سێ شەتڵەکەی ئازادی لەسەر گۆڕەکانیان یادکرانەوە: ئەم تێکۆشانە کۆتایی نایەت

ساکینە جانسیز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەز لەسەر گۆڕەکانیان یادکرانەوە و گوترا: "ساکینە مێژوومانە. پێویستە ئەم مێژوو و یادە زیندوو بمێنێتەوە... هەرگیز دەست لەم تێکۆشانە بەرنادەین".

ساکینە جانسیز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەز لەسەر گۆڕەکانیان یادکرانەوە.

فیدان دۆگان لەسەر گۆڕەکەی لە مەرەش یادکرایەوە. پێش یادکردنەوەکە پۆلیس و جەندرمە گەمارۆی گۆڕستانەکەیان دابوو.

لەوێ پەرلەمانتاری دەم پارتی، جەیلان ئاکچا ئاماژەی بە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و سلۆپی و تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل کرد، وایان دەزانی ژنان ملکەچ دەکەن، بەڵام ژنان ملکەچ نابن و تێکۆشان مەزنتر دەکەن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی، دیلان کونت ئایان ئاماژەی بەوە کرد، "ژن، ژیان، ئازادی" بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە، تێکۆشانی ژن قەت تەواو نابێت، لەسەر گۆڕی هەڤاڵ فیدان ئەم بەڵێنە دەدەین.

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەبەپە، بێریڤان باخچەجی ڕایگەیاند، ئەو ئاڵایەی لە هەڤاڵانمانەوە وەرمانگرتووە هەرگیز ناهێڵین بکەوێتە زەوی.

هەروەها لەسەر گۆڕی لەیلا شایلەمەز لە مێرسین چالاکییەک بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی بونیادنانەوەی سۆسیالیستی، جانان یوجە ئاماژەی بەوە کرد بکوژی ژنە تێکۆشەرەکان دەناسینەوە، خاوەندارێتی لە میراتی شەهیدان دەکەین و پێکەوە تێکۆشانی یەکسانی و ئاشتی و دادپەروەری ئەنجام دەدەین.

پەرلەمانتاری دەم پارتی، ساڵیحە ئایدەنیز، ئاماژەی بەوە کرد ئەوانەی کوردستانیان پارچەکرد و دەیانەوێت تێکۆشانی گەلی کورد سەرکوت بکەن لە چوار پارچەی کوردستان ژنانی پێشەنگیان کردە ئامانج. بەڵام تێکۆشانی ژنانی کورد لە جیهاندا بڵاوبۆتەوە، تا کوردستانێکی ئازاد درێژە بە تێکۆشانی هەڤاڵەکانمان دەدەین.

بەهەمان بۆنەوە بە پێشەنگایەتی ڕێکخستنی دەم پارتی لە دێرسیم چالاکییەک بەڕێوەچوو.

هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە)، ئەسەنگول دەمیر ئاماژەی بەوە کرد کۆمەڵکوژییەکان بە نیازی ڕێگرتن لە بزووتنەوەی کورد ئەنجامدراوە، پاش کۆمەڵکوژییەکان پرۆسەی ئاشتی ڕاگیرا و گۆشەگیری توند کرایەوە.

پەرلەمانی دەم پارتی دێرسیم، ئایدن کۆردۆ ڕایگەیاند، هەڤاڵ ساکینە هەم دژی پیاوسالاری هەم بۆ ئازادی گەلان تێدەکۆشا. ڕۆڵەی دێرسیم بوو، ئێمەش لە دێرسیم لەیادی ناکەین.

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی، خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند هەڤاڵانمان چۆکیان دانەدا و ئێمەش چۆک دانادەین. ساکینە مێژووی ئێمەیە و ئەم مێژووە زیندوو دەمێنێتەوە.

بەڕێوەبەری (مەبیا دەر)، مەریەم سۆیلۆ لای خۆیەوە ئاماژەی بەوە کرد ئەوەی ساکینە لە ئێمە دەیخوازێت بەدیهێنانی خەونە تەواونەکراوەکانە، پێویستە خاوەندارێتی لەو خەونانە بکەین.

پاشان چوونە سەر گۆڕی ساکینە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس تەنها ڕێگەی بە ١٠ کەس دا سەردانی گۆڕەکە بکەن، شاندێک لە پەرلەمانتاران و دایکانی ئاشتی چوونەسەر گۆڕی ساکینە و دوعایان خوێند و گوڵیان دانا.

تورکئؤغلو لەسەر گۆڕەکە ناڕەزایەتی لەسەر بڕیاری پارێزگا دەربڕی و گوتی: "دەمەوێت بە هەڤاڵ ساکینە بڵێم ئێستە تێکۆشانەکەت لە هەموو جیهان دەنگی داوەتەوە. لە کوردستان و هەموو جیهان دەگوترێت "ژن، ژیان، ئازادی".