کۆبوەنەوەکە کە لەلایەن کۆمەڵەی فێربوون و گۆڕانکاری بەدیل (SALT) ، لە میوانخانەی بانتو لە نزیک شاری نانیوکی دامێنی چیای کینیا لە ٨ تا ١٣ی ئاب میوانداری کرا. بەشداربووان لە هەموو بوارەکانی ژیانەوە، ئازادانە ئەزموونەکانیان لە وڵاتان و جوگرافیای خۆیانەوە بەش کرد.تەونی نێونەتەوەیی بۆ ئەلتەرناتیڤ تا ئێستا ١١ جار کۆبوەنەوەی ئۆنلاینی کردووە و بۆ یەکەم جار لە نێوان ٨ بۆ -١٣ ئاب کۆبونەوەی ڕووبەڕووی بە ئامادەبونی زیاتر لە ٦٠ کەس ئەنجامدا کە زۆربەیان لە وڵاتانی باشورەوە هاتبوون وەک وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، ئەفریقیا، باشوری ئاسیا، هندستان، کوردستان ( رۆژئاڤا- باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ) هەروەها ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی و ئاکادیمیای ژنۆلۆژیش و زۆرێک لە وڵاتانی تری جیهان بەشداریان کرد.
کۆبوونەوەی رووبەڕووی بزووتنەوەکانی سەرانسەری جیهان لە ئەنجونی جی تی ئەی زەمینە بۆ بنیاتنانی هاوپشتی، هاودەنگی، ئاڵوگۆڕی ئەزموون، فێربوون و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەکان و تاکەکان فەراهەم دەکات.
تەونی نێونەتەوەیی بۆ ئەلتەرناتیڤ خۆی لە خۆی دا پرۆسەیەکە کە لە چوار هۆنەری وەک ( ڤیکالپ سانگام لە هندستان، کریانزا موتوای کۆڵۆمبیا و کریانزا موتوای مەکسیک، ماسا لە وڵاتانی باشوری ئاسیا پێکهاتوون ) ڕەخنەی ڕیشەییان لە پیاوسالاری، سەرمایەداری، ڕەگەزگەرێتی، کۆلۆنیالیزم، هەژموونی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئەنترۆپۆسێنتریزم ( مرۆڤ-ناوەندیی ) یە کە بونیادی ژیان لەناو دەبەن.
تەونەکە لە ئاستی گەردوونیی و هەرێمیشدا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی تەونە خۆجێی و ناوخۆیی هەرێمە جیاوازەکانی کە لە دەرەوەی سیستەمی باوی سەرمایەداری بە دوای ئەرلتەرناتیڤی خۆبەرێوەبردن و خۆبژێوی و شێوازەکانی خۆپاراستن بە دابینکردنی ڕێبازی ئەکۆلۆژییانە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەگەڕێن و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە دەکەن کە گرنگی بە نیگەرانییەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، خۆراک و کەشوهەوا دەدەن و ڕێ چارەسەرەی بەرجەستە دەخاتەڕوو.
تەونەکە لە هەمان کاتدا پرۆسەکە بۆ تەحەداییکردنی هەموو جۆرە ستەمێکی سیستەمی باوکسالاری، ناوەندگەرێتی، ڕەگەزگەرێتی، قۆرغکاری و سەرمایەداری لە سەرتاسەری جیهاندا.
وتەبێژی ڤیکالپ سەنگامی هیندستان، ئاشیش کۆتاری، ڕایگەیاند، ئەم کۆبونەوەیە بۆ هەموو کۆمەڵگە خۆجێیەکانی جیهان گرنگە، چونکە هەموو کۆمەڵگەیەک ڕووبەڕووی قەیرانی جیاواز دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا هەموومان ڕووبەڕووی قەیرانی هاوبەش دەبینەوە، پێویستمان بە یەکگرتوویی و پشتیوانی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرخودان، تێکۆشان و دۆزینەوەی بەدیلێکی بەسوود.
