کەژەکە: هێرشەکان بە بەرخۆدان ڕادەگیرێن

دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە، بەتوندی هێرشەکەی داگیرکەری تورک بۆ سەر هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "چارەنووسی گەلەکەمان و ڕۆژئاوا لە مەترسیدایە. نابێت بە هەر نرخێک بێت ڕێگە بدەین گورز لە دەسکەوتەکانمان بدرێت".

دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا کاریگەری دەکەنە سەر هەموو کوردستان. هەروەها دەڵێت: "لە هەموو شوێنێک هێرش دەکرێت. بە بەرخۆدان ڕێگە لە هێرشەکان دەگیرێت".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە سیاسەتە دوژمنکارییەکەی بەرامبەر ژنان و گەلی کورد و مرۆڤایەتی لەبەرچاوی جیهان، لە باشور و باکوری کوردستان. لە ٢٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوا، هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی قامیشلۆ، یوسرا دەروێش، جێگرەکەی لێمان شوێش، هەروەها فورات توما لەڕێگەی هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەری تورکەوە کوژران، هەروەها هاوسەرۆکی مەجلیسەکە گابی شەمعون سەر بە تایفەی سریانی بە سەختی بریندار بوو. سەری ڕێز دادەنەوێین بۆ یادی شەهیدان، بەڵێن دەدەین داهاتویەکی ئازاد بۆ ژنان و گەلانی کوردستان بخوڵقێنین لەپێناو یادەوەرییەکانیان لە کوردستانێکی ئازاددا. سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێکانیان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین، هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. دووپاتی دەکەینەوە، خۆپاراستن و وەڵامدانەوە، ماف و ئەرکە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە بەرامبەر هێرشەکان

ژنان و گەلی هێژامان:

دەوڵەتی تورک سەد ساڵە قڕکردن بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنێت. قڕکردنی گەلی کورد و فەرماندەکانی تێکۆشان و بەرخۆدانی کردۆتە سیاسەتی خۆی و جێبەجێی دەکات. هێشتنەوەی کورد بەبێ ڕێکخستن و پێشەنگ و پێگە کردۆتە ئامانجی خۆی، لەپێناو لەناوبردنی هەبوونی کورد لەڕێگەی ئەسیمیلاسیۆن و نکۆڵی و سێدارە و کوشتنەوە. بۆ ئەم کارە سودی لە کوردە خیانەتکارەکان وەرگرت، لەگەڵ سودبینین لە نزیکایەتییە دوژمنکارییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە دژی کورد، هەروەها ئەو سیاسەتانەی بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان دەپارێزن، دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی و هاوکاری ئەوان ئەم کارانەی کرد. لەگەڵ سەدەی دووەمی پەیماننامەی لۆزان، سیاسەتی قڕکردنی کورد زیاتر بوو، بەجۆرێک ئەم سیاسەتە سنوورەکانی دەوڵەتی تورکی تێپەڕاند و گەیشتە باشور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم هێرشانە کرانە سەر هەر شوێنێک کوردی لێ بێت. ئەم هێرشانە بەردەوام و چڕتر بوونەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی و مرۆیی و یاسای نێودەوڵەتی. جیهان ئەم هێرشانە دەبینێت. دەوڵەتی تورک تۆڵە لە کورد و ڕۆژئاوا دەکاتەوە بەهۆی شکاندنی داعشەوە. لەڕێگەی ئەم هێرشە نامرۆییانەوە تۆڵەی شکستی داعش دەکاتەوە. هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگن. ئەم بێدەنگییە بێبەزەییانەیەوە و لە پێوەری ئەخلاقی جێگەی نابێتەوە.

دەبێت بە تێکۆشان و بەرخۆدانی بەهێزتر وەڵام بدرێتەوە

گەلی هێژامان، مرۆڤایەتی شۆڕشگێڕ و چەپ و دیموکراتیک!

