شاندی ژنانی کورد لە نیپاڵ باسی هێز و ئازادی ژنیان کرد

شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ژنانی نیپاڵ کۆبوونەوە و دەربارەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا زانیاریان دا. ژنانی نیپاڵ سەرسامی خۆیان بە بەرخۆدانی ژنانی کورد دەربڕی.

لە کاتماندوی پایتەختی نیپاڵ کۆنگرا ستار، ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، پێنج ژنە پەرلەمانتاری پەرلەمانی نیپاڵ، ئاکادیمیسیان، سەرۆکی رێکخراو و ئەندامی بۆردی ڕێکخراوی لەولاتری کۆمیتەی پەکین Beyond Beijing committee لە بارەگای ڕێکخراوەکە کۆبونەوە.

ژنانی نیپاڵی بە ڕێوڕەسمی نەریتی کۆنی نیپاڵ پێشوازیان لە ڕوخۆش شێخۆ وتەبێژی کاری دەرەوەی کۆنگرەی ستار و ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداغی کرد.

لە کۆبونەوەکەدا ژنە پەرلەمانتارەکان و ئاکادیمیسیایان و ئەندامی بۆردی ڕێکخراوی لەولاتری کۆمیتەی پەکین دوای خۆناساندن، پرسیاریان لەسەر بارودۆخی کوردستان کرد بە گشتی و بە تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

"دەوڵەتی تورک ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج"

لە کۆبونەوەکەدا ڕووخۆش شێخۆ بە فراوانی باسی لە مێژووی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری و رۆڵی ژن لە پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشەدا کرد. ئاماژەی بە گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد کە ماوەی ٢٥ ساڵە لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییدا لە زیندانی ئیمرالی توندکراوە و ماوەی سێ ساڵە ڕێی پێنادرێت تەنانەت پارێزەران و کەسوکاری ببینێت. هەروەها بە فراوانی باسی لە هێرشانەش کرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەبەردەوامی دەیکاتە سەر کوردستان بە تایبەتی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان. ئاماژەی بەو زنجیرە تیرۆرانە کرد کە دەوڵەتی تورک لە دەرەوەی سنوری تورکیاش لەبەرامبەر پێشەنگانی ژنانی کوردستان ئەنجامی دەدا. هەروەها باس لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد و شۆڕشی ژنی کورد و کاریگەری لەسەر ڕەوتی شۆڕشی کوردستان کرد.

لە هەمان دیداردا ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداغی باسێکی کورتی لەسەر ژنۆلۆژی کرد و ئاماژەی بە گرنگی سەرچاوە مێژووییەکانی زانین و زانیاری ژن و زیندوو کردنەوەی ئەو بەها کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتوورییانە کرد کە بەهۆی زهنیەتی پیاوسالاریی، دەسەڵاتدارێتی و سەرمایەدارییەوە لە کەسایەتی ژن دا شوێنراوە.

نەجیبە قەرەداغی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ژنۆلۆژی نەک تەنیا بۆ ژنی کورد بەڵکو بۆتە ڕێبازێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوو و کۆمەڵگە و گەڕاننەوەی زانست بۆ ڕەوتی ڕاستەقینەوەی خۆی کە لێکۆڵینەوەیە لە کێشە قوڵەکانی سیستەم و وەلاوەنانی کاریگەریەکانیەتی لە سەر کۆمەڵگە و ئازادکردنی ژیانە.

"گۆشەگیری سەر ئۆجالان دەکەینە ڕۆژەڤی پەرلەمان"

دواتر ژنانی پەرلەمانتاری پەرلەمانی نیپاڵ خۆشحاڵی خۆیان بە هاتنی ژنانی کورد بۆ نیپاڵ نیشاندا و هیوایان خواست کە ژنانی کورد و نیپاڵی پێکەوە کار بکەن. ئاماژەیان بەوە کرد کە خەڵکی نیپاڵ خاوەن مێژوویەکی درێژی تێکۆشانە.

هەروەها هیوایان خواست کە تۆڕێکی پەیوەندی لە ژنانی کورد و نیپاڵی سازبکرێت و ڕایانگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەو ژنانەی لە نێو کۆمسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەماندان کۆدەبنەوە و بابەتی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەخەنە ڕۆژەڤیانەوە و لە بەرامبەر نادادی دەنگمان بەرز دەکەنەوە.

کاتێک باس لەو ژنانە کرا کە لە شەنگال لە کۆمەڵکوژی ٢٠١٤ ڕفێران و دوای ئازادبوونیان خاوەنداریان لە کۆمەڵگەیان کردووە یەکێک لە ئەندامانی بۆردی لەولاتری کۆمیتەی پەکین سەرسامی خۆی بە بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان نیشاندا و گووتی؛ "بزوتنەوە و زانستێک ژنانی گەلەکەی خۆی بکاتە قارەمان و ئازادیان بکات، ئێمەش پێویستمان بەو زانستەیە، ڕاستە ئێمە %٣٣ ژنانمان لە پەرلەمان و دەزگاکاندان بەڵام لە ئاستی ژنی کورددا نییە. بۆ ئەوەش پێویستمان بە پێکەوە کارکردن هەیە".

"دۆزی کوردستان دۆزی دیموکراسی و ئازادییە"

ژنانی پەرلەمانتار داوایان کرد کە زیاتر لە سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بزووتنەوەی ژنی کورد زانیاریان هەبێ و سەردانی ڕۆژئاوا بکەن و لە داهاتوودا پەیوەندییەکان بەهێز بکەن.

ژنانی نیپاڵی هەروەها گووتیان " ئەو دۆخەی کوردستانی پێدا تێپدەپەڕێت مەسەلەی ئازادی و دیموکراسییە، هەموومان پشتگیرین ئێوە دەکەین".

کۆمیتەی نیپاڵی واوەتری پەکین ڕێکخراوێکی تۆڕی نیشتمانی فێمینیستەکانی مافی مرۆڤە لە نیپاڵ لە ساڵی ١٩٩٥ەوە لە دوای چوارەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە پەکین دامەزرا. ئامانجی کارکردنە بۆ بەهێزکردنی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی، مافەکانی ژنان لە نیپاڵ.