لە زۆرێک لە وڵاتان کوشتنی ژینا ئەمینی ئیدانە کرا

لە لۆس ئەنجلۆسەوە بۆ بەیروت، لە مەدریدەوە تا ئەسینا، لە هەموو شەقامەکانی جیهان پشتگیری بەرخۆدانی ئێران و ڕۆژهەڵات کرا.

دوای ئەوەی ژینا ئەمینی لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە ئەشکەنجە درا و کوژرا، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکرد. بەپێی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ناوی  یو ئێس تی (UST)، لەو خۆپیشاندانانەدا بەلایەنی کەمەوە ٥٠ کەسی کوژراون. جگە لە بزوتنەوەی ژنانی کورد و ژنانی ئێران، هەزاران کەس لە سەرتاسەری جیهان ڕژانە سەر شەقامەکان و تاوەکو پشتیوانی لە ژنانی ئێران بکەن.

لە ٢٢ی ئەیلولدا لە لۆس ئەنجلس نزیکەی هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی ڕایانگەیاند، رژێمی ئێران لەچک و پەچە وەک چەکێک بەکاردەهێنت و ئەو دڕندەییان وەک کوشتنی جۆرج فلۆید لێکدایەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەلایەن پۆلیسی ئەمریکاوە کوژرا.

دوای خۆپیشاندانەکە ژنان بۆ یادی ژینا ئەمینی کۆبوونەوە و لەبەردەم وێنەکانی ژینا دا مۆمیان داگیرساند.

چالاکییەکی هاوشێوەش لە نیۆیۆرک ئەنجام درا.

لە ٢٣ی ئەیلول لەبەردەم دەروازەی براندنبێرگ لە بەرلین جەماوەر وێنەی ژینا ئەمینییان بەرزکردەوە و سێ ژنی ئێرانی بە بەرچای گەلەوە قژی خۆیان بڕی و فڕێییاندایە ناو ئاگرەوە.

لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ئەندامانی فێمین لەسەر جەستەی خۆیان لەبەردەم دەرگای باڵیۆزخانەی ئێران نووسییان "فێمین لەگەڵ ژنانی ئێراندایە" و خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.

هەروەها لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران چالاکیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.

لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنانیش ژنان چالاکیی دانیشتنیان ئەنجامدا.

هەروەها ئەمڕۆ لە چەندین شاردا بە پێشەنگایەتیی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە / TJK-E) و رێکخراوەکانی ئێران خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.

ژ.ت