تۆمەتی چەکهەڵگرتن و وەستانەوە لە دژی دەوڵەت ئاراستەی وەریشە مورادی کرا

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ بەسەر دەستگیرکردنی، لقی پێنجی دادگای شۆڕش لە تاران تۆمەتی بەغی یاخود چەکهەڵگرتن لە دژی دەوڵەتی ئاراستەی وەریشە مورادی ئەندامی کەژار کرد.

وریشە مورادی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و ئەندامی کۆمەڵگەی ئازادی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لەلایەن لقی پێنجی داواکاری گشتیی و دادگای شۆڕش لە تاران بە فەرمی تۆمەتی "بەغی" یاخود چەکهەڵگرتن و وەستانەوە لە دژی دەوڵەتی ئاراستە کرا.

بە پێی هەواڵی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وەریشە مورادی لە هەفتەکانی رابردوودا لە لقی پێنجی لێپرسینەوەی دادگای گشتیی و شۆڕشی تاران ئامادەبووە و تۆمەتی چەکهەڵگرتن لە دژی دەسەڵات لە رێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)ی ئاراستە کراوە.

ئاراستەکردنی ئەو تۆمەتە، مایەی نیگەرانی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤە، بەو پێیەی رێگە بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەو چالاکوانەی مافەکانی ژنان دەکاتەوە.

هەربەگوێرەی ئەو هەواڵە دۆسیەی وەریشە مورادی دوای ئاراستەکردنی تۆمەتەکەی رەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلەواتی کراوە.

وەریشە مورادی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و ئەندامی کەژار لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە نزیک سنە رفێندرا و تائێستاش دەستبەسەرە.

بە درێژەی شەش مانگ دەستبەسەری، سەرەڕای داواکاری بەردەوامی بنەماڵەکەی رێگە نەدرابوو کە چاویان پێی بکەوێت.

هـ . ب