دەوڵەتی تورک بە سەرپەرشتی ئەردۆگانی فاشیست، دەیەوێت لەڕێگەی قڕکردنی کوردەوە، چەمکی هێرش و سیاسەتی نامرۆیی و ناسیۆنالیزم و نەژادپەرستی ببێتە تاکە هێزی باڵادەست لە هەرێمەکە. دەبێت بە هەموو ڕێگەیەک بڕوانرێتە ئامانجی قڕکردنی کورد  و بە تێکۆشان و بەرخۆدانی مەزنتر وەڵامی بدرێتەوە.

لەبەرئەوەی ڕۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان دژی قڕکردنی مرۆڤایەتی و ژن و ژینگە دەبینرێت، بۆیە هێزەکانی نێودەوڵەتی لەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک خاوەنی ڕۆڵ و پشکن. بوونەتە هاوبەشی کۆمەڵکوژی دژی ژنان و کورد. کورد و ژنان کە داعشیان وەستاند ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە،  بەڵام ئەم هێزانە بێزاری خۆیان دەرنابڕن لەم بارەیەوە. بەپاساوی ئەندامبوونی دەوڵەتی تورک لە ناتۆ دەڵێن "ناتوانین هیچ بکەین"، بەمەش دووڕوویی دەنوێنن.

لە هەموو شوێنێک هێرش هەیە

ئەم هێرشانە لە هەرێمەکە تیشک دەخەنە سەر ڕەوشی مەترسیداری سەر ڕۆژئاوا. ئامانج لە نوێکردنەوەی گرێبەستە گەندەڵەکانی نێوان دەوڵەتانی سەرکوتکەر، ئامانج لە ڕێککەوتنە دیپلۆماسییەکان هێشتنەوەی کوردە بەبێ ئیرادە و ئیدارە و ئایندە. ئەم هێرشانە سەراپاگیرن، لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕوودەدەن. جار دوای جار، هەوڵ دەدرێت بۆ لەباربردنی دەسکەوتەکانی کورد. لە هەموو شوێنێک هێرش هەیە، ڕێگەی بەرگرتن لە هێرشەکان هەر بەرخۆدانە.

بە هەر نرخێک بێت، نابێت ڕێگە بدەین گورز لە دەسکەوتەکانمان بدرێت

هەبوونی ڕۆژئاوا لەسەر پێی خۆی، کاریگەری دەکاتە سەر هەموو کوردستان. نەبوونی دەسکەوتەکانی بەهەمانشێوە کاردەکاتە سەر چوارپارچەی کوردستان. بەهۆی تێکۆشانی درێژخایەنەوە دەسکەوت هەبوون. ئێمە داوا لە کورد و ژنانی کورد دەکەین، بە هەستیاری و بەپرسیاری ڕەفتار بکەن بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان لە هەموو بوارێکدا. نابێت کورد بە بەرخۆدانی پاسیڤ و ناچالاک دەسکەوتەکان بپارێزن، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی هێز و ئیرادەوە بێت کە بەهۆی بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕادیکاڵ بەدەستهاتووە. چارەنووسی ڕۆژئاوا و گەلەکەمان لە مەترسیدایە. بە هەر نرخێک بێت، نابێت ڕێگە بدەین گورز لە دەسکەوتەکانمان بدرێت.

یوسرا دەروێش و لێمان شوێش و فورات توما، ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەهێزکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا. بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی دیموکراسی و ئازادی دەکەینەوە، لە کەسێتی ئەواندا بەتوندی هێرشەکەی سەریان شەرمەزار دەکەین. هەریەک لەوان، بە دڵ و مێشک کاریان دەکرد بۆ بنیاتنان و بەهێزکردن و پاراستنی شۆڕش. خاوەندارێتیکردن لەم ڕەنج و بەرخۆدان و هەڵوێستە بەرزە و خاوەندارێتیکردن لە خەونی ئایندەیەکی ئازاد بۆ مرۆڤایەتی و ژنان، ئەرکی دیموکراتیک و مرۆڤایەتییە. لەم بارەیەوە، دووبارە داوا لە گەلی کوردستان و ژنان و مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز دەکەین، هەڵوێست وەربگرن دژی ئەم هێرشە فاشیستانە و پێکەوە بەرخۆدان بەهێز بکەن".