پەژاک: تێکشکاندنی هێڵی خیانەت خاوەنداریکردنە لە رێبازی شەهیدان

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەى ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵ عاکیف و هەڤاڵ سیروان دوو فەرماندە و پێشەنگی پەژاک و گەلی کورد راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

پەژاک بە بۆنەى ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵان عاکیف و سیروانەوە رایگەیاند "هەڤاڵ عاکیف و سیروان وەک دوو فەرماندە و پێشەنگی گەلەکەمان لەگەشەدانی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیمۆکراتیک خاوەن رۆڵ بوون و شوێنپەنجەیان لەدامەزراندن و پێشخستنی پەژاک و بەشداری گەنجان بۆ ناو ریزەکانی تێکۆشان بەرچاوە. تایبەت لەبڵاو کردنەوەی هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ وچان کار و خەباتیان بەڕێوە بردووەو بۆ ئاشنا کردن و پەیوەستی گەنجان و ژنان بە ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک، بێ ناوبەر کارو خەباتیان بەڕێوە بردووە".

پەژاک راشیگەیاندووە، "هەڤاڵ سیروان وەک کادیرێکی لێزان و لێهاتوو لەبواری کارو خەباتی راگەیاندنی ئازاد و دیمۆکراتیک، لەئافراندنی رۆژنامەنووسی بوێر و شۆڕشگێڕ خاوەن رۆڵ بووەو بە رووناکی هزر و قەڵەمی دەستەکانی، کۆمەڵگای تاریک کراوی بە درکاندنی حەقیقەت رووناک کردوەتەوە. هەڤاڵ عاکیف وەک کادیرێکی پێشەنگ، هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشانی لەناو گەنجان و ژنان زیندوو کردەوەو هەمیشە لەدژی خیانەت و داگیرکەری وەستاوە".

لە راگەیاندراوەکەى پەژاک ئەوەش هاتووە، "لەکاتێکدا یادی شەهیدبوونی دوو گەریلای پێشەنگ و قارەمانی گەلەکەمان بەرز رادەگرین، لەلایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراقەوە، بە سەپاندنی شەڕ بە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، خیانەت بە هیوا و ئاواتی شەهیدان و گەلی کورد دەکرێت و هەوڵی لەباربردنی دەستکەوتی شەهیدانی کوردستان دەدرێت. پەدەکە بە لەشکەرکێشی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، ئەجیندای دەوڵەتی فاشیستی تورکیا جێ بەجێ دەکات و بووەتە مەقاشی دەستی ئاکەپە و مەهەپە. بۆیە سیاسەتی شەڕانگێزی پەدەکە لەدژی گەلی کورد، ئەو هەلە مێژووییەی بۆ گەلەکەمان رەخساوە لەبار دەبات و مەترسی کۆمەڵکوژکردنی کوردان زیاتر خۆش دەکات".

دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک

تێکشکاندنی هێڵی خیانەت، خاوەندارێتییە لە رێبازی شەهیدان

لە٥ی نوامبەری ٢٠٠٦ی زاینی لەئەنجامی رووداوێکی سرووشتیدا، دوو فەرماندەی پێشەنگ و قارەمانی پارتەکەمان بە ناوەکانی؛ خدر خرنگە ناسراو بە (عاکیف مامۆ زاگرۆس) و فەهمی رۆستەمی ناسراو بە (سیروان ناری) پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوون، بە هاتنی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوو هەڤاڵی سەربەرز و هێژامان یادیان بەرز رادەگرین و بەڵێنی درێژەپێدانی تێکۆشان و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان دووپات دەکەینەوە.

هەڤاڵ عاکیف و سیروان وەک دوو فەرماندە و پێشەنگی گەلەکەمان لەگەشەدانی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیمۆکراتیک خاوەن رۆڵ بوون و شوێنپەنجەیان لەدامەزراندن و پێشخستنی پەژاک و بەشداری گەنجان بۆ ناو ریزەکانی تێکۆشان بەرچاوە. تایبەت لەبڵاو کردنەوەی هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ وچان کار و خەباتیان بەڕێوە بردووەو بۆ ئاشنا کردن و پەیوەستی گەنجان و ژنان بە ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک، بێ ناوبەر کارو خەباتیان بەڕێوە بردووە.

