' ژن دەتوانێ هاوتای پیاوان خاوەنکاربێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت'

شەوبۆ یوسف دامەزرێنەری خواردنگەی مەستانە لە شاری سلێمانی، لەبارەی توانای کارکردنی ژنانەوە وتی:" ژنان لەگەڵ پیاوان یەکسانن و دەتوانن وەک خاوەن کارێک سەرکەوتن بەدەستبهێن لەهەر کارێک کە بیانەوێت و ژیانی خۆشیان فەرامۆش نەکەن".

شەوبۆ یوسف بەڕێوەبەری خواردنگەی مەستانە، خەڵکی ناوچەی هەورامانە و دانیشتوی سلیمانییە، لە شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە لە بازاڕی ئاوباریک چێشتخانەکەی دامەزراندوە. لەگەڵ ژمارەیەک ژنی تر وەک هاوڕێ و خێزانێک  پێکەوە خواردنگەکە بەڕێوەدەبەن و خواردنی کوردەواری پێشکەشی سەردانیکارانیان دەکەن.

شەوبۆ یوسف لەبارەی ئەزمونی کارکردنی خۆیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دواو وتی:" ماوەی چەندین ساڵە بێ هیچ جیاوازییەک لەگەل پیاوان کارمکردووە، پێموایە ژنان لەگەڵ پیاوان یەکسانن و پێویستە خاوەن بژێوی و داهاتی خۆیان ببن و بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و هاوکاری خێزانەکانیان بن".

هەروەها لەباری گرنگی رۆڵی خێزانەوە باسی لەوەکرد کە زۆر گرنگە ڕێگری لە ژنەکان نەکەن بۆ کارکردن و هاوکاریان بن تا بتوانن سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن و هەر لەم ڕوانگەیەشەوە وتی:" بۆ من بەشێک لە هۆکاری سەرکەوتن و بەردەوامی کارەکەم پشتگیری خێزانەکەم بوە، ئەوان نەبونە بەربەست بۆم، بەڵکو بوونە هاوکارم تا توانیم بەم ئاستە بگەم."

ئەو باسی لە قورساییەکانی ناو بازاڕ دەکرد بۆ خاوەنکارێکی ژن و دەیوت:" سەرەتای کارکردن لەناو بازاڕدا کەمێک قورسبوو بۆم، لەبەر ئەوەی ژنان کەمتر دەهاتن بەدەم کارەکەوە و منیش دەمویست لەگەڵ ژنان کار بکەم وەک خێزانێک، بەڵام خۆشحاڵانە ئێستە لەگەڵ چەند ژنێک وەک هاوڕێ و خوشکی یەکتر هەموو ڕۆژێک پیکەوە کاردەکەین."

ئەو باسی لەوەکرد کە بنەمای کارکردنی ئەو لەگەڵ کارمەندەکانیدا بە شێوەی هاوکارانەیە و بە پێی گونجان و بارودۆخی هەموان کارەکان ڕیکدەخەن و هەمووان رێزی کار و پێویستییەکانی یەکتر دەگرن.

ئەو لەبارەی گرانی نرخی شتومەک و دروستکردنی قورسایی بۆسەر خاوەن چێشتخانەکان و هاوڵاتییان بۆ ئاژانسی هەواڵیمان دواو وتی:" بەداخەوە لە ئێستادا نرخی خواردنەکان گرانتر بوون و هیچ هەماهەنگییەکیش نییە لەگەڵ چێشتخانەکان، چونکە هەمووان دەڵێن لەسەروی ئێمەوە گران کراوە، بۆیە هەندێ جار ناچار دەبین کەمێک نرخ گران بکەین، بەڵام خۆم هەمو کات هەوڵم داوە نرخەکان هەرزان بن، تەنانەت گەر قازانجیشی کەم بێت، داواش لە خاوەن چێشتخانەکانی تر دەکەم بارودۆخی خەڵک لەبەرچاو بگرن و نرخی گونجاو دابنێن."

شەوبۆ یوسف بەڕێوەبەری خواردنگەی مەستانە باسی لەوەکرد کە ئەو خواردنە کوردەوارییەکان لە خەسویەوە فێر بووە و ڕۆژانە بۆ سەردانیکەرانی وەک میوانی ماڵ چێشت لێدەنێت و گرنگی بە تەندروستی و پاکوخاوێنی خواردنەکە و تازەیی بەرهەمە بەکارهاتوەکان دەدات، سەبارەت بە حەزی کارکردنی خۆشی وتی:" کە دێمە ئێرە هەست بەوە ناکەم بۆ سەر کار هاتوم، وا هەست دەکەم لە ماڵەوەم و خواردن بۆ خیزانەکەی خۆم لێدەنێم و چێژ لە کارەکە دەبینم."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە رۆژانە لەوێ وەک ڕۆتینی خۆراکی کۆمەلێک خواردنی  کوردەواری دروست دەکەن، لەوانە یاپراخ و کفتە و قەرەخەرمان و ساوەر و بریانی و برنژ و مریشک و گۆشت و چەند جۆرێکی شلە، لەسەر داواکاری هاوڵاتییان و ئەوانیش خواردنەکانیان زۆر بەدڵە.

هـ . ب