یەژاستار: ڕاستی شەڕی ئازادی بە هەمووان پیشاندا

"میلیتانی سەردەم، شارستان ئاسمین جارێک لەڕێگەی شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داگیرکەران، جارێک بە نوسینەکانی، جارێک بە بەرنامەی گەریلایی، هەروەها لەسەر بناغەی دڵسۆزی بۆ خاکەکەی چیرۆکی ژیانی ئازادی بەبیری هەمووان هێنایەوە".

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەژاستار، لەڕێگەی ڕاگەیاندراوێکەوە، یادی خەباتکاری بواری چاپەمەنی یەژاستار، شارستان ئاسمین (لەیلا یەڵدز) بەرزڕادەگرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"سەرەتا بە ڕێز و خۆشەویستییەوە، یادی میلیتانی پێشەنگ، گەریلای ئاپۆیی و شوێنکەوتەی ڕاستی، هاوڕێی دڵسۆزمان شارستان ئاسمین بەرزڕادەگرین. لە کەسێتی هاوڕێمان شارستان، بەڵێن دووپات دەکەینەوە بە درێژەدان بە ڕێگەی ئازادیخوازانی هاوشێوەی هیندستان پەنابەر، ئارژین ئامەد، ساریا ئونور، ئاکین وان، ئامارا ڕوناهی و هەموو شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد لە چیاکانی کوردستان کە بوونەتە ڕێنیشاندەری  تێکۆشانمان، بەڵێن دەدەین درێژە بە تێکۆشان بدەین بە ڕوناکییەکەیان کە بۆتە دەنگی گەلەکەمان، بۆتە دەنگی ژنی شەڕڤان و تێکۆشەر و سیمای ڕاستەقینەی چیاکانمان".

"هەرگیز بزە لە ڕوخساری نەدەبڕا، لەدڵەوە باوەڕی بە سەرکەوتن هەبوو"

"هاوڕێی پێشەنگمان و دڵسۆزی خاکەکەی، شارستان ئاسمین، لەسەر بناغەی وڵاتپارێزی بۆتان پەروەردە بوو، وەک هەر کچە کوردێک ئازاری گەلەکەی بینی، لە مناڵییەوە دزێوترین سیمای داگیرکەری بینی. وەک ژنە کوردێک بەڵێنی دا حسابی هەموو وردەکارییەکی خاکەکەی لە دوژمن بپرسێتەوە. ئەم ئامانجەوە ڕوویکردە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ. لە ساڵی ١٩٩٩، کاروانی شۆڕشگێڕی دەستپێکرد. هەموو تەمەنی بەستەوە بە خەبات و هاوڕێیەتی و فیداکاری و ڕێبەرێتی و بەهاکانی گەلەکەیەوە. ناوی لە خۆی نا شارستان، کاروان و دڵ و مێشکی پڕکرد لە فەلسەفەی ژیانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ. بەم چەشنە وەک ژنێکی دڵسۆزی نیشتیمان، ٢٤ کاتژمێر خەباتی کرد، بوو بە میلیتان و فەرماندەی پێشەنگ لە ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادی. لە هەموو شوێن و کاتێک پێشەنگێکی بەهێز بووە بۆ هاوڕێکانی، لەدڵەوە بۆ وڵاتەکەی خەباتی کرد، بووە سەرچاوەی حەماسەت و مۆڕاڵی هاوڕێکانی، بۆیە لەماوەی ٢٤ ساڵدا، هیچ بەربەستێک نەیتوانی ڕێگە بگرێت لە  کاروانی شۆڕشگێڕی هاوڕێ شارستان.

هیچ فشارێک نەیتوانی شەڕەکەی لەپێناو ئازادی بوەستێنێت. هەرگیز بزە ڕوخساری جێنەهێشت، لەدڵەوە بڕوای بە سەرکەوتن هەبوو. لە ژیاندا ئاستەنگەکانی بەزاند و باوەڕی بە سەرکەوتن لەدەست نەدا.

