وێنەی ژینا ئەمینی لە قەڵای ئامەد هەڵواسرا و سڵاو لە ڕاپەڕینی ژنانی ڕۆژهەڵات کرا

ژنان وێنەیەکی ژینا ئەمینی-یان لەسەر پۆستەرێکی گەورە بە دیوارەکانی قەڵای ئامەد دا هەڵواسی و سڵاویان لەو ژنانە کرد، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرەنگاری و ڕاپەڕین دەکەن.

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی (هەدەپە) لە ئامەد و بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ژنان، کە لە دوای کوشتنی  ژینا ئەمینی لە ئێران دەستیپێکردووە، لە دەروازەی مێردینی قەڵای ئامەد پۆستەرێکی گەورەی ژینا ئەمینیان هەڵواسی و ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە.

ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، مەراڵ دانش بەشتاش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، دێرسیم داغ  وتەبێژی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە، فەلەکناس ئوجا، ڕەمزییە تۆسون، دیلان دیرایەت تاشدەمیر، بەیجان تاشکران هاوسەرۆکی پارتی سۆسیالیستی بندەستان (ئەسەپە) و چەندین ژنی تر بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد و لە دوای خوێندنەوەى ڕاگەیاندراوەکە، ژنان پۆستەرێکی گەورە، کە وێنەی ژینا ئەمینیی لەسەر بوو و بە کوردی کرمانجی نووسرابوو "سڵاو لە ڕاپەڕینی ژنان دەکەین، ژن، ژیان، ئازادی" بە دیواری قەڵای ئامەد دا هەڵواسی.

پێش خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکە پۆلیس بەژنانی ڕاگەیاندبوو، هەڵواسینی پۆستەر بە دیوارەکانی قەڵای ئامەدەوە زیان بە پێکهاتە و تان و پۆ مێژووییەکەی قەڵاکە دەگەیەنێت! هەدەپەییەکانیش ئەو ئاڵایە، کە قەیوم بە برجی کەچکا لە قەڵای ئامەد هەڵیواسبوو بە پۆلیسەکان نیشاندا و کاردانەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر پۆلیسەکان هەبوو و ئیدانەیان کردن.

ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ڕایگەیاند، ژنان لەلایەن هەمان دەسەڵاتەوە دەکوژرێن و وتی: "لەو رۆژەوە، کە ژینا کوژراوە، لە ڕۆژهەڵات و ئێران چالاکیی گەورە بۆ ئازادیی ژنان رێکدەخرێت. ئەوانەی، کە دەبێت بەرپرسیار بن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، هەر وەک ئێرە هەوڵ دەدەن بە زۆرداری و تووڕەیی، ناڕەزایی و داواکارییەکانی ژنان سەرکوت بکەن.

چەند ڕۆژێکە لە ئێران ژنان و پیاوان دژی ئەو تێڕوانینە تەکپارێزییە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. ئەو کەسانەی بە شێوەی دیموکراسییانە ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دەدەن دەکوژێن، رینداردەکرێن و هێرشیان دەکرێتە سەر.

ئێمە لێرەوە، لە ئامەدەوە سڵاو لە گەلی رۆژهەڵات دەکەین، کە لە دژی ئەو سیستمە دەنگی خۆیان بەرزکردووەتەوە و ڕژاونەتە سەر شەقام و کۆڵانەکان. ڕایدەگەیەنین، ئێمە پشتیوانی بەرخۆدانەکەتانین. ئێمەی ژنان جارێکی تر دەڵێین، ئێمە لە دژی ئەو عەقڵییەتەین، کە هەوڵ دەدات ئێمە بچووک بکاتەوە و کۆیلەیەتیمان بەسەردا بسەپێنێت و لە دژی ئەوەش دەستبەرداری تێکۆشان و بەرخودانەکەمان نابین".

لە دوای راگەیەندراوەکە، ژنان پۆستەرێکی گەورە، کە وێنەی ژینا ئەمینیی لەسەر بوو بە دیواری قەڵای ئامەددا هەڵواسی، کە دروشمەکانی "سڵاو لە ژنانی بەرەنگاری رۆژهەڵاتی کوردستان" و "ژن، ژیان، ئازادی"ی بەسەرەوە بوو و ئەو دروشانەیان دووبارە کردەوە و بە هەلهەلە کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

ژ.ت