پەیمان ڤیان: تەنیا خەڵک دەتوانن چارەنوسی ئەم رژێمە یەکلابکەنەوە

هاوسەرۆکی پەژاک، پەیمان ڤیان لە هەڵسەنگاندنێکدا لەبارەی دۆخی ئەم دواییەی ئێران و قەیرانە هەنووکەییەکان جەختی لەوەکردەوە، کە تاکە رێگەی یەکلاکردنەوەی چارەنوسی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتوری گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی گەل.

پەیمان ڤیان هاسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان لە وتارێکدا شیکردنەوەی وردی بۆ دۆخی نالەبار لە ئێران و قەیرانە وێرانکەرەکان کرد و تاکە رێگەی یەکلاکردنەوەی چارەنوسی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتوری بە گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل ناوبردووە. باسی لەوەکردووە کە هەژمونی جیهانی لەمرۆدا بە چەندی شێوەی جیاجیا سازش و نەرمینواندن بۆ رژێمی ئێران دەکات و سیاسەتی سەرکوتیش لە ناوخۆ هەموو مافەکان پێشێلدەکات.

دەقی هەڵسەنگاندنەکەی پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەم جۆرەیە:

"کاتێک توڕەیی و بێزاری کۆمەڵگە دەگاتە لوتکە و تەنگی پێهەڵدەچنرێت، چیتر هیچ حکومەتێک توانان نییە دەنگ و پشتیوانی ئەو خەڵکە بە ئاراستەی درێژەدان بە حکومڕانی خۆی بەدەستبهێنێت. کۆمەڵگەی ناڕازی و ستەملێکراوی ئێران، نە هیچ نیشانەیەکی بێ دەربەستبوون و بێهەڵوێست بوون لە پێشهات و شیوەی ژیانی لە دوای راپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" پێوەدیار نییە، بەڵکوو لە هەموو ساتێک و لە شوێنی گونجاو هەر هەلێکی بۆ رەخسابێت، بە باشترین شێوە ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت و بنەماکانی دەسەڵات دەباتە ژێر پرسیار و پلانەکانیان پوچەڵ دەکاتەوە. خاڵی گرنگ لەم بابەتەدا بریتیە لەوەی کۆمەڵگەی ئاماژە بۆکراو لە رووی سیاسی-کۆمەڵایەتی کەم ئەزمون نییە، بەڵکوو خاوەنی ئاستێک لە تێگەیشتوویی و وشیاری شۆڕشگێڕانە و لە هەمان کاتدا ئەزمونێکی بەرچاوە کە چاوەڕوانی و هیوای لەسەر هیچ دەوڵەت و هێزێکی دەرەکی هەڵنەچنیوە تا ببنە مایەی گۆڕانکاری بۆ ئەوان. بەختەوەرانە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پەردە و دەمامکی ئەوانی لادا و پەیوەندی و هاوبەشی بەرژەوەندی هێزەکان، دامەزراوەکان و دەوڵە سەرمایەدارە جیهانیەکانی ئاشکرا کرد. ئەوانەی بە رواڵەت بەردی ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بۆ جیهانی سێهەم (لە روانگەی ئەوانەوە) لە سنگ دەدەن، لەگەڵ حکومەتە دواکەوتووە، گەندەڵ و دیکتاتۆرەکانی وەک رژێمی ئێستا دەسەڵاتدار لە ئێران نەرمی دەنوێنن. تەواوی کردەوە و هەنگاو و فشارەکانیان وەک ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان، تا ئازادکردنی ئەندامێکی دەستەی مەرگ و دواترین بە تیرۆریست ناساندنی هێزی مافیایی و تۆقێنەری سوپای پاسدارانی ویلایەتی رەها هەر هەمووی لە بازنەیەکی بگرە و بەردە (توندکرندەوە- نەرمی نواندن)ی بەرەی هەژمونی جیهانیە لە بەرامبەر رژێمی ئێران. هیج کەس لە ئەندامانی کۆمەڵگە بەمە لە خشتە نابرێت، کە ئەم رووداو و پێشهاتانە و هەڵوێستی سیستمی جیهانی و دەوڵەتان لە بەرامبەر ئێران، کەڵکەڵە و پەرۆشیان بۆ مافی ژنان، ئازادی رادەربڕین-ئەنذێشە و مافی گەلان و پرسەکانی ژینگە بوونی نییە. سەرباری هەندێک ئاڵۆز و گرژی زارەکی و لە زۆر حاڵەتیشدا هاتنە ئارای شەڕ کە کەشی نێونەتەوەیی و ناوچەیی پڕقەیران کردووە، هیچ ناکۆکیەکی تیۆریک لەنێوان دەوڵەتەکان و هێزە بریکارەکانیان جگە لە پرسی بەرژوەندی و قازانجی زیاتر لە بابەتی مادەی خام و رێڕەو و کۆریدۆرە بازرگانیەکان بوونی نییە. لە راستیدا بەشی گشتی و بنەڕەتی ئەم شەڕانە دەتوانرێت وەک لێکەوتەی هەڵچوون و هاوبەشی روانگەی سیستمی هەژمونگەران ناوچەیی و سەرمایەداری جیهانی بۆ بەلارێدابردن و لادانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و جیهانبینی ژیانی ئازاد، دیموکراتیک ئیکۆلۆژیک لە پێگەی هیوابەخش بوون و هاندانی شەپۆلی نوێی بەرەنگاری و تێکۆشان لە نیوان بەرەی دیموکراتیک دابنرێت.

