لە سلێمانی مەراسیمی چلەی شەهیدان یوسرا دەروێش و لێمان شوێش بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی کەمپینی یەکڕیزی ژنان و بە هاوبەشی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار، مەراسیمی چلەی شەهیدان یوسرا دەروێش و لێمان شوێش بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ بە درووشمی "شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن" بە پێشەنگایەتی کەمپینی یەکڕیزی ژنان و بە هاوبەشی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار، لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان، چلەی شەهیدان یوسرا دەروێش و لێمان شوێش بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان دووپاتیان کردەوە، درێژە دەدەن بە ڕێگەی شەهیدان تا بەدیهاتنی هەموو مافەکانی ژنان.

پاش خولەکێک وەستانی بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی، وتەیەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە تێکۆشانی ژنان خوێنرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، ژنان خاوەنی پێگەیەکی بەرزن، بەهێز و توانای خۆیان دەتوانن مافەکانیان بپارێزن.

پاشان، شەیما مەعروف، قەسیدەیەکی خوێندەوە، تێیدا تیشکی خستە سەر قوربانیدانی شەهیدان یوسرا دەروێش و لێمان شوێش و تێکۆشانیان بۆ مافی ژنان.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا بروسکەی سەرەخۆشی مەڵبەندی سلێمانی حزبی شوعی کوردستان و خانمانی پارتی سەوزی کوردستان، تەڤگەری ئازادی و یەکێتی ژنانی کوردستان و دایکانی لەچک سپی و هونەرمەندە ئاوارەکان، ئاراستەی ماڵباتی شەهید ڕێحان و هەڤاڵانی و کۆنگرەی ستار و تەواوی ژنانی ڕۆژئاوا کرا.