ژمارەیەك لەهۆنەرمەندانی ئەفغانی پشتیوانی ناڕەزایەتیەكان لەئێران دەكەن
ناڕەزایەتیەكان دژ بەرژێمی ئێران دوابەدوای كۆشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقەوە دەستی پێكرد.
ناڕەزایەتیەكان دژ بەرژێمی ئێران دوابەدوای كۆشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقەوە دەستی پێكرد.
هاوكات لەگەل بەرفراوان بوونی ئاستی ناڕەزایەتیەكان دژ بەرژێمی ئێران و دوابەدوای كۆشتنی كچە كوردی سەقزی"ژینا ئەمینی" بیست و دوو ساڵە، ژنانی ئەفغانستانیش سەرەڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ژینا ئەمینی، پشتیوانی خۆیان بۆ ناڕەزایەتیەكان راگەیاند و داوایان كرد توندوتیژیەكان دژ بەژنان لەئێران بوەستێندرێت.
ژمارەیەك لەچالاكانی مافی ژنان و هۆنەرمەندانی ناسراوی ئەفغانستان، پێزانین و رێزی خۆیان بۆ تێكۆشانی ئازادیخوازانەی هاوڵاتیانی ئێران لەبەرامبەر بە حكومەت و رژێمی ئێران نیشان دا و كردەوەكانی ئەو رژێمەیان هاوشیوەی كردەوەكانی حكومەتی تاڵەبان بەناو كرد كە ژنانیان لەمافە بنەڕەتی و ئازادیەكان بێ بەش كردوە.
ئاریانا سەعید، هۆنەرمەندی ناسراوی ئەفغانستان لەلاپەرەی ئینستاگەرامی خۆیدا داوای لەلایەنگەرانی كرد، دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكانی ئێران و رێگە نەدەن بەناوی دین مرۆڤەكان كۆمەڵكۆژ بكەن.
ئاریانا، وێنەیەكی ژینا ئەمینی كە چەند رۆژ پێش لەلایەن هێزەكانی بەناو ئەخلاقەوە كۆژرا لەپاڵ وێنەیەكی فەرخندە، ئەو كچە گەنجەی چەند ساڵ پێش لەكابۆل بەشێوەیەكی وەحشیانە كۆژرا و تەرمەكەیان سووتان بڵاوكردۆتەوە و نوسیوویەتی"رێگە نەدەن بەناوی دینەوە مرۆڤەكان بكۆژن".
هاوكات سیتا قاسمی، هۆنەرمەندێكی تری ناسراوی ئەفغانستان بەبڵاوكردنەوەی وینەكانی ژینا و فەرخندە بەتەنیشت یەكەوە، زۆڵم و ستەمی لەبەرامبەر بەژنان لەهەردوو وڵاتدا بەكارێكی رۆژانە بەناو كردوە و تەنیا هەندێ جار لەراگەیاندنەكاندا بڵاودەكرێنەوە.
لەسەر ناڕەزایەتیە بەرفراوانەكان لەئێرانیشدا نووسیوویەتی؛ ئێمە لەپاڵ هەر مرۆڤێكداین كە بۆ بەرابەری ژن و پیاو تێكۆشان دەكات دەبین و پاڵپشتیان دەكەین.
لەلایەكی ترەوە بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژنان لەلاپەڕەی فەرمی فەیسبۆكی خۆیاندا بڵاویان كردۆتەوە كە، حكومەت و رژێمی ئێران، لەدیكتاتۆریەوە بۆ حكومەتی"نفرت"گۆڕاوە كە ئەمەش لەدژی وڵات و ناوچەكەیە.
بەكارهێنەرانی ئەفغانستانی لەتۆیتەر"هاشتەكی ژینا ئەمینی"مەهسا"یان بەسەدان جار بڵاوكردۆتەوە و داوای بەرەنگاری لەبەرامبەر بەرژێمی ئیسلامی و تاڵەبان دەكەن.
هـ . ب