تاژێ: پەدەکە لە ڕێگەی کۆبوونەیەکەوە دەیەوێت پاکانە بۆ خۆی بکات

تاژێ رایگەیاند، پەدەکە لە رێگەی کۆبوونەوەیەک لە ئەڵمانیا دەیەوێت پاکانە بۆ بەرپرسیارێتی خۆی لە فەرمانی سەر ئێزدییەکان بکات و جەختیشی کردەوە کە ئەوە رەتدەکەنەوە. جەختیشی کردەوە کە هاوشێوەی پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەم، ئەو هەوڵەش پوچەڵ دەکەنەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەیالەتی نۆردراین وێستفالیای ئەڵمانیا بە ناونیشانی "رێککەوتن و ئاشتەوایی" کۆبوونەوەیەک بە بەشداری پەدەکە لە بارەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ سازبکرێت. لەبەرامبەردا کۆمەڵگای ئێزدی بەتایبەتی شەنگال دەڵێن تا ژنانی رفێندراو ئازاد نەکرێن و گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵنەدرێنەوە و بەپرسیارانی فەرمانەکە دادگایی نەکرێن، هیچ رێککەوتنێک بوونی نابێت، هەربۆیە دژی دەوەستنەوە.

بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لەبارەی بابەتەکەوە لە ئەنجومەنی گەلی دگورێی شەنگال کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و تیادا وتەبێژی تاژێ ریهام هجۆ راگەیەندراوێکی خوێندەوە و داوای لە هەمووان کرد بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا کۆبوونەوەکە شەرمەزار کرا و ئەو هەنگاوە وەک پیلانگێڕییەک لە دژی کۆمەڵگای ئێزدییان ناودێر کرا.

ریهام هجۆ وتی، "خۆی لە خۆیدا هەموان بەوە دەزانن کە بە چ شێوەیەک فەرمان لە دژی ئێزدیەکان ئەنجامدرا. ئەوەی فەرمانەکەی جێبەجێ کرد داعش  و هاوکارەکانی داعش بوون. ئەوەی رێگەی بۆ فەرمانەکە خۆش کرد، شەنگالی بە بێ پارێزگاری جێهێشت، پێشمەرگەکانی پەدەکە بوون. بەرپرسیاری دەکەش دەوڵەت و حکومەتی عێراق بوون کە کەمتەرخەمبوون بەرامبەر بە شەنگال. هاوپەیمانی ئەو هێزانە لە دژی ئیرادەی ئێزدییەکان، وەک درێژەدانە بە فەرمانە".

ریهان هجۆ ئاماژەی بە فەرمانی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ کرد لە دژی شەنگال و ئەوەی خستەڕوو ئامانجی ئەو پەیمانە بێ ئیرادەکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییە و دەیانەووێت کۆمەڵگای ئێزدی بگەڕێننەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١٤، هەربۆیە دژی وەستاونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە کۆمەڵگای ئێزدی کێشەی لەگەڵ هیچ نەتەوە و ئایینێکدا نییە و رایگەیاند، "هیچ کێشەیەک لە نێوان ئێزدی و عەرەبەکاندا نییە. هەندێک کەس یاخود عەشیرە چوونە ناو داعشەوە، ئێمە لێپێچینەوە لە کەسایەتی یاخود عەشیرەتەکان دەکەین. لێپێجینەوە لە کۆمەڵگا ناکرێت و هیچ کێشەیەکی بەو جۆرەمان نییە. دیارە لەو کۆنفڕانسەی لە ژێر ناوی رێککەوتن و ئاشتەوایی دەکرێت، لایەنێک کە خۆی تێدا دەشارێتەوە پەدەکەیە. پەدەکە دەیەوێت خۆی بە بێتاوان نیشان بدات و پاکانە بۆ رۆڵی خۆی لە فەرمانەکە بکات، دەیەوێت خۆی لە خیانەتی ٣ی ئاب بێ بەری بکات و کردەوەکانی پەردەپۆش بکات. ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە و ئەوانەشی بەشداری ئەو کۆبوونەوە دەبەن بە هاوبەشی تاوان دادەنێین".

ریهام هجۆ داواشی کرد هیچ ئێزدی، کریستیان و مسوڵمانێک بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکات، چونکە وەک چۆن دژی پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەم وەستانەوە و ئەوانەی بەشداربوون لەو پەیمانە بە نەیاری کۆمەڵگای ئێزدی دانران، بەهەمان شێوەی کۆبوونەوەکەی ئەڵمانیاش رەتدەکەنەوە و بەشداربووانی بە نەیار و دژبەری کۆمەڵگای ئێزدی دادەنێن. جەختیشی کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لە دەرەوەی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی قەبوڵ ناکەن و لەلایەکی دیکەشەوە دوژمنایەتیان لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکدا نییە تا بێن و ئاشتەوایی بکەن، دوژمنی ئێزدیەکان دیاربوو، ئەو لایەنانەشی هاوکاریی ئەو دوژمنەیان دەکرد دیاربوون. هیچ کێشەیەکیان لە گەڵ هیچ کۆمەڵگایەک نییە و کۆمەڵگای ئێزدی لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی گەلان، خۆشەویستی و یەکتر قەبوڵکردن خەبات دەکات. بۆیەش جارێکیتر رایدەگەیەنین کە ئەو پیلانگێڕییە رەتدەکەینەوە، هەرگیز سەرناگرێت و هەرکەسیش بەشداری لەو کۆنفڕانسەدا بکات بە بەرپرسیاری دادەنێن.

کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە بە دروشمی 'بژی بەرخودانی شەنگال'، 'ژن، ژیان، ئازادی' و ' بمرێ خیانەت' کۆتاییهات.

هـ . ب