بە دڵنیاییەوە ئەو سیناریۆیەی کوژرانی رەئیسی لێکەوتەوە لە سەردەمێکدا کە ئەو قەیرانانەی بەرۆکی حکومەتی ئێرانیان گرتووەتەوە وگەیشتوونەتە لوتکە، قۆناغێکی نوێی هێناوەتە کایەوە. ئەم سیناریۆیانە چ لەلایەن خودی حکومەتەوە داڕێژرابن و جێبەجێکرابن، چ لەلایەن هەندێک دەوڵەتی ناوچەییەوە کە کێبڕکێیان لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی شوێندانەربوون و دەستڕۆیشتوویی زیاتر هەیە و چ لەلایەن هێزەکانی سەرمایەداری بۆ دەرکردنی ئێران لە پێگەی دروستکردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندی ئابوری و رێڕەوەکانی گواستنەوە داڕێژرابێت و جێبەجێ کرابێت، هیچ جیاوازییەکی نییە. ئەم قۆناغەی کە رژیم لەلای خۆیەوە بە گەشبینیەوە وەک دەرفەتێکی زێرین لێی دەڕوانێت و گومان دەکات کە بە وشیاری و هۆشمەندی زیاتر بە بێزیان لێی دەردەچێت، بێ سڵکردنەوە ناجوڵێتەوە و نایەوێت زیاتر لەمە لە شەڕ و پێکدادانەوە تێوەبگلێت. بەهەوڵدان بۆ گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، بەبێ رەخساندنی هیج کرانەوە و بوارێکی گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی ناڕازی، بە ئاراستەی هەرپرسێک و لەبەرامبەر هەڵوێستی کۆمەڵگە سود لە تەڵەکابازانەترین تاکتیک و توندترین شێوەی سەرکوت وەردەگرێت. بەڵام ئەوەی رژێمی شپرزە و بێدەرەتان لێکدانەوەی بۆ نەکردووە، هێزی سازکردنی گۆڕانکاری سیاسی- کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیەکە کە لە گەڵیدا لە شەڕدایە، شەڕێک کە رژێم شەقام، زیندان و زانکۆ و تەنانەت بژێوی کۆمەڵگەی کردووە بە گۆڕەپانێک بۆ هێرشکردنە سەر کۆی هەبوونی ماددی-مەعنەوی. لوتکەی چاوقایمی و بێشەرمی مێژووی دیکتاتۆرەکان لە بەکارهێنان (بیخوێننەوە پێشێلکردن)ی هێماکان و بەها بنچینەییەکانی کۆمەڵگە، لە تاک بە تاک دیمەنەکانی ئەم شانۆگەرییە شومە ئاشکرا و بەرچاوە. هەریەک لە ئەکتەران و هەڵسوڕێنەرانەی ئەم دیمەنە لە نیوەی ساڵێکدا کە لە کەمتر لە ١٥٠ رۆژی ئەو ماوەیە ٢٣٧ کەسیان بە تاوانی جیاجیای وەک رادەربڕین و تاوانی دیکە لەسێدارەداوە، لە کاتێکدا باسی گەشە و پەرەپێدان وچارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی لە هەڵمەتی بانگەشەدا دەهێننە ئاراوە، کە هەر خۆیان لەم ماوەیەدا لەسەر حوکم بوون. ئەمانە بێ سڵەمینەوە بە گوتارێکی تەواو میلیتاریستی باس لە دروستکردنی دیوار بە دەوری سنوورەکان لە ژێر ناوی پاراستنی وڵات لە هەڕەشە دەرەکیەکان (لە راستیدا فشار و سەرکوتی زیاتری گەلانی پەراوێزە وەک کورد و بەلوچ و عەرەب) دەکەن و وەک بەڵێن بە خەڵکی دەدەن. کاندیدەکانی ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی کارنامەیەکی جێی شەرمەزاری لە بوارەکانی ئاسایش، هەواڵگری و دادوەری لە کوشتار، لێپێچینەوە لە بیر و را، سوکایەتی و ئەکتک کردن، دەستدرێژی، گێچەڵ، ئەشکەنجە و دەیان تاوانی دیکە لە دژی زیندانیانی سیاسی و زیاتر لە هەمووان لە ەبرامبەر ژنان، لەمرۆدا لە