'لە دژی تیرۆرکردنی ژنان، ژنانی ئازاد زیاتر پەرە بە تێکۆشان دەدەن'

لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە شاری کەرکووک ژنە شۆڕشگێڕی کورد فریاڵ سلێمان تیرۆکرا. ژنانی چالاکوان و ئازادیخواز لەو بارەوە رایانگەیاند:" لە دژی تیرۆکردنی ژنان، ئێمە زیاتر لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین."

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە شاری کەرکوک ژنە شۆڕشگێڕی کورد فریاڵ سلێمان (زەلال زاگرۆس) کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بە مەبەستی چەند دیدارێک و بەسەرکردنەوەی رێکخراوەکانی ژنان سەردانی ئەو شآرەی کردبوو، تەقەی لێکرا و شەهید بوو، پێشتریش لە سلێمانی ئەندامی ناوەنی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسەل بەهەمان شێوە تیرۆر کرابوو، ئۆباڵی هەردوو کردەوە تیرۆریستیەکەش دەخرێتە ئەستۆی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی لە باشووری کوردستان.

لەبەرامبەر ئەو تیرۆرانەی دژی ژنانی شۆڕشگێڕ لە ئارادایە، چالاکوانانی ژن باس لەوەدەکەن، ئەو کردەوانە نەک ساردیان ناکاتەوە، بەڵکوو زیاتر هانیان دەدات گوڕ بە تێکۆشان بدەن.

یەریڤان محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لە باشووری کوردستان، لەبارەی تیرۆرکردنی ژنانەوە ئەو کردەوانەی شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم تیرۆرکردنە تەنها بۆ ژنانی سیاسی یان چالاکوان نییە و لەم بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت:" مەترسی تیرۆر لەسەر هەر ژنێکە کە بیەوێت دەنگی خۆی هەڵبڕێت و خۆی لەگەڵ ژنانی تر بە ڕێکخستن بکات و خۆی پەروەردە بکات، لەبەرامبەر ئەوەدا ئێمە بانگەوازی ژنان دەکەین بوونی خۆیان وەک ژنێک بە ڕێکخستن بکەن و پەروەردەی خۆیان بکەن و خۆیان بگەیەننە ئاستێک کە ببنە جڤاکێکی ئازاد، وەک نمونەی ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژئاوا، کە سیازدە ساڵە پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن، دەبێت لەبیرمان بێت ئەم مەترسی تیرۆرە بەتەنها لەسەر ژنان لث ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو لەسەر ژنانی هەموو کوردستانە."

تارا ڕەزا ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادی، لەبارەی تیرۆرکردنی زەلال زاگرۆس کە چالاکوانێکی سیاسی بوو، پێیوایە کە لە هەر شوێنێک ژنێکی ئازاد هەبێ، ئەوە دەستی تیرۆری پێدەگات و لەو ڕوانگەشەوە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت:" هەڤاڵ زەلال کەیسەکەی هەم سیاسییە و هەم لەبەر ئەوە تیرۆرکرا کە کورد بوو، ئەو دەیزانی کە باشووری کوردستان بووەتە شوێنی کۆمەڵکوژی ژنان، هەربۆیە هات تا هێز و ئیرادەی ژنانی ڕۆژئاوا بگوازێتەوە بۆ ژنانی باشووری کوردستان، ویستی پەیوەندییەک لە نێوان ژنانی ڕۆژئاوا  باشوور دروستبکات، بەڵام تیرۆرکردنەکەی پەیامێک بوو کە دەوڵەتی تورکی فاشیست بە کوردانی کەرکوکی گەیاند، کە ئێوە چەندە تێکۆشان بکەن، ئێمە تیرۆرتان دەکەین."

 هەروەها ئەم تیرۆرەی بەستەوە بە تیرۆرکردنی ساکینە جانسیز و ناگیهان ئاکارسەل و ئەڤین گۆییەوە  و رایگەیاند:" دوژمنی ئێمە لە هەرشوێنێک ژنێکی ئازاد هەبێ تیرۆری دەکات،  دایدەبڕێ لە سروشت و خاکی خۆی، هەر وڵاتێک داگیر بکرێت دوژمن دەست بۆ هێزی ژنانی دەبا و دەیەوێ بیکاتە بوکەڵەی سەرمایەداری و بەکاری بهێنێت و ژنی ئازادی پێ قبوڵ ناکرێت."

هەروەها ئەو تیرۆرانەی شەرمەزارکرد، کە لەسەر ژنانی ئازاد هەیە لە کوردستان و باسی لەوە کرد هەر چوارپارچەی کوردستان یەک جەستەیە و دڵنیایی دا کە لە بەرامبەر تیرۆر و کوشتنەکان ژنانی ئازاد، زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن و پەیوەست دەبن بەو خەبات و تێکۆشانەی کە لە ژنانی ئازادیخوازەوە بۆیان ماوەتەوە و هەمیشە بەردەوام دەبن لە سەر رێبازەکەیان.

هـ . ب