بەرپرسی کۆمەڵەی فێربوون و گۆڕانکاری بەدیل سیمۆن میتامبۆ کە ڕێکخراوەکەی میوانداری لە کۆبونەوەکە کرد و خۆشی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ سیستەمی مەعریفەی خۆجیی و هەرێمیی کاردەکات بۆ زیندووکردنەوەی کەلەپوری هەمەجۆر و کولتووری خۆجێی ئاماژەی بەوە کرد کە دەیانەوێت لەگەڵ کۆمەڵگە خۆجێیەکان کاربکەن بۆ بەهێزکردنیان و بنیاتنانی سەربەخۆیی خۆیان، بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی خۆبەڕێوەبردن، کە مۆدێلێکی لە ژێر بۆ ژوورە و پشت بە ئیرادە و هێزی خۆجێی کۆمەڵگەکان دەبەستێت.
لە کۆبونەوەکەدا ئاکادیمیای ژنۆلۆژی بابەتێکی لەسەر ژنۆلۆژی چییە و چ ڕێنمایی و دێدێکی هەیە بۆ مێژوو ، قەیرانی سیستەم، قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و چۆن لە ڕووی زهنیەوە زەمینە شۆڕشی دووەمی ژن، گوند و کشتوکاڵ فەراهەم دەکات. بابەتەکە لە لایەن زاهیدە مامۆ و نەجیبە قەرەداغیەوە پێشکەش کرا. هەروەها ئاماژە بە ڕێبازی ژنۆلۆژی کرا لە پێناسەکردنی ڕیشەی قەیرانەکانی سیستەم و تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردستان کرد بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد کە پایەکانی لەسەر چەمکی نەتەوەی دیموکراتی و هاوژیانی ئازادە. چەمکی کوشتنی پیاوێتی و هاوژیانی ئازاد مایەی سەرنج بوو لە لایەن ئامادەبووانەوە و زۆرێک لە ئامادەبووان داوایان کرد کە ئاکادیمیای ژنۆلۆژی بێنە هەرێم و وڵاتانی ئەوانیش کۆبونەوە و پانێڵی تایبەتی لەسەر ژنۆلۆژی بکرێت.
لە هەمان کۆبوونەوەدا نورشان حسێن لەسەر شۆرشی رۆژئاڤا بابەتێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە سیستەمی خۆسەری دیموکراتی کرد کە لەسەر پرەنسیپەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ، ئەکۆلۆژی و ئازادی بونیاد دەنرێت.
لە هەمان کاتدا سەرنجی بۆ سەر هێرش و هەڕەشەکانی سەر رۆژئاڤای کوردستان ڕاکیشا و ئاماژەی بە گرنگی هاوپشتی و پێکەوەکاکردنی بزوتنەوە و خۆبەڕێوبەرییەکان کرد لە جیهاندا.
نورشان حسێن لە لایەکی تر باسی لە گرنگی خۆڕێکخستنیی خۆسەریانەی ژن و ئاستی خۆپاراستنی ژنان کرد کە نەک تەنیا ژنان بەڵکو تەواوی سیستەمی خۆسەری دیموکراتی دەپارێزن.
بابەتێکی دیکەش لە لایەن ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتیەوە پێشکەش کرا کە لەسەر گەڕان بە دوای ئەلتەرناتیڤێکی بەهێزی دەرەوەی سیستەمە کە ئەزموونی پەنجا ساڵەی تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستانە کە لەسەر پایەی سەرەکی نەتەوەی دیموکراتیی، ئابوری کۆمیناڵ و پیشەسازی ئەکۆلۆژییە و بە خۆسەری دیموکراتیی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ قەیران و کێشەکانی سیستەم دەخاتەڕوو. ئاماژە بەوەش کرد کە داهێنەری ئەو فەلسەفە و پارادایمە ڕێبەری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە.
شایانی باسە تەونی نێونەتەوەیی بۆ ئەلتەرناتیڤ لە دوای کۆبونەوەکەوە ڕایگەیاند، کە ئەوان لە تۆڕێکی فراواندا لەگەڵ دینامیکە هەرێمیی و خۆجێیەکان پێکەوە کار دەکەن بۆ لە پرۆسەی لەیەکترفێربوون و ئالۆگۆڕێ مەعریفە و ئەزموونی مێژوویی و رۆژانەیی بۆ ئەوەی تەحەدای قەیرانی ئێستایی سیستەم بکەن، لە پێناوی بەهێزکردنی هاودەنگییان لە بزووتنەوەکانی بەرخودان.
