کەژەکە: پێویستە هەموان پارێزگاری لە بەرخۆدانی خەڵکی کامپی مەخمور بکەن

دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە ناڕەزایەتیی بەرامبەر هەوڵی تەلبەندکردنی کامپی مەخمور دەربڕی و ڕایگەیاند: "دەبێت گەلی کوردستان و ژنان پارێزگاری لە بەرخۆدانی خەڵکی مەخمور بکەن و لە هەموو ناوچەکانیاندا پشتیوانییان لێ بکەن و بازنەی بەرخۆدان گەورەتر بکەن."

دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی عێراق بۆ سەر کامپی مەخمور ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کەژەکە ڕایگەیاند: "خەڵکی مەخمور لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە زوڵم و زۆردارییان لە دژ ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا کۆچیان بۆ باشووری کوردستان کردووە، دوای گۆرینی چەندین شوێن لە دواییدا لە مەخمور نیشتەجێ بوون و لەوێ ژیانێکی نوێیان بونیادنا. لە دژی هەموو هێرشەکانی فاشیزم و داگیرکەریی بەدەر لە مرۆڤایەتی، سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان، ماڵ و ژیانیان وەستانەوە و خۆیان بەدەستەوە نەداوە و تا کۆتایی بەرگرییان کردووە و شکۆمەندیی مرۆڤایەتی و کوردبوونییان گەیاندە بەرزترین لوتکە. نوێنەرانی بوێر و ئازای خەڵکی بۆتان، بیابانی مەخموریان سەرلەنوێ سەوز کردەوە، تا کۆتایی داکۆکییان لە شکۆمەندی و ناسنامەی خۆیان کردووە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش درێژەیان پێداوە. ژنان، دایکان و گەنجانی مەخمور هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەباتدا بەشدار بوون و تێکۆشانیان بە هێزکردووە و پێشەنگایەتییان بۆ کردووە".

لە بەیاننامەکەی کەژەکەدا هاتووە:

"گەلی کامپی مەخمور بە بوێرییەوە لە دژی هەموو هێرشەکانی داعش، دەوڵەتی تورک و پارتی (پەدەکە) وەستانەوە و ئەو هێرشانەیان تێکشکاند و پووچیان کردنەوە. دوای تێکشکاندن و پووچکردنەوەی هێرشەکانی داعش، بەتایبەتی دەوڵەتی تورک و پارتی (پەدەکە) بەیەکەوە و هەماهەنگ  گوشاریان خستە سەر کامپەکە و لە گەمارۆی ئابوورییەوە تاوەکو گەمارۆی تەندروستییان لە دژی کامپەکە بەڕێوەبرد و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشەنگەکانی گەلیان تیرۆر کرد و تاوەکو ئەم قۆناغەی ئیستاش بە بەردەوامی درێژەییان بە هێرشەکانیان داوە. کاتێک بە هەموو ئەو گوشار و هێرشانە ئەنجامیان بەدەست نەهێنا، ئەمجارە بە دەوڵەتی عێراق جوڵەیەکی نوێی هێرشکردنە سەر کامپەکەیان خستووەتە کار.

کامپی مەخمور کامپێکە بۆ ژیانی ئازاد و کامپی بەرخۆدانە. ئێستا بە دەوڵەتی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتی (پەدەکە)، دید و چەمکێکی نوێ بۆ گوشار خستنە سەر ئەم ژیانە ئازادە دەستیپێکردووە و دەیانەوێت دەورووبەری کامپەکە تەلبەند بکەن و بورجی سەربازی دروستبکەن و بەوەش دەیانەوێت کامپەکە بخەنە ژێر گوشاری سەربازییەوە. کامپی مەخمور، کە بە رەنجی گەلەکەمان، دایکان و گەنجانمان گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانێکی ژیانی ئازاد، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە کامپەکە بکەنە شوێنی دیلکردن. بە دڵنیاییەوە گەلەکەمان ئەمەی قبوڵ نەکردووە و قبوڵیشی ناکات.

ئێمە سڵاو لە بەرخۆدانی گەلەکەمان لە مەخمور، دایکان و گەنجانمان دەکەین، کە لە دژی ئەو سەپاندنە زۆردارانەیە وەستاونەتەوە. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەلەکەمان بەرهەڵستییان کردووە و سەلماندوویانە، کە سەپاندن و زۆرداری قبوڵ ناکەن. دەوڵەتی عێراق ناتوانێت ئەمە بەسەر ئیرادە و خواستی گەلێکدا بسەپێنێت، کە کۆمەڵکوژیی گەورە، زوڵم و ستەم و دوورخستنەوەی تێپەڕاندووە. هەرگیز قبوڵ ناکرێت، کە ئەو شوێنەی، کە گەلی تیادا دەژین ببێتە کامپی دیلی. خەڵکی مەخمور تا ئێستا زیانیان بە هیچ کەسێک نەگەیاندووە، بە پێچەوانەی لە دژی ئەو هێزانە تێکۆشاون، کە دوژمنی گەل – خاکی عێراق و دوژمنانی گەلی کورد بوون، ئەو خاکە، کە لەسەری ژیاون بە فیداکاری پاراستوویانە و قوربانییان لە پێناویدا داوە. پێویستە دەوڵەتی عێراق سەرلەنوێ پیاداچوونەوە بە سیاسەت و پلانەکانی خۆیدا بکات، بێگومان گرنگە نزیکایەتییەک بگرێتە بەر، کە دیموکراتیک بێت، ئیرادە و داوای گەل قبوڵ بکات.

پێویستە گەلی کوردستان و ژنان پارێزگاری لەم بەرخۆدانەی مەخمور بکەن و لە هەموو ناوچەکانیاندا پشتیوانیی لێ بکەن و بازنەی بەرخۆدان زیاتر و بەهێزتر بکەن."

ژ.ت