راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە سوریا: هێرشەکانی تورکیا دەکەونە خانەی تاوانی شەڕەوە

لە راپۆرتێکی نوێداکە لەلایەن کۆمیسیۆنی لێپێچینەوە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، راگەیەندراوە کە دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە مەدەنیەکان دەدات و ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو هێرشانە دەکەونە خانەی تاوانی شەڕەوە.

کۆمسیۆنی لێپرسینەوە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، راپۆرتی تایبەت بە دۆخی سوریا لە نێوان ١ی کانونی دووەم تا ٣٠ی حوزەیران بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە ئاراستەی ٥٧ەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت کە لە ٩ی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە و تا ٩ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت. راپۆرتەکە لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی مەیدانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ ٣٨٥ کەس و  رێکخراوی مەدەنی جیاجیا ئامادەکراوە و لە رێگەی دیمەنیشەوە بەڵگەمەند کراوە.

لە راپۆرتەکەدا جگە لە دۆخی سیاسی و ئابوری سوریا، باس لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بە هۆی پێکدادانەکان لەو وڵاتەش کراوە. لە راپۆرتەکەدا سەرنج بۆ سەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و شەڕ لە ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە و تاوانە مرۆڤییەکان راکێشراوە.

پێشێلکاری یاسا بەردەوامە

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە لە سەرەتای پێکدادانەکان لە سوریا تائێستا، گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە ئارادایە و لە زۆر هێرشدا لە رێگەی کردنە ئامانجی مەدەنیەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە زۆر ناوچە پێشێلکاری وەک گرتنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، مردن لە کاتی دەستبەسەری و هەڵتەکاندنی زۆرەملێی مەدەنیەکان لە زێدی خۆیان بەردەوامە.

هەروەها لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی سوریا باس لەوەکراوە بە هۆی لەئارادابوونی شەڕی غەززە، پێکدادان و بەریەککەوتنی نێوان هێزەکان لە ناوچەکە و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان زیاتر بوون و ئەوەش خراوەتەڕوو کە هێرشەکانی داعش زیاتر بوون.

لە هەرێمە داگیرکراوەکان تاوانی قورس ئەنجام دەدرێن

لە راپۆرتەکەدا بە بەرفراوانی باس لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە هەرێمە داگیرکراوەکان کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە لە هەرێمە داگیرکراوەکان دەوڵەتی تورک ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ و توندوتیژی رەگەزی ئەنجام دەدات و بەردەوامە لەو تاوانانە. لە راپۆرتەکەدا باس لە ژمارەیەکی زۆر نمونە و شێوازی ئەشکەنجە قورس و دژوار کراوە.

دەکەونە خانەی تاوانەکانی شەڕ

لە راپۆرتەکدا راگەیەندرا کە لێپرسینەوە لە رووداوەکانی ناوچەکە تائێستاش بەردەوامە و باس لەوەشکراوە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی دەستگیرکراون راستەوخۆ لەلایەن میتەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

لە راپۆرتەکەدا بە فراوانی باس لە تاوانەکانی سوپای سوریای ئازاد و گروپە چەتەکانی سەر بەو سوپایە کراوە.

دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر ناوچە مەدەنی نشینەکان

لە راپۆرتەکەدا باس لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر مەدەنیەکان و ناوچەکانی مەدەنی نشین. هەروەها سەرنج بۆ سەر  هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆش راکێشراوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش دەستنیشان کراوە کە تورکیا دەبێت پابەند بێت لە بەجێگەیاندنی یاسای نێونەتەوەیی و سەرنجی راکێشاوە بۆ سەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک و ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو هێرشانە هەر هەموویان لە چوارچێوەی تاوانی شەڕدان.