لە ئۆسلۆ خولێکی پەروەردەیی بۆ ژنانی باشور کرایەوە

لە ئۆسلۆ، ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە هاوکاری ئەکادیمیای ژنۆلۆژی خولێکی پەروەردەیی سێ ڕۆژە بۆ ژنانی باشوری کوردستان ئەنجامدرا.

لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ ی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ڕێکخستنەکانی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە وڵاتی نوروێژ بە دروشمی " ژن، ژیان،ئازادی" بە هیواوە بەرەو ڕێکخستن بۆ بەشداری لە شۆڕشی ژن " بە هاوکاری ئاکادیمیای ژنۆلۆژی یەکەم خولی پەروەردەی بۆ ژنانی باشوری کوردستان ئەنجامدا. لە خولەکەدا ١٥ ژنی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا بەشدارییان کرد.

لە خولە سێ رۆژییەکەدا بابەتەکانی وەک هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشوری کوردستان و عێراق، مێژووی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان و ژنۆلۆلۆژی پێشکەش کرا.  لە خولەکەدا جەخت لە سەر خودناسی، وشیاریکردنەوەی ژن لە مێژووی خۆی و پێویستی خۆڕێکخستنکردنی ژنان خرایە ڕوو.

لەو سێ ڕۆژەدا گفتوگۆیەکی چڕ لە سەر کێشەکانی کۆمەڵگەی کورد و ژنی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا، پرسەکانی کوردستان و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە لە دەرەوەی وڵات کرا و هەروەها ئاماژە بە پێویستی بەشداری ژن لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا کرا و گرنگی پێشەنگی ژنان لە ڕێکخستنکردنی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی خرایەڕوو لە بەشداری ڕاستەوخۆی تاکەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا. لە چارەسەریدا جەخت لەسەر فەلسەفە و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی کرایەوە کە لە پایەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن پێکدێت. ژنان لە گفتوگۆکاندا ئاماژەیان بە گرنگی ڕێبازەکانی زانستی ژن- ژنۆلۆژی کرد لە گۆڕینی زهنیەت و بنیاتنانی سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤ کە وەڵامدەرەوەی پرسەکانی ڕۆژ و پرسە کەڵکەبووەکانە.

لە ئێوارانی خولەکەدا ژنان بەرنامەی هونەری و کولتوورییان ڕێکخست و یەک لەوانە نیشاندانی بەڵگەفیلمی هێزا شەنگالییە کە باس لە فەرمانداری یەکینەکانی ژنانی شەنگال دەکات کە لە هێرشەکانی ٢٠١٤دا لە لایەن داعشەوە دەڕفێنرێت، کۆیلەدەکرێت و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. پاش ئازادکردنی لە لایەن هێزەکانی یەپەژەوە بەشداری لە یەکینەکانی ژنانی شەنگال دەکات و دواتر وەک فەرماندارێک بەشداری لە ڕزگارکردنی ڕەقا دەکات، لەو شارەی کە کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا لە لایەن داعشەوە".

ژنانی باشوری کوردستان کە زۆرینەیان ئەندامانی ڕێکخستنەکانی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بوون و بەشێکیان لە چالاکوانانی مەدەنی پێکهاتبوون پلانسازییەکیان بۆ قۆناغی ئایندە داڕشت و دواتر بەشداری خۆیان لە " هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان " ئەنجامدا.