تاژێ ناڕەزایەتی لە بەرانبەر پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەربڕی

تاژێ ناڕەزایەتی لە بەرانبەر پەسەندکردنی ئەو یاسانە دەربڕی کە بە تەواوەتی دژی ژن و کۆمەڵگەن و ئاماژەی بەوەدا یاسا پەسەندکراوەکان، یاسای ئەقڵیەتی داعشە و بە مانای کوشتنی ژن و ژیان دێت.

ڕاگەیاندراوی تاژێ

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) سەبارەت بە پەسەندکردنی هەموارکردنەوە یاسایی باری کەسێتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی تاژێدا ئاماژە بەوەکراوە لە ٥ی ئابی ٢٠٢٤دا، لە ١٠هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا پەرلەمانی ئێراق گۆڕینی یاسایی هەموارکردنەوەی باری کەسێتی و یاسایی لێبوردنی گشتیی خستە بەرنامەی کارەکانیەوە و دەڵێت: "لەبەرئەوەی ئەو دوو یاسا زۆر مەترسیداربوون و لە ئاستی قڕکردن بوو،  لە دژی ئەنجامدانی چەندین ناڕەزایەتی دروست بوو. بە تایبەتی ژنانی ئێزدی و تەواوی ژنانی ئێراق ناڕەزایەتی توندیان نیشاندا، بەڵام پەرلەمانی ئێراق ئەم هەڵوێستە دیموکراتیکانەی پشتگوی خست و لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا هەموارکردنی گۆڕینی یاساکانی پەسەند کرد. بۆ ئەوەی یاساکان جێبەجێ بکرێن، سەرۆک کۆماری ئێراق هەر سێ یاساکەی قبوڵ کرد."

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە تەنها داعش هۆکاری فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ نییە. فەرمانەکە لە ئەنجامی خیانەتی پەدەکە، بە هاوکاری دەوڵەتی تورک لەگەڵ داعش و خەمساردی حکومەتی ئێراق لە بەرانبەر شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجام درا.

'یاساکە بە واتای کوشتنی ژن و ژیانە'

 لە بەردەوامی راگەیاندراوەکەت تاژێ دا هاتووە: "ئەم یاسایە مەترسیەکی گەورەیە لەسەر تەواوی کۆمەڵگە و ئەو نەتەوانەی لە ئێراق دەژین. یاسای لێبوردنی گشتیی چەتەکانی داعش سودی لێ وەردەگرن و بە واتای ئازاد کردن دێت و ڕێگە لەبەردەم کۆمەڵکووژی و فەرمانی نوێ دەکاتەوە.

دەمانەوێت دەنگی ژنانی ئێزدی بگەیەنینە جیهان، کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمان بووتەوە و لە ڕۆژی ئەمڕۆدا جارێکی دیکە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی، ژنانی ئێزدی مەترسی کۆمەڵکووژی و فەرمان هەیە ئەگەر ئەم یاسایە هەڵنەوەشێتەوە و کۆمەڵکووژی ڕووبدات، حکومەتی ئێراق بەرپرسیاری دەبێت.

هەروەها یاسای باری کەسێتی ڕێگە لە هاوسەرگیری کچی ٩ ساڵ و کوڕی ١٥ ساڵ دەکاتەوە، لە هەمانکاتدا مافی دایکایەتی و میرات لە ژنان وەردەگرێت. ئەم یاسایە زیهنیەتی داعشە و بە واتای کوشتنی ژن و ژیان، بە واتای پێشێلکردنی مافەکانی ژن، منداڵ و کۆمەڵگە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دێت.

وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) پەسەندکردنی یاسای باری کەسێتی و لێبوردنی گشتیی شەرمەزار دەکەین و ڕەتی دەکەینەوە. جارێکی دیکە بانگەوازی لە ئێراق دەکەین کە دەستبەجێ ئەم یاسانە هەڵوەشێنێتەوە. بانگەواز لە کۆمەڵگەی ئێراق و ژنانی ئێراق دەکەین لە بەرانبەر ئەم یاسانەدا ببن بە یەک و تێکۆشان بەرزتر بکەنەوە. هەروەها بانگەواز لە هەموو هێزە نێونەتەوەیی، دامەزراوەکانی پاراستنی مافی ژنان و منداڵ دەکەین کە بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن. بەتایبەت بانگەواز لەو وڵاتانە دەکەین کە دانیان بە جینۆسایددا ناوە، لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا خاوەن هەڵوێست بن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەرووی فەرمانی نوێ نەبێتەوە".