ڕژاک داوادەکات دەستبەجێ سەرۆکی رێکخراوەکەیان لە کەرکوک ئازادبکرێت

ماوەی ٢٥ رۆژە دلۆڤان ئەکرەم، سەرۆکی رێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان (رەژاک) لە کەرکوک دەستگیرکراوە و رێکخراوەکەش داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکات.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان(ڕژاک)، لە راگەیەندراوێکدا، باسی لەوەکردووە، پاش تیرۆرکردنی “فریال خالید” ماوەی ٢٥ ڕۆژە “دلۆڤان ئەکرەم” سەرۆکی ڕێکخراوەکە لە شاری کەرکووک دەستگیر کراوە.

ڕژاک ڕایگەیاندووە، “وەک ژن لە باشووری کوردستان پێمان وایە ئەو هێرشانە بۆسەر ژنی پێشەنگ زۆر ئامانجدار و بە مەبەستە، ئەو هەوڵە لەرزۆکانە شەرمەزار دەکەیین و داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، لەگەڵمان بن، هەروەها داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەین دەستبەجێ سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان ئازاد بکات”.

دەقی راگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان:-

بۆ ڕای گشتیی …

لای هەموو لایەک ئاشکرایە، ماوەیەکە لە باشووری کوردستان و عێراق ژنانی تێکۆشەر دەکرێنە ئامانج، ئەم ژنە تێکۆشەرانە بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگە ساڵانێکە لە تێکۆشاندان، بە ئامانجگرتنی ئەم ژنە تێکۆشەرانە بێدەنگکردنی ژنانە. وەکو بینرا، چۆن لە شاری سلێمانی بە ڕۆژی ڕووناک شەهید “ناگەهان ئەکارسەل” بە دەستی ڕەشی تیرۆرستان و ژنکوژان کرایە ئامانج و شەهیدکرا، بە هەمان شێوە لە شاری کەرکووک ئەم تاوانە قێزەونە لەلایەن تیرۆریستانەوە دووبارەکرایەوە و شەهید “فریال خالید” کرایە ئامانج و شەهید کرا.

شەهید فریال لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا ئاشنای ڕێگای ئازادیی ژن بوو، بەرەو ئازادیی ژن لە ڕۆژئاوا، لە ئەرمەنستان لە بەرامبەر تیرۆستێکی ترسناکی وەک داعش ڕووبەڕوو وەستایەوە و تێکۆشانی کرد.

بکەران و بکوژانی ئەم تاوانە قێزەونانە، لە ڕێککەوتنی تورکیای داگیرکەر و پارتی دیموکراتی کوردستان “پەدەکە” دوور نییە. لەو ڕۆژانەدا هاکان فیدان هەڕەشەی لە عێراق و باشووری کوردستان کرد، ئەردۆغان کوردستانی بە تیرۆرستان ناوزەند کرد و هەڕەشەی هێرشی کرد. دەوڵەتی فاشیستی تورک لەژێر ناوی تیرۆردا، ژنی تێکۆشەر دەکاتە ئامانج، بۆیە هەر دوای ئەو هەڕەشەیە ئەم کردەوە تیرۆریستیەی ئەنجامدا.

وەک ژن لە باشووری کوردستان پێمان وایە ئەم هێرشانە بۆسەر ژنی پێشەنگ زۆر ئامانجدار و بەمەبەستە، بۆیە بە توندیی ئەو هێرشە تیرۆرستییانە بۆسەر ژنانی تێکۆشەر  شەرمەزار دەکەین. بۆ عێراق جێگەی شەرمەزارییە، کە بکوژان و تیرۆرستان دەستگیر ناکات، بە پێچەوانە دەبێتە ئاستەنگ و ڕێگر لەبەردەم کاری ڕێکخراوی ئێمە.

بۆ هەموو لایەک ئاشکرای دەکەین، سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان ماوەی (٢٥) ڕۆژە دەستگیر کراوە، ئەم دەستگیرکردنە بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و هەبوونی بەڵگە، دەرچوونە لە یاسا بەرکارەکانی وڵات.

ئەم هەوڵە لەرزۆکانە شەرمەزار دەکەین و داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان ئەکەین، لەگەڵمان بن. داوا لە دەوڵەتی عێراق ئەکەین دەست بەجێ سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان “دلۆڤان ئەکرەم” ئازاد بکات. ڕای گشتیش ئاگاداردەکەینەوە ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێکخراوی ئێمەیە، بەدڵنیاییەوە سبەی لەسەر ڕێکخراوەکانی تر ئەنجامدەدرێت. کاتێک ئامانج سەرکوتکردنی ژنان بێت،  پێویستە هەموو ڕێکخراوەکان خاوەن هەڵوێست بن و داوا بکەن بە زوویی مامۆستا دلۆڤان ئازاد بکرێت".

هـ . ب