نازیلا مەعروفیان ڕۆژێک دوای ئازادکردنی، جارێکی دیکە دەستگیر کرایەوە
رۆژنامەنووسی کورد، نازیلا مەعروفیان، کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی ئەنجامدابوو، ڕۆژێک دوای ئازادکردنی، جارێکی دیکە دەستگیر کرایەوە.
رۆژنامەنووسی کورد، نازیلا مەعروفیان، کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی ئەنجامدابوو، ڕۆژێک دوای ئازادکردنی، جارێکی دیکە دەستگیر کرایەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی ھەواڵ، دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ ئاب، رۆژنامەنووس، نازیلا مەعروفیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا، دوێنی بۆ جاری سێیەم لەلایەن ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران دەستگیر کرایەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە، کاتێک بە مەبەستی وەرگرتنی مۆبایلەکەی سەردانی بنکەی پۆلیسی کردووە، جارێکی دیکە دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی قەرچەکی تاران کراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کاتی دووبارە دەستگیر کردنەوەی، نازیلا کە لەگەڵ دایکی بووە، لەلایەن پۆلیسەکانەوە توندوتیژی بەرامبەر کراوە.
جێی باسە نازیلا مەعروفیان، خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام دانیشتووی شاری تارانە، ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە کوردە، دوای کوژرانی ژینا ئەمینی گفتوگۆی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەنجامدابوو و رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سەر ماڵپەڕی موستەقێل بڵاویکردەوە. دوای ئەوەش ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە لایەن ھێزەکانی ئێران دەستگیر و ڕەوانە زیندانی ئەوینی شاری تاران کرا.
نازیلا پاش تێپەربوونی زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ، ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا، بەڵام ڕۆژی ٨ی تەمووزی ئەمساڵ لە کاتی سەردانی بۆ دادگا دەستگیر و جارێکی دیکە ڕەوانەی زیندانی ئەوینی تاران کرایەوە.
ژ.ن