ژنانی بناری قەندیل دژی گۆشەگیری گردبوونەوە

ژنانی بناری قەندیل دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گردبوونەوە، داوایان کرد هەمووان بەرامبەر گۆشەگیری بەرپرسیار بن.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەرتاسەری جیهان لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەپێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک)، ژنانی بناری قەندیل گردبوونەوە بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ژمارەیەک چالاکوان و وڵاتپارێز بەشداری چالاکییەکە بوون.

ڕاگەیاندراوەکەی ڕژاک، لەلایەن سەروین جەلال خوێنرایەوە. ئاماژە بەوە کرا، دەبێت ژنان بەرپرسیاربن بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. هەروەها سیاسەتی باڵادەستی ئەمڕۆی باشوری کوردستان شەرمەزار کرا.

سەروین جەلال گوتی: "پێویستە تەواوی گەلی کورد و بەتایبەت خەڵکی باشووری کوردستان ئەو ڕاستیە بزانێت کە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیریە بۆ سەر تەواوی کورد، لە ئێستادا کە دوژمن بێوەستان هێرش دەکات، لە بەرامبەردا ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەبات و ئیمراڵی کردۆتە گۆڕەپانی شەڕ و بێ ناوبەر بۆ ئازادیی گەلی کورد تێکۆشان دەکات، دەبێت ئێمەش بە هەموو توانای خۆمانەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بکەین".