لێبووردنی نێودەوڵەتی: لە ئێران فشارەکان دژی ژنان زیاتربوون

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، فشاری سەر ژنانی ئێران بۆ پۆشینی سەرپۆش زیاتر بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتی ئێران فشارەکانی زیاتر کردووە بۆ سەر ژنان و کچان لەپێناو پۆشینی سەرپۆش، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە سەرتاپای وڵاتدا، دەسەڵاتی ئێران فشاری زیاتر دەکاتە سەر ئەو ژن و کچانەی لە شوێنە گشتییەکاندا سەرپۆش ناکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، وتەبێژی پۆلیس سەعید مونتەزەر مەهدی، هەمدیسان لە ١٦ ی تەمموز، کارابوونەوەی دەورییەکانی بۆ سەرپۆشی ناچاری ڕاگەیاندووە، ئەو ژن و کچانەی پابەندی "پێوەرەکان" نابن، ڕووبەڕووی هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دەبنەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، لە ١٥ ی نیسانەوە تا ئێستە، نامەی هۆشداری دراوتە زیاتر لە ملیۆنێک ژن، ئەگەر ژنەکان بەبێ سەرپۆش لەبەردەم کامێرا دەربکەون، دەست بەسەر ئۆتۆمبیلەکانیان دەگیرێت. وەک بڵاوبۆتەوە، تا ئێستە دەستگیراوە بەسەر ٢٠٠٠ ئۆتۆمبیلداو زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس لە تەواوی وڵات دراونەتە دادگا.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە: "ڕەشنووسی پرۆژە بڕیاری پشتیوانی سەرپۆش و عیفەت پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، تێیدا هاتووە ئەو ژن و کچانەی لە شوێنە گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ سەرپۆش دەردەکەون ڕووبەڕووی سزای جیاجیا دەبنەوە لەوانەش سزای ئابووری و جڤاکی، بەشی زۆری سزاکان پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە".