'شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی، بەرھەمی خەبات و تێکۆشانەکانی ھەڤاڵ سارا و ھەڤاڵانی بوو'

ژنانی بەشداربوو لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەھیدانی کۆمەڵکوژی پاریس لە سلێمانی باسیان لە گرنگی خەباتی شەھیدان کرد و وتیان: "شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیی شۆڕشێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو بەرھەمی خەبات و تێکۆشانەکانی ھەڤاڵ سارا و ھەڤاڵانی بوو."

لە شاری سلێمانی لە 9 ی کانوونی دووەمی 2023 لە مەراسیمێکی شایستەدا لە ھۆڵی خاک یادی شەھیدانی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان کە لە ساڵی 2013 تیرۆر کران لە لایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک کرایەوە، تێیدا خە‌ڵاتی ساکینە جانسز بەخشرایە دوو هاوژینی شەھید.

خێڵان سادق کە وەرگری خەڵاتی ساکینە جانسز بوو لەسەر ناوی دایە ئەستێ، خوشکی شەھید کەمال لە پێنجوێن، لە مەراسیمەکەدا بەشداربوو ئاماژەی بەوەدا کە وێڕای هێرشەکانی دوژمن ئەوان بەردەوامن لە تێکۆشانیان و قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوراتی کرد و وتی: "ئەگەرچی دوژمن بە هەموو جۆرێک لە پەلەقاژە دایە و ئەو کەسانەی کە دڵسۆزن بۆ خاک و گەلی خۆیان بە ئامانج دەگرن و تیرۆریان دەکەن و ناهێڵن بەردەوام بن لە خەباتی خۆیان، لە کاتێکدا ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین و شتێکی زیاترمان ناوێ، داوای ئازادی ژیان و ڕێبەری خۆمان ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانمان دەکەین، ئەمەش بە جۆرێک زۆری بۆ دوژمن هێناوە کە هێرشی هەموو شوێنێک دەدات و هەڤاڵانمان تیرۆر دەکات، بەڵام ئێمە بەم تیرۆر و پەلاماردانە سەردانانەوێن و هەمیشە بەرەو سەرکەوتن ئەڕۆین و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین."

بێریڤان شاهۆ ڕۆژنامەنووس کە بەشداربوویەکی تری نێو مەراسیمەکە بوو، باسی لە گرنگی و بەردەوامی مەراسیمەکە کرد کە ساڵانە لە بەشێکی زۆری جیهان بە چالاکی جۆراوجۆر بۆ یادی شەهید سەکینە جانسز و هەڤاڵانی بەڕێوەدەچێت و ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵات، دەرئەنجامی خەباتی ئەم ژنە شۆڕشگێڕانەبوو کە بە دەیان ساڵ گیانی خۆیان لەپێناو ئەم خەباتەدا دانا و وتیشی: "دەکرێ ئەم جۆرە چالاکیانەش بەشێک بن لە بەردەوامیدان بە خەباتی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانەی ئەو ژنانە کە بە دەیان ساڵ ژیانیان لە پێناو خەبات بۆ گەلەکەیان و بەتایبەتی ژنان و شوێنکەوتوانی ئازادی دانا، بەتایبەت هەڤاڵ ساکینە کە دروشمی ژن، ژیان ئازادی بە جەستەی خۆی نیشانداوە."

هەروەها ئاماژەی بە بەرفراوانی خەباتی هەڤاڵ ساکینە دا کە تەنها لەپێناو گەل یان نەتەوەیک نەبووە و بەڵکو بۆ هەموو گەلانی بندەست و ژنانی چەوساوە بووە و وتیشی: "لە کاتی بەڕێکردنی تەرمی شەهید سارادا، ئێمە بینیمان کە چۆن ژنانی هەموو جیهان بۆ لەدەستدانی ئەو شۆڕشگێڕە بەپەرۆش بوون، ئەمەش کاریگەری بەرخۆدان و تێکۆشانەکانی و ئەو هەڤاڵانی بوو، کە توانی ببێتە تێکۆشانێکی جیهانی ژنان و تەنها لە کەسایەتی ژنی کورددا نەمێنێتەوە."