لە ڕۆژی دوایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنێکی ژنانی تەونەکە دامەزرا و لە ڕوانگەی ژنانەوە گفتوگۆیان لەسەر پێویستی خۆڕێکخستنکردنی ئەو ژنانە کرد کە لە نێو تەونەکەدان و لە ئایندەشدا کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو ئەنجام دەدەن و ئەجێندای تایبەت بە خۆیان گەڵاڵە دەکەن.
بەشدارانی دوای کۆبونەوەی ٤ ڕۆژ لە سەر ئەو بابەتانە، بە درێژایی ڕۆژێکیش گفتوگۆیان لەسەر قۆناغی ئایندە کرد لە سەر بونیادی تەونەکە و ، پرۆژە و چالاکیەکانیان.
تەونی نێونەتەوەیی بۆ ئەلتەرناتیڤ GTA لە چوار هۆنەر و ٧٦ پشتیوان و ٦٧ کەسایەتی پێک دێت کە هەموویان لە هەرێمەکانی خۆیاندا و لە ئاستی گەردوونیدا نوێنەرایەتی ڕێکخراوە، بزوتنەوە، ئاکادیمیا، وەقف، دەزگا و دامەزراوەی ئەلتەرناتیڤ دەکەن کە ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی و دیبلۆماسی مەدەنی رۆژئاڤاش بەشێک لە پشتیوانەکان.
تەونی نێونەتەوەیی بۆ ئەلتەرناتیڤ پرۆسەیەکە کە لە ساڵی ٢٠١٩ سەریهەڵدا، کە لەلایەن چەندین ڕێکخراو، تۆڕەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەلتەرناتیڤ پێک دێت لە سەرانسەری جیهاندا.
تەونەکە سەرنجی لەسەر بوارەکانی کشتوکاڵ، وزە، خۆبەڕێوەبەریی، سەروەریی خۆراک، سەرچاوە، مەعریفە و زانیاری بە پارادایمێکی نوێ لە پێناوی سەرلەنوێ سازدانەوەی پەیوەندی مرۆڤ و سروشت، مرۆڤ و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتی بۆ بونیادنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبردن، خودژێنیی و خۆپاراستن.
دوای ٤ رۆژ لە کۆبونەوەکە شاندەکان سەردانی چەندین کۆمەڵگەی خۆجێی وەک تاراکا و ئانگۆسی کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکانیان بوون لە پشتبەستن بە سەرچاوە و شێوازی خۆیان و پاراستنی کولتوور و نەریتی تایبەت بە خۆیان.
شاندەکە بە مەراسیم و نەریتی تایبەت بەو کۆمەڵگە و تیرانە پێشوازیان لێکرا.
لە لایەکی تر بە نوێنەرایەتی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، نوێنەری گوندی ژنوار نەجیبە قەرەداغی و بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی تەونی نێونەتەوەیی بۆ ئەلتەرناتیڤ سەردانی گوندی ئۆمۆجایان کرد کە سەر بە تیرەی سامبۆرووی کینیان. ئامادەبوانی گوندەکە کە نزیکەی ٤٥ ژن و منداڵن خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. شاندی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی و گوندی ژنوار چەند دیاریەکی ڕەمزییانەی گوندەکە و ئاکادیمیاکەیان پێشکەش بە گوندەکە کرد.
گوندی ئۆمۆجا بۆ ماوەی ٣٢ ساڵ دەبێ دامەزراوە و بە تەواوی لە لایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەو ژنانە لەوێ دەمێننەوە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و ئەوانەشی بە دوای ژیانێکی ئەلتەرناتیڤی دەرەوەی سیستەمدا دەگەڕێن و دەیانەوێ پشت بە هێز، ئیرادە، ڕێکخستنبوونی خۆیان بژین و خۆیان بەڕێوەبەرن.
هـ . ب