"سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، سیاسەت دیموکراتیک دەکات"

لە کۆنفرانسەکەی بەیروت، گفتوگۆ دەربارەی ئەزموونی ژنانی کورد کرا، تیشک خرایە سەر ئەوەی، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی مایەی دیموکراتیکبوونی سیاسەتە.

دانیشتنی دووەمی کۆنفرانسی ئەزموونی تەڤگەری ژنانی نێونەتەوەیی بە درووشمی "لەسەر ڕێچکەی: ژن، ژیان، ئازادی"، لە بەیروت، کۆتایی هات.

کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمەڵەی ژین ی ژنان، کۆمەڵەی نەورۆزی جڤاکی و دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرا. لە تونس، ئوردن، عێراق، لوبنان، سودان، تورکیا، فەڵەستین، میسڕ، سوریا و ئێرا، هەروەها لە شەنگال و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٨٠ نوێنەری دامەزراوەکانی ژنان بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

لە دانیشتنی دووەمدا، چالاکوانی سیاسی و فیمینیست، نەسلهان ئاجار، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە دیموکراتیک کردنەوەی سیاسەتدا. ئاجار باسی لەوە کرد، گەڕان بەدوای ئازادی، بەندە بە ئازادییەوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان یەکەمین کەسە ئەم هزرەی پێشخست.

ئاجار ئاماژەی بەوە کرد، لە جیهاندا نوێنەرایەتی ژنان لە شارەوانی و پەرلەماندا ١٨٪ پێکدەهێنێت، بەڵام لە باکوری کوردستان و تورکیا نەگەیشتۆتە ئەم ڕێژەیە.

ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، سهام ڕەشۆ تیشکی خستە سەر ئەزموونی ژنانی شەنگال، پاش ڕزگارکردنی لەدەستی چەتەکانی داعش.

بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆزەرین کەمانگەر ئاماژەی کرد بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. گوتی: "ڕژێمی مەلایی ئێران دەیگوت "ئێمە لە ئێران حکوم دەکەین و کەس ناتوانێت دەستوەردان بکات". بەڵام پاش شۆڕش بینیمان جڤاک خۆی بەڕێوە دەبات. هەروەها پشتگیری ژنانی ئێران و ئەفغانستان هەبوو".

بەشداران پرسیار و ڕوانین و پێشنیاری خۆیان سەبارەت بە مژارەکە خستەڕوو.

پاش دانیشتنی دووەم، ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە کۆتایی هات.

سبەی کۆنفرانسەکە بە دانیشتنی سێیەم و کۆتایی بە ناونیشانی "ڕوانگەی هاوڕێی ژنان، ڕوناکبیر عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی ڕەوایەتی ئازادی ژنان" بەردەوام دەبێت و بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامەیەک کۆتایی دێت.