قسەکانیاندا باس لە پیرۆزمەندی ئەخلاق و بنەماکان دەکەن. ئەوانە کارنامەی تاوانکارانەی خۆیان وەک ئەزمون، زانیاری، توانا و شارەزایی ناوناوە و گوایە کاری لەپێشینەی بەرنامەکانی دەوڵەتەکەیان دادپەروەری، هێز و سامان و ئاسایش دیاریکراوە! ژنان و بەتایبەتی ژنانی گەنج لە بانگەشەدا بە خراپی و وەک کەرستەیەک بەکاردەهێنن و هەندێک ژن کە خۆیان بەدەستەوەداوە و بە روخسارێکی میکیاژکراو و رواڵەتێکی هەندێک جار پەسەند لای کۆمەڵگە بە دەوری خۆیانەوە کۆدەکەنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە سەدان ژنی گەنج لە توێژە جیاجیاکانی جوگرافیای سیاسی ئێران وەک سپێدە قولیان بەو جۆش و خرۆش و تێگەیشتنە ئازادیخوازانەیەوە، زەینەب بەو ئیرادە و ئەندێشە ئازادەیەوە، گوڵروخ بە راشکاوی لە دەربڕین و هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیەوە و جوانا سنە ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان رەوایەتی تەواوییان لە سیستم داماڵیوە، لە زیندانن ولە ژێر نامرۆڤانەترین بارودۆخدا وەک بارمتە لەبەرامبەر کۆمەڵگەی ئازادیخواز راگیراون.

ئەم کاندیدانە لە باسکردنی پرسی ژنان خۆیان دەدزنەوە و هیچ ئاراستەیەکی جیاواز لە یەکتریان لە بەرنامەکانیاندا نییە. هێنانە بەرباسی دیارەدەی نائەخلاقی و دژ بە پێگەی مرۆیی پیاو-ژن لە ژێر ناوی فرەژنی و هاوسەرگیری منداڵان و هەوڵەکانیان بۆ رەوایەتیدان و بە فەرمی کردنیان، جیاکردنەوەی رەگەزی و ئیسلامیکردنی زانکۆکان کە دەتوانرێت وەک یەکێک لە نادیموکراتیکترین و بێ بنەماترین یاساکان بۆ کۆمەڵگە ناودێر بکرێن و دەیان بابەتی دیکە کە پرسی ژنان ئاڵۆزتر دەکات، پوختەی گوتار و روانگە و ئەندێشەی رەگەزگەرایانە کە ژنان پەراوێز دەخات و بەرنامەیەکی بۆ گۆرینی ئەم دۆخە نییە. خاڵێکی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە تەنانەت بە پێچەوانەی ئاراستەی رەوتی داخوازییەکانی کۆمەڵگە رەستەیەکی کورت و پوخت بە دەربڕینێک لەبارەی پۆشش و جلوبەرگی ئارەزومەندانە وەک یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی هەر مرۆڤێک کە لەهەمان کاتدا مافێکی سیاسی-کۆمەڵایەتیە هەڵوێست دەگرن و وەک "جلوبەرگی نەشیاو ئافەت و بەڵای کۆمەڵگایە" پێناسەی دەکەن. بەکارهێنانی هەر دەستەواژەیەک لە لایەن کەسێک کە وەک کاندید لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا لە ئێران بەشداربووە هەڵگری پەیامە بۆ کۆمەڵگە و ناتوانرێت وەک هەڵەی زمانی و زارەکی یاخود دەربڕینێکی بە رێکەوت دابنرێت، واتە ئەمە ئەقڵیەت و گوتارەکەیان بووە و پلانەکەیانە لەبارەی ژنانەوە. رێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئافات و رێگریی لێی، لەناوبردن یاخود کۆنتڕۆڵکردنە لە رێگەی قڕکەر و بنبڕە ژەهراویەکان و لەناوبردنی ئافەت و مێرووەکە. هەروەها لەم چوارچێوەدا هێرشی کیمایی بۆ سەر خوێندنگەکانی کچانمان بینی! ئەم "کاکە"یە یاخود کاربەدەستە کە کوشتنی ژنان لە هەر دەرفەتێک، تەنانەت لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەی چاوقایمانە و بێ سڵەمینەوە رەوایەتی پێدەدات، لەکاتی خۆیدا بە هەناهەنگی لەگەڵ دامەزراوە حکومیەکان پلانی "بنبڕکردنی ئافات" دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و رەئیسی سەرۆکیشیان تاوانی لەم جۆرەی بە "وەهم و خەیاڵ پڵاو" ناوبردبوو. هیج مرۆڤێکی بەکەرامەت و ئازادیخواز کوشتنی ژینا، ژەهراویکردنی کچانی گەنج لە خوێندنگە سەرەتایی و دواناوەندیەکان لە لوتکە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و هەروەها مامەڵەی توندوتیژانەی سەرکوتکارانەی ئەمڕۆ و دوێنێ لە شەقامەکان لە دژی ژنان بە تاوانی سەرەتاییترین داواکاری مرۆیییان، لە بیرناکات. هیچ تاکێک ئەم مافەی نییە کە نکۆڵی پێگەی مرۆیی، ئاستی هۆشمەندی و ئیرادەی ژنان بکات و مافەکانیان پەیوەست بە سەرەتاییترین خواست و داواکاری بە بێ بایەخ نیشان بدات و بیانخاتە پەراوێزەوە. کۆڵەکە و پایەکانی ئەم سیستمە لە سەر چەوساندنەوە و زەوتکردنی سەرجەم بەها مرۆیی- کۆمەڵایەتیەکانی ژنان دامەزراوە. لەئێستادا کە ژنان بەتایبەتی ژنانی کورد کە بە ئازایەتی پشت ئەستور بە کولتوری کۆمەڵایەتی- تێکۆشان- مێژوویی خۆیان هێزی پێشەنگ و ئاراستەکاری کۆمەڵگا لە رەخنەگرتن، ناڕەزایەتی و تەنانەت تێپەڕبوون لە دەسەڵات پێکدەهێنن، چیتر نابێت دەرفەتی دیکە بە دەسەڵات بدرێت و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی خۆی و کۆمەڵگە لە بوارە هەموو ئەو شتانەی بە مافی خۆی دەزانێت، راماڵێت. ئەو ژنانەی چۆکیان دانەداوە و خۆیان بەدەستەوە نەداوە و نەبوونە ئامراز و کەرستەیەک بە دەست دەسەڵاتەوە، هیچ بەربەست و لەمپەرێکی وەک نەتەوە و ئایین و زمان و چین توانای بەرگرتن لە هاوپشتی و هەنگاوی هاوبەش و هاوکاتی ئەوان لە بەرەنگاربوونەوەی سەپاندنەکانی رژێمی دژەژن و ژن کوژ نییە. رێکخراوەکان، ئەنجومەن و بزوتنەوەکان هەرچەندە بچوک، سنوردا و تەنانەت ئەگەر پێویستیش بێت ئاشکرا یان شاراوەبن یارمەتیدەرمان دەبن لە بونیادنانەوەی توانای بەڕێوەبردنی سەردەمیانەی ئەم قۆناغە لە شۆڕشەکەمان شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی". ئەم قۆناغە لە شۆڕشی ئازادی ئەوەی لە پیاوانی ئازادیخواز دەوێت کە ئاستی بەشداری بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بەهێزتر لە جاران و بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی قۆناغەکانی تێپەڕبوون لە دەسەڵاتیان هەبێت. لەو شوێنەی کە ژنێک بە هۆی جلوبەرگ و پۆششەکەیەوە رووبەڕووی سوکایەتی و لێدان و ئەشکەنجە بکرێتەوە، لەوێ کەرامەتی مرۆیی پیاوان نکۆڵی لێدەکرێت و ئەو پیاوە کە تەنیا سەیر دەکات و لەبەرامبەر ئەو مامەڵە نامرۆییەدا بێدەنگە و توانای پارێزگاری لەو ژنە نیشان نادات و لە سەرجەم کاردانەوە و نیشانەکانی زیندبوونی کۆمەڵایەتی داماڵدراوە و بەتاڵکراوەتەوە. ئەو پیاوە لە روانگەی پێگەی دەسەڵاتەوە لە رووی رۆحیەوە داگیرکراوە و تووشی "زەعیفەبوون و لاوازی" کراوە.

