ئوچار: ژنان ئازادی دەهێنن

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلچگون ئۆچار ڕایگەیاند: هیچ جێگرەوەیەکی تر نییە، ژنان سەرچاوەی ئازادیین.

ئەنجوومەنی ژنانی پارتی چەپی سەوز، لە ئوتێلێکی شاری ئەنقەرە، پرۆگرامی هەڵبژاردنی پارتەکەی پەیوەست بە ژنان ئاشکرا کرد. هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، هاوشان لەگەڵ ڕاگەیاندنی پرۆگرامی پارتەکەی، بە کرمانجی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد. ئۆجار گوتی، هێشتا هەنگاوەکان بەرەو بەدیهێنانی ئازادیی ژنان بەردەوامە. جاروباریش لێدوانەکەی دەپچڕا بەهۆی گوتنەوەی درووشمەکانی «ژن، ژیان، ئازادی» و «بێدەنگ نابین، ناترسین، نانەوین».

ئۆچار دووپاتی کردەوە، هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە دەبن بۆ بەگژاچوونەوەی نەژادپەرستی و جیاکاریی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ژنان و تاوانی کینەئامێز و وێرانکاری و تاڵانی و قڕکردن. پاشان گوتی: «بەردەوام دەبین لە تێکۆشان لەپێناو ماف و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. ئێمەی ژنان، لەپێناو کۆمارێکی دیموکراتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، هەرگیز دەستبەرداری خەباتەکەمان نابین. لەپێناو بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ئازادیی ژنان، لەسەر هێڵی سێیەم بەردەوام دەبین و پێکەوە ژیانێکی نوێ دادەمەزرێنین، هاوپشتی یەکتر دەبین بەئامانجی گۆڕان و پاڵپشتییەکی مەزنتر.

ئێمە لە سەدەی دووەمی کۆماردا، ڕووبەڕووین بە دۆخێکی مەترسیدار. کۆچکردن زیاتر بووە. چەرخی چەوسێنەری سەرمایەداری هێشتا لەبرەودایە، سیاسەتی دژ بە ژن و جەنگ و ستەم ڕۆژ لەدوای ڕۆژ درێژە دەکێشن. حکومەت هیچ ڕێگەیەکی دیکە شکنابات بێجگە لە گوشار و توندوتیژی. ئێمە ژنان لێرەین بە ئامانجی ئایندەیەکی دیموکرات و ئازاد. پارتی چەپی سەوز دژە بە پیاوسالاری، ئەم پارتە ئاڵاهەڵگری ژیانی دیموکراسییانەیە و ژینگەپارێزی و ڕزگاریخوازی و یەکسانییە، ئاڵاهەڵگری کۆمارێکی دیموکراتە، بانگهێشتی سەرتاپای ژنان دەکەم بۆ کۆبوونەوەیان لەژێر ئەم ئاڵایە تا پێکەوە ژیانێکی نوێ بەرپابکەین.

ئێمەی ژن، پێویستمان بە هاوپەیمانیی کۆماریی دژە ژن نییە، وەکچۆن پێویستمان بە ئۆپۆزیسیۆنی پیاوسالاری ڕیفۆرمخواز نییە. ڕێگەی سێیەم بە فەزڵی تێکۆشانی ژنان پەرەی سەندووە، هەر بە فەزڵی تێکۆشانی ژنان سەردەکەوین و کۆمارێکی دیموکرات ئاوادەکەین.

ڕێگە دیموکراتی و ئاشتیخوازییەکان دەگرینەبەر لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی ڕێگەی چارەسەریان بەستووە. خۆ دەزانین تێکۆشانی ژنان لە هەمان کاتدا، ویستی ئاشتی و چارەسەرە. لە تورکیا پرسی کورد نییە، بەڵکو ڕاستییەکی کوردی لەگۆڕێیە.

بانگی هەموو ژنان دەکەین بۆ تێکۆشان دژی زهنیەتی پیاوسالاریی دەسەڵاتخواز، دەخوازین ژنان باشتر خۆیان ڕێکبخەن. هیچکات دەستبەرداری سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان نابین. پەیمانی ئەستەنبوڵ هی ئێمەیە. زۆری نەماوە ئەم سیستەمە پیاوسالارییە هەڵوەشێنینەوە.

لەپاڵ ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە خۆمان بۆ سەدەیەکی نوێ ئامادە کردووە. هەروەک پێشوو، ئێمەی ژنان ئامادە دەبین دژی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت ژنان پشتگوێ بخەن. پەیمان دەدەین لێپێچینەوە لەم دەسەڵاتە دەکەین و هەڵی دەوەشێنینەوە. خاوەنی پرسی خۆمانین؛ دووبارە مافەکانمان وەردەگرینەوە».

هـ . ب