نیوەڕۆی دوێنێ لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی تربەسپی، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە، ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان کرا و لەئەنجامدا هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش و شۆفێرەکەیان فرات دانیال شەهیدبوون، لەمبارەیەوە ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان – ڕژاک، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.
لەبەیاننامەکەی ڕژاک-دا هاتووە، ئێمە ئیدانەی ئەو کارە نا ڕەوایەی دەوڵەتی تورک و هەر کارێکی تری هاوشێوە دەکەین و بەبیر هەموو لایەکی دێنینەوە، کە لەسەر هێڵی تێکۆشانی گەلەکەمان، کە ڕێگای یوسرا و لێمان- کانە، دژی داگیرکاریی و هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەلەکەمان، بەردەوام دەبین، ئەو کارە تیرۆریستیانە لە دژی ئازاییخوازانی گەلەکەمان، نامانترسێنن و بەهێزترمان دەکەن، ئازاری لە دەستانی هاوڕێ ناوبراوەکانمان، دەکەینە هەوێنی بووژاندنەوەی خواستی تێکۆشانمان بۆ ئازادیی و تێکشاندنی خەونی دوژمنانمان.
راشیگەیاندووە: "دڵنیاین، کە هاوڕێیانمان یوسرا و لێمان، چەندان ژنی ئیرادە ئازاد و دژە خیانەت و داگیرکاریان پەروەردە کردووە و خستوویاننەتە سەرپێ، کە دوای ئەوان درێژەپێدەری هەمان ڕێگە و ڕێبازی ئەوان دەبن، جارێکی تر تیرۆری ژنانی شۆڕشگێڕ، کە چەندین جارە لە شوێن و وڵاتی جیاجیاوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەنجام ئەدرێن ئیدانە و شەرمەزار ئەکەین".
هـ . ب