لە کەرکوک، کۆڕێک دەربارەی جینۆسایدی کورد بەڕێوەچوو
هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید دەلێت: "لەدوای دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە لەم ناوچانە بڕیار لەسەر جینۆساید کردنی کورد دراوە".
هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید دەلێت: "لەدوای دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە لەم ناوچانە بڕیار لەسەر جینۆساید کردنی کورد دراوە".
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان و مێژووناس و کەسایەتی کۆمەڵایەتی شارەکە، لەژێر ناونیشانی (جینۆسایدی کورد...تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی و ناساندنی) کۆڕێک بۆ نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید "هێمن حەسیب" ڕێکخرا.
جێگای باسە، لە کۆڕەکەدا هێمن حەسیب باسی لە سەرەتای جینۆسایدکردنی کوردانی باشوری کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە لەم ناوچانە کورد دەکەوێتەبەر هەڕەشەی جینۆساید و بڕیار لە جینۆسایدکردنی دەدرێت".
سەبارەت بە بابەتی کۆڕەکەیان و پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کورد، هێمن حەسیب، نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەم کۆڕەدا قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە ئەو تێگەیشتنەی هەیە بۆ تاوانەکانی جینۆساید کە دژی گەلی کورد کراون وەکو تاوانەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدەکانی دیکە، ئەو وێنەیەی لەبەر چاوی تاکی کوردە لەسەر پرۆسەکانی جینۆسایدی کورد وێنەیەکی بچووکە و ڕاستیەکە نیە چونکە تێگەیشتنێکی قوولمان نییە بۆ پرۆسەکە بەڵکو ئەو تاوانەمان لە بەرچاوە وە وێنەیەکی عاتفیە نەمانتوانی بچینە قووڵای ئەمە ئەم بابەتەوە و تێبگەین لە مێژوو ڕەچەڵەکی ئەم تاوانەی بەرامبەرمان کراوە، چونکە ئێمە تا بەوردی لە قوڵایی تاوانەکەو مێژووی تاوانەکە تێنەگەین ناتوانین ناساندنی بۆ بکەین چ لە ئاستی ناوخۆ چ لە ئاستی دەرەوە".
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) هێمن حەسیب ووتیشی: "ئەمڕۆ لەم کۆڕەدا گفتوگۆمان لەسەر ئەوە بابەتە کردووە چونکە لە نێوان مانگی شوبات تا ئەیلول بەردەوامی قۆناغەکانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بووە، هاوکات ١٦ی ئەم مانگە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە بۆیە بابەتەکە هاوکات بوو لەگەڵ یادی ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆڕەکە و ئەو بابەتانەی تیشکیان خستۆتەسەری، هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "ئەو بابەتانەی کە لە کۆڕەکەدا تیشکمان خستەسەری بریتیبوو لەوەی کە ئەم پرۆسەیە بۆچی کراوەو تائیستاش بەردەوامە، هەروەها ئەم پرۆسەیە مێژووەکەی بۆ کەی ئەگەڕێتەوەوە، ئایا زادەی ئەو ساتەیە کەتیدا ڕوویداوە یاخود بە چەندەیەک پێشترەوە بڕیار لەسەر جینۆسایدی کورد دراوە، هەروەها باسمان لەوەکرد کە ئایا ئەو پرۆسەیەی جینۆسایدانەی کورد کە تائێستا بەردەوامە یان نا، وە قسەمان لەسەر ئەو بابەتانە کردووە قسەمان کە ئاسەوارەکانی ئەم تاوانە بەرەو لەناوچوون دەچێت دەستی ئەنقەست هەیە بۆ لەناوبردنی ئاسەوارەکانی جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە باشوری کوردستان".
هـ .ب