لە چەند شارێک چالاکی ٨ـی ئادار ئەنجام درا

لە شارەکانی وان، گەڤەر و ئیدیر بە چالاکی جۆراوجۆر ٨ـی ئادار رۆژی جیهانی ژنانی کرێکار پیرۆز کرا.

چالاکی ٨ـی ئادار

لە چوارچێوەیی چالاکیی و پیرۆزباییەکانی ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار ئەمڕۆ لە چەندین شاری باکووری کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان چالاکی ئەنجام درا. لە بەردەوامی چالاکییەکانی ٨ـی ئاداردا لە وان، گەڤەر و ئیدر ئەو ڕۆژە پیرۆز کراو و پەیامی بەردەوام بوون لە تێکۆشان دووپات کرایەوە.

وان: بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حوکم دراوان (توهای دەر) لە پێش کامپی گرتووخانەی وان ڕاگەیاندراوێک خوێندرایەوە. لە ڕاگەیانداوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کرایەوە، ئاماژە بەوەکرا بانگەوازییەکە هەڵگری مانادارییەکی مەزنە بۆ ژنان و هەموو گەلان.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانیان" کۆتای هات.

گەڤەر: تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ـی ئاداردا لە هۆڵی ئاهەنگی تەکچە لە ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ ئاهەنگێکی ڕێکخست. لە ئاهەنگەکەدا وێڕای بەشداربوونی چەندین ژن، بەشێک لە نوێنەر و ئەندامانی دەزگا و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ژنان بەشداربوون.

لە ئاهەنگەکەدا هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە حومەیرا ئارموت سڵاوی لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە کرد و باسی لە گرنگی بانگەوازی مێژووی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کرد و بانگەوازی لە ژنان کرد بۆ پێشەنگایەتی لە خاوەنداریکردن لە بانگەوازییەکە.

دوای قسەکان ژنان بە گۆرانییەکانی هونەرمەند مزگین توران ئاهەنگییان گێڕا.

ئیدر: بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە ناوچەی قولپی ئیدر لە چوارچێوەی ٨ـی ئاداردا لە بینای دەم پارتی ناوچەکە ئاهەنگێکی ڕێکخست. لە ئاهەنگەکەدا ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان، هاوشانی ئەندام و بەڕێوەبەرانی دەبەپە و دەم پارتی بەشداربوون.

لە ئاهەنگەکەدا هاوسەرۆکی شارەوانی ئیدر نەجلە کوم قسەیکرد و گوتی: "لە مێژوودا ژنان هەمیشە لە دژی ستەم وەستانەتەوە. ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەموومان پیرۆز بێت و بەو ڕوحەوە بەردەوامی دەدەین بە تێکۆشانی ئازادی ژنانمان."

ئاهەنگەکە بە وتنەوەی درووشم کۆتایی هات.