رووكەن ئەحمەد هاوسەرۆكی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتیك لەوتووێژێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئاریەن تیڤیدا، پشتیوانی رۆژئاوای لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیاند. رووكەن داوای لەژنانی رۆژهەڵات كرد، لەشوێن بڕینی قژەكانیان، با پەلكەكانیان بدەنە دەم باوە و بەهەڵبەز و دابەزی پەلكەكانیان دێوەزمەیەك بۆ رژێمی ئێران ساز بكەن.
هاوسەرۆكی تەڤدەم دەڵێت؛ ئەوەی حكومەتی ئێران لەبەرامبەر بەژنان ئەنجامی دەدات، هەوڵدانێكە بۆ شكانی ئیرادەی هەموو كۆمەڵگە و راشیگەیاند؛ هەموومان دەزانین كە ژنان تەنیا بەشێك لەكۆمەڵگە نین، بەڵكۆ لەبنەمادا نوێنەرایەتی هەموو كۆمەڵگە دەكەن.
روكەن ئەحمەد راشیگەیاند؛ بەدوای كۆشتنی ژینا ئەمینی، ژنانی رۆژهەڵات بەرژێمیان ووت، تۆ ناتوانی ئیرادەمان بشكێنی و بمانكۆژی.
روكەن، سۆپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو ژنانە دەربڕی كە ئامادە نین، لەبەرامبەر بەزۆڵم و زۆرداری سەریان نەوی بكەن و ووتەیەكی لەرێبەر ئاپۆ هێنایەوە كە ووتوویەتی؛ ئەگەر ئازادی ئەوەندە بەسانایی مسۆگەر دەبوو، ئەوا رووناهی و برێیڤان جەستەیان لەئەڵمانیادا ئاگر تێبەرنەدەدا.
روكەن ئەحمەد لەبەردەوامی وتووێژەكەیدا رایگەیاند؛ حكومەتەكان، هەمان حكومەتەكانی رابردوون، بەڵام ژنان ئێدی ژنانی پێشوو نین، چونكە سەریان هەڵبڕیووە، بەڵام هاوكات پێویستیان بەرێكخستنبوون هەیە.
روكەن وتیشی، لەژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسی سوریادا ژنان هیچ مافێكیان نەبوو، بەڵام شۆڕشی رۆژئاوا بوووە شۆڕشی ژنان و كاریگەری لەسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش دانا.
هاوسەرۆكی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتیك"تەڤدەم"، یەكێتی ژنانی كوردی و نەتەوەجیاوازەكانی سوریای وەكو نموونە بۆ ژنانی رۆژهەڵات هێنایەوە و یەكێتیەكی وەهاشی لەنێوان ژنانی ئێران بەگرنگ زانی. روكەن، ئەركی ژنان بۆ گەڕانەوەی رۆژهەڵاتی ناوین بۆ سەر رێڕەو و ریشەی خۆی بەگرنگ وەسف كرد و وتی؛ ژنان لەئێستاشدا سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و مەترسیەكان لەگۆڕەپانەكانی خەباتدان.
روكەن داوای لەژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد لەشوێنی بڕینی قژەكانیان، با پەلكەكانیان بدەنە دەم باوە و بەهەڵبەز و دابەزی پەلكەكانیان دێوەزمەیەك بۆ رژێم ساز بكەن.
هـ . ب