"هەم پێشەنگی شەڕی ئازاد، هەم خەباتکاری چاپەمەنی ئازاد بوو" 

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "بەدەستهێنانی ئازادی لەلایەن ژنەوە، مانای سەرکەوتنە". شۆڕشگێڕی ئاپۆیی شارستان، وەک ژنێکی پێشەنگ بە شەڕێکی مەزن هەنگاو بە هەنگاو چیرۆکی ژیانی دەنوسێتەوە و لەپێناو ژیانی ئازاد تێدەکۆشێت. دەبێتە خاوەنی هێز و داهێنانێکی مەزن، بۆیە ڕاستی ونبووی مێژووی ژیانی لە گۆڕەپانەکە دەردەخات و دەبێتە پێشەنگی شەڕی ئازادی، لە قەندیلەوە تا زاگرۆس، لە حەفتانینەوە تا گارە، لە شەنگالەوە تا مەخمور و کەرکوک، وەک ژنە شەڕڤانێک دڵی خۆی دەداتە چیا بەرزەکانی وڵاتەکەی و شەڕی ژیانی ئازاد. چەندین ساڵ لەنێو چاپەمەنی یەژاستار خەباتی کرد، هەوڵیدا دەنگ وڕەنگ و شێوازی شەڕی ئازادیی ژنی شەڕڤان بۆ هەمووان دەربخات. بۆیە هەنگاو بە هەنگاو لە هەموو گۆڕەپانەکان شەڕی کرد. چیرۆکی شەهیدانی گێڕایەوە، چیرۆکی جیاوازی ژنەکانی نوسیەوە، بەرنامەی پێشکەشکرد دەربارەی ڕاستی گەریلای ئاپۆیی. لە بەرنامەی ژنانی چیایی و پەناگە و چەندین بەرنامە دەربارەی چیاکانی کوردستان و دڵسۆزەکانی دەرکەوت. شارستان دەیویست وەک بێریتان بژی، وەک زیلان شەڕ بکات و هێزی ڕێکخستن لە شۆڕشی ژنان پێشبخات. بۆیە جارێک چەکی دەگرتە دەست و وەک فەرماندەی شەڕی ئازادی لەنێو بەردەکانی زاپ شەڕی دەکرد، جارێکی تر کامێرای هەڵدەگرت وەک خەباتکاری چاپەمەنی ئازاد لە زاگرۆسەوە تا شەنگال و ئەرکە مێژووییەکانی بەجێ دەهێنا.

هاوڕێ شارستان بە سەرکەوتوویی تا کۆتایی لەسەر ژیانی شۆڕشگێڕی و هەڵوێستی ئاپۆیی بەردەوام بوو. بەردەوام خەباتی کرد و هەستی بە ئازادی کرد لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی گەلاندا. لە قۆناغە مێژوویەکانی تەڤگەرەکەماندا، بەگوێرەی ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ ژیا، بە گەڕان بەدوای ڕاستی خۆی و دەوروبەری ڕێکخست. لە هەموو ساتێکی ژیانی داهێنانی دەکرد. وەک فەرماندەی یەژاستار و هاوڕێی چاپەمەنی ئازاد و شەڕی ئازادی بۆ دۆست و دوژمن دەرکەوت. میلیتانی سەردەم، شارستان ئاسمین جارێک لەڕێگەی شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داگیرکەران، جارێک بە نوسینەکانی، جارێک بە بەرنامەی گەریلایی، هەروەها لەسەر بناغەی دڵسۆزی بۆ خاکەکەی چیرۆکی ژیانی ئازادی بەبیری هەمووان هێنایەوە.

ئێمە لەسەر هێڵی ئارژین و خەلیل و هیندستان بەردەوامین، بەڵێن دەدەین وەک شارستان بژین تا بەدیهاتنی ئازادی گەلەکەمان، شەڕ دەکەین و ڕاستی شەڕی ئازادی بە جیهان پیشان دەدەین، تا کۆتایی پشتیوانی لە یاد و خەباتی هاوڕێ شارستان دەکەین لە ناوەندی چاپەمەنی یەژاستار. درێژە بە هەنگاوەکانی دەدەین، هیچ بەربەستێک ناناسین، تاریکی دەبەزێنین، ڕووناکی دەبینین و لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان ڕاستی ئازادی ژن بڵاودەکەینەوە لەڕێگەی شۆڕشەوە".