حکومەتی ئێران زەمینە، توانا و بەختی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە رەوتی دەسەڵاتی خۆی نییە. نیازیشی نییە پاشەکشێ لە هەڵوێستی هێزمەدارانە و سەرکوت بکات. کۆمەڵگەش بە سەرجەم توێژە جیاجیاکانیەوە بە درێژایی شۆڕشی زیندوو و روولەگەشەی "ژن، ژیان، ئازادی" حکومەتی ئێرانی بەرەو رێڕەوی رووخان بردووە و رێکاری خۆیشی بە شێوەی تێپەڕبوون لەو دەسەڵاتە دیاری کردبوو. بەڵام بەرنامە و خواستێکی لەم چەشنە لەم قۆناغە لە شۆڕشدا پێویستی بە یەکڕیزیی و هاوپشتی سەرجەم توێژەکان، نەتەوەکان، ژنان و ئەو چینە جیاوازانە هەیە بە سەرجەم خواست و داواکارییەکانیانەوە. بەرەوپێشبردنی گوتار و داڕشتنی ئەوەی رەتیدەکەنەوە یان داوای دەکەن، هەروەها پێکهێنانی توانی جێبەجێکاری بۆ ئەم بەرنامانە و توانای بەرگری لە خۆیان بەم ئاراستەیە، لەلایەن هیچ هێزێکی سیاسیەوە ئەگەری نییە بێتەدی، مەگەر بە بەشداری سەرجەم توێژەکان لەگەڵیدا. خستنەڕێی کەمپین و هەڵمەتی داهێنەرانە بە هەر ئامانجێک هەر لە رەتکردنەوەی جلوبەرگی زۆرەملێ تا داواکارییە سەندیکارییەکان بە بێ مەرج و ترس لە نەبوونی رێکخراو و مۆڵەتی فەرمی-دەوڵەتی، دەتوانێت لە هەڵکشانی رۆحی شۆڕشگێری رۆڵی بەرچاوی هەبێت. بە دروستکردنی کۆڕ و رێکخراو بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر بنەمای جیهانبینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لایەن خوێندکاران، کرێکاران و جوتیاران و ژنان لە سەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی سەرباری کەشی سەرکوت و گوشاری حکومەت، هێزە بەرەنگاری و بزاوت بە گشتی و تەنانەت لە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگادا زیندوو دەکاتەوە. بە بێ گومان دۆزینەوەی رێگە چارەی پرسەکان بە شێوەی خۆجێیی و پاڵپشت بە هێزی خۆبەڕێوەبەری خەڵک و بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی-کولتوری هەر ناوچە، نەتەوە و باوەڕیەک لە سەرجەم کایە ئابوری، پەروەردە و تەندروستییەکان و .. دەتوانێت کاریگەریەکی بەربڵاوی هەبێت. لە رەتکردنەوەی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و داماڵدراو لە دیموکراسی و دیالۆگ، نابێت پەرە بە نمونەی کەسی تاکگەرا، بەدوور لە رۆحی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و هاوکاری بدرێت، چونکە ئەوە ئاو دەکاتە ئاشی دەسەڵاتی فەرمانڕەواوە. لەواتە لەپاڵ بایکۆت و رەتکردنەوەی هەڵبژاردن، جیهانێک لە ئەرک لەبەردەمماندا دابنێین، کە هەوڵ بۆ بە ئەنجام گەیاندنیان مزگێنیدەری داهاتوویەکی گەش و جوان و ئازادە".

هـ . ب