو بوارەکانە و دەبێت ئەنجومەنکانی ژنان لە شار و گوندەکاندا دابمەزرێنرێن. شۆڕشی ئازادی ژنان و سیستمی خۆبەڕێوەبەری ئێران و  رۆژهەڵاتی کوردستان زەمینەیەکی لەباری بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەخساندووە. کەژار، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان سڵاو لە هەڵوێستی بوێرانەی ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و ئەم هەڵوێست و پێداگرییە زۆر بەنرخ دەبینێت. پشتیوانی لە شۆڕشی ژنان و گەلان دەبێت رادیکاڵتر و زیاتر بکرێت. لە روانگەی ئێمەوە تا سەرکەوتن و ئازادی ژنان لە ئێران، تێکۆشان لە هەموو بوارەکاندا دەبێت بەهێزتر بکرێت. ئەگەر یەکگرتوویی و یەکێتی بوونی هەبێت، ئازادی و سەرکەوتنی گەلان مسۆگەر دەبێت. هەروەها داوا لە سەرجەم گەلانی جیهان بە تایبەتی ژنان دەکەین کە لەبەرامبەر تاوانەکانی رژێمی دیکتاتۆر و خوێنڕێژی ئێران بێدەنگ نەبن و خاوەنداری لە شەهیدانی ژن ژیان ئازادی بکەن".

هـ . ب