تێکۆشانی نەبەزانەی دوو هەڤاڵی پێشەنگی پارتەکەمان، سەرچاوەی بەخشینی هێز و مۆڕاڵ لەناو هەڤاڵان و گەلەکەمان بووەو هەر دوو هەڤاڵمان لەپێناو پەرەپێدانی خەباتی نەتەوەیی و دیمۆکراتیک لەئێران و رۆژهەڵات و سەرجەم بەشەکانی کوردستان بە هەستی شۆڕشگێڕی و بەرپرسیاری مێژوویی تێکۆشانیان ئەنجام داوە. رەوتی تێکۆشان و خەباتی دوو فەرماندەو کادیری پێشەنگی پارتیمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کرد و بووە هۆکار کە گەنجان لەپێناو پاراستنی خاک و نیشتمان و شەڕ لەدژی داگیرکەری، روو لەرۆژئاوای کوردستان، شەنگاڵ و ناوچەکانی تری کوردستان بکەن و تا بە ئەمڕۆ بە هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاری مێژوویی پارێزەری لەکوردستان دەکەن.

هیوا و ئاواتی هەڤاڵ عاکیف و سیروان پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و ئازادی کوردستان بووەو بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاواتەیان بە جۆش و خرۆشی مەزنەوە ئەرکی سەرشانیان راپەڕاندووە و شوێنپەنجەی خەباتیان لەپەرەپێدانی هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشان لەکوردستان تا ئەمڕۆ بەرچاوە. هەڤاڵ سیروان وەک کادیرێکی لێزان و لێهاتوو لەبواری کارو خەباتی راگەیاندنی ئازاد و دیمۆکراتیک، لەئافراندنی رۆژنامەنووسی بوێر و شۆڕشگێڕ خاوەن رۆڵ بووەو بە رووناکی هزر و قەڵەمی دەستەکانی، کۆمەڵگای تاریک کراوی بە درکاندنی حەقیقەت رووناک کردوەتەوە.

هەڤاڵ عاکیف وەک کادیرێکی پێشەنگ، هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشانی لەناو گەنجان و ژنان زیندوو کردەوەو هەمیشە لەدژی خیانەت و داگیرکەری وەستاوە. لەکاتێکدا یادی شەهیدبوونی دوو گەریلای پێشەنگ و قارەمانی گەلەکەمان بەرز رادەگرین، لەلایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراقەوە، بە سەپاندنی شەڕ بە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، خیانەت بە هیوا و ئاواتی شەهیدان و گەلی کورد دەکرێت و هەوڵی لەباربردنی دەستکەوتی شەهیدانی کوردستان دەدرێت. پەدەکە بە لەشکەرکێشی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، ئەجیندای دەوڵەتی فاشیستی تورکیا جێ بەجێ دەکات و بووەتە مەقاشی دەستی ئاکەپە و مەهەپە. بۆیە سیاسەتی شەڕانگێزی پەدەکە لەدژی گەلی کورد، ئەو هەلە مێژووییەی بۆ گەلەکەمان رەخساوە لەبار دەبات و مەترسی کۆمەڵکوژکردنی کوردان زیاتر خۆش دەکات.

بۆیە لەم رۆژە مێژووییەدا داوا لەگەنجان و ژنانی کوردستان دەکەین بە بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕانەوە خاوەندارێتی لەدەستکەوتی شەهیدانی رێگای ئازادی بکەن و بۆ تێکشکاندنی هێڵی خیانەت و داگیرکەری لەکوردستان بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن و تێکۆشان لەدژی خیانەت و داگیرکەری گوڕتر و بەرینتر بکەن. هاوکات سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و هەر تاکێکی ئازادیخواز پێویستە لەم قۆناخە هەستیارەدا ئەرکی ئەخلاقی و شۆڕشگێڕانەیان بەجێ بهێنن.

ژ.ت